قوتابیە زوڵم لێكراوەكانی كوردستان!

16/05/2019

جیهاد محەمەد

 (٧)حەوت قوتابی، كە لەسەر داوای خۆیان ناتوانم ناویان بەرم، ناتوانم ناوی قوتابخانەكە و بەڕێوەبەرەكەیان بهێنم، چونكە لەوە دەترسن هێندەی تر بەر سزای قورسی بەڕێوەبەر و مامۆستاكانیان بكەون!

حەوت قوتابی پار لە پۆلی سێی ناوەندی، كە ئێستا پێی دەگوترێت پۆلی ٩ی بنەڕەتی، یەكی لە وانەیەكدا دەكەون، هەر حەوت قوتابیەكە لە دەوری دووهەمدا دەردەچن و دەگەنە پۆلی دە، واتە پۆلی چواری ئامادەیی. ئەم حەوت قوتابیە تا نیوەی ساڵ لە پۆلی دەدا دەوام دەكەن، هەموویان زیرەكانە تا نیوەی ساڵ و تاقیكردنەوەكانی نیوەی ساڵ دەردەچن. لە پڕ ڕۆژێك لە ئیدارەوە هەر حەوت قوتابیەكە بانگ دەكرێن، بەڕێوەبەر پێیان ڕادەگەیەنێت، كە ئێوە لەو وانانەی تیایدا ئیكمال بوون دەرنەچوون!، بە هەڵە ئێوە پێتانڕاگەیەنراوە كە دەرچوون و ئەم ماوەیە بە هەڵە ئێوە لە پۆلی دەدا دەوامتان كردووە. هەرچەند هاوار دەكەن و دایك و باوك و كەسوكاریان خۆیان دەگەیەنە لای مامۆستا و بەڕێوەبەرەكەیان بێ سوود دەبێت، دەیانگێڕنەوە بۆ پۆلی نۆ. كارەساتەكە لێرەدا ناوەستێت!. لە پڕ ڕۆژێكی تر پێیان ڕادەگەیەنرێت، ئێوە دەبێت بڕۆنە دەرەوە لە قوتابخانە!، چونكە ئەمساڵتان فەوتاوە، وەرناگیرێن، تا ساڵی ئایندە، واتە ساڵی ئایندە بۆیان دەبێت بە دوو ساڵ كەوتن لە پۆلی نۆدا، دیسان لێرەشدا تاوانەكە ناوەستێت؟ تەنانەت مافی ئەوەیان لێ دەسەندرێتەوە كە باسی ئەم زوڵم و ستەمەی خۆیان بكەن و دەردەدڵی خۆیان بكەن لە ڕاگەیاندنەكاندا. 

زۆر هەوڵمدا لەگەڵ ئەم قوتابیانەدا لە ڕێگەی یەكێكیانەوە، كە لەسەر ئەم مەسەلەیە بنووسم و نەیەڵم ئەم مافەیان بفەوتێت و بیكەم بە هەرا لەسەر پەروەردە و مامۆستاكانیان و بەڕێوەبەرەكەیان، دەپاڕانەوە كە شتی وا نەكەم چونكە هێندەی تر دەكەونە بەر ڕق و كینەی مامۆستاكانیان و بەڕێوەبەرەكەیان. ئەم چیرۆكە وەك بیستم قوتابی پۆلی ١٢ەشی گرتۆتەوە، قوتابی هەبووە پێیڕاگەیندراوە كە لە پۆلی ١٢ دەرچووە، چوەتە زنكۆ، لە پڕ لە زانكۆ پێیڕاگەیەندراوە كە دەرنەچووە و بە هەڵە پێیڕاگەیەندراوە كە دەرچووە! گەڕانویانەتەوە بۆ پۆلی ١٢. ئەمانە نەك هەر كارەساتە بەڵكو تاونێكی گەورەیە بەرامبەر بە قوتابیان دەكرێت.

ئەم كارەسات و تاوانە، لە كاتێكدا دەكرێت، كە لە زۆربەی هەرە زۆری سیستمی فێرەگكانی دنیادا كەوتن نەماوە، فێرگە جێگەی زانین و فێربوونە، نەك جێگەی سازا و كەوتن و هەڕەشەكردن. 

سیستمی فێرگە و پەروەردە و زانین لە وڵاتی فنلندەدا، كە پێشكەوتووترین سیستمی فێربوون و زانین و پەروەردەیە، نەك هەر كەوتن نییە، بەڵكو فێرگە خۆشترین و بە تامەزرۆترین جێگەیە بۆ فێرخوازان، كە حەز دەكەن ٢٤ بیست و چوار سەعات لە فێرگەدا بمێننەوە، هێندە تامەزۆرن بۆ ئەو فێربوون و پەروەردیە. ئەمەی بەرامبەر بە قوتابی دەكرێت لە فێرگەكانی كوردستاندا دواكەوتووترین فێرگە قبووڵی ناكات، ئەمە هەمان سیستمی حوجرەكانی ساڵەكانی پەنجاكان و شەستەكانە. 

جیهاد محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە