دووڕیانی دابەش کردن یا چەک کردن!!

16/05/2019

كامەران قازی

چەپکێک بۆسەرخەرمانەی ( گەنجینەی نەتەوەیی کورد).
– بەشی دووەم -
ژینگە:
مرۆڤ خەڵق کرا و بۆ جێگایەک نێردرا، بەپێی دەقە ئاینیەکان و بەپێی لێکدانەوە دنیاییەکەشی، لە جێگایەکدا هێدی هێدی نەش و نمای کرد و گۆڕانکاریی جەستەی تێدا ڕوویدا و بووە ئەوەی کە ئێستا هەیە. هەردوو حاڵەتەکە باس لە ( شوێنی ژیانی ئەم بوونەوەرە ) دەکەن کە پێی دەڵێین ژینگە. بەم پێیە دەبێت ئەو ژینگەیە لە ئاستێکی گونجا و و شیاوی ژیان کردن و مانەوە و گەشەکردنی ئەم بوونەوەرە تازە هاتووەدا، بووبێت.
بە بارێکی ئەم بەسەرهاتەدا دەردەکەوێ کە ئەم تازە هاتووە جێگای بە زیندەواری تر تەنگ کردووە، چونکە هەر زوو بووە سەروەر و سەرداری هەموویان و بەسەریاندا زاڵ و سەرکەوت. وەک شڵەقاندنی گۆمێکی ئارام کە بە فڕێ دانی بەردێکی گەورە تێی، ئەمیش گۆمی ژینگەی زیندەورەکانی تری شڵەقاند و بۆ ئەوان ئەم تازە هاتووە بووە باسی ڕۆژ و هەر زوو لە کردارەکانی وەتەنگ هاتن و ناچار بوون ئەوەندەی دەرفەتیان بۆ ڕەخسابێ، بەرامبەری بوەستنەوە و سنوور بۆ کردەوەکانی دا بنێن و هەندێ جاریش کە برسیان بووبێت، پەلاماریان داوە و خواردویانە.
سەرکەوتنی زیندەوەرەکانی تر بەسەر ئینساندا زۆر سنووردار بوو، چونکە ئەم بوونەوەر نوێیە چەکێکی هەبوو زۆر کووشندە و کارا بوو، کە ئەوان ئەو چەکەیان نەبوو، ئەویش ( هۆش، عەقڵ ) بوو. کەواتە ئینسان بەهۆی هۆشییەوە توانی هەر زوو گیاندارەکانی تر ڕام و دەستەمۆ بکات و لە دڕندەیی هەندێکیان کەم بکاتەوە و تەنانەت نەیانهێڵێ و لەگەڵ خۆی بۆ ماڵەوەیان بەرێتەوە و خزمەتیان بکات و دوایی بیان خوات و ئەوانیش هیچ نەڵێن و بەم چارەنووسە ڕازی بن.
بەپێی دەرکەوتەکانی کاریگەریی ڕەفتاری مرۆڤ بۆ سەر ژینگەکەی، ئێستا زاناکان بەو ئەنجامە گەیشتوون، کە وێرانکردنی ژینگەی ئینسان بەو خێراییە و بەو فراوانییە، لە ساڵەکانی ١٩٠٠ وە دەستی پێکرد و بە شێوەیەکی زۆر کاریگەریش پاش جەنگی جیهانی دووەم و شۆڕشی پیشەسازی کە دەسی خستە ناو دڵی گۆی زەوییەوە و بە پاشەڕۆکی بەرهەمەکانی زەوی و ئاو و ئاسمانی پیس کرد و ژینگەی زۆر لە زیندەوەرەکانی گۆڕی و نابووت کرد، وێرانکردنەکە هێندە خێرا بووە، کە زیندەوەرەکان فریای ئەوە نەکەوتوون خۆیان لەگەڵ مەرج و دەستورە نوێکانی ئەو ژینگە نوێیەی بەسەریاندا سەپێنراوە، بگونجێنن تا بتوانن درێژە بە ژیانیان بدەن، بۆیە ڕوەک گەل و زیندەورانێک لەناو چوون.
ئەوەی پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە، مەترسییەکانی ئەوەی خۆی دەستی پێکرد و هەتا ئێستاش بەردەوامە، ئێستا بەدیارکەوتوون و مرۆڤ لە زۆر لایەن و ناوەند و وەک تاکیش، بە شوێن دۆزینەوەی چارەسەردا دەگەڕێن و ئەمە لە وڵاتانی پیشەسازیدا هەم وێرانییەکە زیاتر بووە هەم گەڕانەکە بەدوای چارەسەردا ڕێکخراوتر و چالاکتر کاری بۆ دەکرێت و زانیاری فراوان بڵاو دەکرێتەوە باس و گفتۆی زانستیانەی لەسەر دەکرێت و خۆپیشاندانی ژینگەیی و ناڕازی بوون لە سیاسەتی ژینگەی بەڕێ دەخرێت.
بە پێچەوانەی وڵاتانی هەژارەوە کە وەک لابراتۆرێک بۆ داهێنانە نوێیەکان بەکار هێنراون و خەڵکەکەشی لەو زانیارییە ژینگەیانە بێ بەشن و زۆر بە فراوانی لە وێرانکردنی ژینگەکەی خۆیاندا هاوبەشن.
بۆیە پەلهاویشتنی زلهێزەکان بۆ دەرەوەی وڵاتانی خۆیان، لە دابینکردنی وزی پێویستدا ناچاریان دەکات بەرنگاری ئەو حکومەتە ناوخۆییانە ببنەوە کە بە جۆرێک سەرپێچی لە سیاسەتی ئەوان دەکەن. حکومەتە ناوخۆییەکان بە زۆری و لەسەرەتای دەسەڵاتەکەیانەوە، پشتیوانی و هاوکاری زلهێزەکانیان هەیە و سیاسەتی دەرەکی ئەم وڵاتانەیە کە زەمینەیان بۆ خۆش دەکەن کە بە دیاریکراوی ئەو دەستە و تاقم کەسە ببنە دەسەڵاتدار، بەڵام بە تێپەڕینی کات و دەرکەوتنی سەرپێچی لێیان و کارکردنی پێچەوانەی ڕەوتی خواستی ئەوان، لە کۆتایدا دەبێتە هۆی پێچەوانە بوونەوەی هاوکێشەکە.
نابێت ئەوە لەیاد بکەین کە هەمیشە هۆکارە لاوازەکانی ناوخۆیە، زەمینەی دەست تێوەردانی دەرەکی ساناتر دەکات، فەرمانڕانی خۆیی کە مەستی دەسەڵاتەکانیان دەبن و دەستەیەکیش کە ژمارەیان کەم نییە لە دەست و پێیاوە دەئاڵێن، ئەو سیستەمە بەرهەم دێنن کە بە دەست تێوەردانی دەرەکی نەبێت، گۆڕانکارییەک دروست نابێت.
گەڕان بەدوای بەرژەوەندی خەڵکی خۆشتا، چ نەنگی و کەمایەسییەک نییە و لە دنیای ئەمڕۆدا واجب و ئەرکی دەسەڵاتی ناو خۆییە، کە ئەوەی باشە و لە پێناوی خەڵکی خۆی دایە دەبێت بیکات و هەمیشە هەوڵی ئەو بدات بە دانێکی کەم، بڕێکی زۆرتر بەدەست بێنێ بۆیان، یا هیچ نەبێت دان و ستاندنەکانی یەکسان بن.
ئەمەش پێویستی بە گەلی هوشیار و سەرانی دڵسۆز هەیە کە لە خۆ بووردوویی بکەن لە پێناوی گشتدا، هۆی هەرە لە پێشی ماڵ کاولیی و پاشکەوتن و مانەوەی وڵاتانی هەژار ئەوەیە، کە فەرمانڕانەکانی، پێچەوانەی ئەمە دەکەن، گەل دەکنە قوربانی  و پەیژە سەرکەوتنی خۆیان و قەڵای بەرگری لە دەسەڵاتەکەیان.
میللەتی ئێمە و ئەوانەی وەک ئێمەن پێویستیان بە کەسانی دڵسۆزی لێزان هەیە، دوو خەسڵەتی گرنگ، کە دڵسۆزیی بەتەنیا ناتوانێت کارەکان پێش بخات بە بێ لێزانی، لێزانیش ئەگەر دڵسۆزیی لەگەڵدا نەبوو، خۆپەرستی و گیانی خۆویستیی زاڵ دەبێت بەسەر زاناکەدا و مەگەر لە جێی دڵسۆزی یاساگەلێکی توند، ناچاری بکەن، کە ئەوەی دەیزانێ لە پێناو بەرژەوەندی گشتدا بیخاتە گەڕ. لێزانییەکە پلەی یەکەمی هەیە، چونکە نەبوونی دڵسۆزیی، بەیاسای توند چارەسەر دەکرێت، بەڵام نەزانین و هەبوونی پۆستێکی گرنگ کاولیی و نەهامەتیی بۆ نەتەوەکە بە دیاریی دێنێت. ئەوەش دەپات و زیاتریش بۆتەوە و بینراوە و لە نیشتمانی خۆماندا دەیبینین.  ئەمە کاری دەسەڵاتە بەڵام دەسەڵات مەستی دەسەڵاتەکەیەتی!!.
نموونەیەک بۆ ژینگەی کوردستان:
هەموومان دەزانین کە ئاو سەرچاوەی هەرە گرنگی مان و ژیانمانە، لە نە بوونیدا هەوڵی بۆ دەدەین و دەپارێێنەوە و نوێژی هاتنی دەکەین، سەرچاوەی یەکەمی ئاویش بارانە، کەواتە باران نیعمەت و دیارییەکی گەورەیە و لە ئەدەبیاتی کوردیدا پەسەند و خۆشەویستە و گۆرانی بە باڵایدا وتراوە و جەژنی بۆ دەگیرێت و خۆشمان دەوێت.
بەڵام بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ژینگەییەوە یا ئەسڵەن هەر نەبوونی پلان و سیاسەتێک بۆ ئەم نیعمەتە گەورەیە، هاتنی بەتاوی و بەردەوام بوونی بۆ ماوەیەک کارەسات و ماڵ کاولیی لێ دەکەوێتەوە و ڕەنگە لە باتی بەخێر هێنانی نەفرەتی بکەین و بی بوغزێنین. سەیرە سەرچاوەی ژیانی خۆمان نەفرەت بکەین، ئەی بۆچی ڕەفتار و سیاسەتی ژینگەیی و بێدەربەست بوونی خۆمان نەفرەت نەکەین، کە پێمان وابێ ئەوەی لە ژێر پێماندایە و ئەوەی بەسەر سەرمانەوەیە، هەر بۆ ئەوەیە کە خواستە نابەجێکانی ئێمە بەدی بێنێ و ئیتر ئەو حەقی ژیانی نییە؟!! لەیادمان چۆتەوە زەویش بۆ ئەوەی بژی و هەناسە بات و بەخیومان بکات، پێویستی بە خۆشەویستی و ئاگاداری و دڵنەوایی و خەمڵاندنە، درەختیش وەک منداڵ دەبێ پەروەردە بکرێت و نازی بکێشرێ و لە مەترسییەکان بپارێزرێت. ئەمە کاری دەسەڵاتە بەڵام دەسەڵات مەستی دەسەڵاتەکەیەتی!!.
 گەورەترین مەترسیش بۆسەر ژیانی خاک و ڕوەک ئێمەی مرۆڤین، دەنا هەموو بەشەکانی  گەردوون لە سیستەمێکی دامەزراوی هاڕمۆنیکداری فرە بەرزی ڕێکخستندا وا لە ژیان و پەیوەندیدا، ئەوەی ئەو سیستەمە سەرسوڕهێنەرەی کەلێن تێخست و ژیانە ڕێکخراوە گەردوونییەکی تا ڕادەیەک شیواندوە، ڕەفتاری مرۆڤە، چۆنێتی ژیانی ئەوە، پاشەڕۆکی پلاستیکی و خانوو بەرەی عەجیب و ناپێویست و بەکار هێنانی ماددەگەلی مەترسیداری بەرهەمی ئەوە.

کارخانە گەلێک کە ئاسنە شکاوی ژهراوی بوو بە تیشکی ئەتۆمی و ماددەی کیمیاوی نەخۆشی هەڵهێن بەرهەم دێنن، وەک قارچکی بەهار لەو خاکە پڕ لە گەوهەرەدا هەڵ دەتۆقن و پاشەڕۆکی ژاراوی نەوتی ڕژاو بۆ ناو دڵی زەوی و ئاوی کوردستان ژیانی ئەو بەشە و ژینگەی ئەو بەشە لە نەتەوەی کوردیان کردۆتە ژینگەیەک بۆ مەرگێکی لە سەرخۆ. 

تەماشایەکی سەربانەکانی گوندە نازدارەکانی باشووری کوردستانی ئێستا بکەن، زەمانێک بوو باگردێنی دار و ڕایەڵەی دار و دینگە و کۆڵەکەی دار لەگەڵ دیواری لە خشت یا بەرد و قسڵی سپی و ڕەنگی ناو ژوورەکان کە هەر لە گڵی سپی بوون، شوێن نیشتەجێەکی تەندروست و گونجاویان لەگەڵ سیستەمە گەردوونییەکە پێک دەهێنا، ماددەکان دژ بەیەک نەبوون، لەگەڵ یەک هەناسەیان دەدا و خاوەن ماڵیشیان شاد و تەندروست دەکرد.
وەلێ ئیستا هەر نایلۆن و پلاستیکی  شینە هەناسەی لە خاک بڕیوە و بۆتە ڕێگر لە نێوان گڵ و بەرد و داردا بۆ دروستکردنی پەیوەندی بە سیستمە گەردوونییەکەوە، تەنانەت ئەگەر وەک ڕەنگیش تەماشای بکەیت، فرە نەشاز و بێسەلیقەیی تەواوی پێوەدیارە و وەک ( نامۆ) یەک هارمۆنی ڕەنگی سروشتی کوردستانی شیواندووە.
هەژاریی هۆشیاریی  ژینگەیی و سیاسیی و لە کۆتایشدا ناچاریی مرۆڤی کورد بۆ بوونی سەرپەنایەک، هێدی هێدی ژینگەی نەوەیەک و چەندین نەوەی تر وێران دەکات. ئەوە ئەرکی یەکەمی دەسەڵاتە کە ژینگەیەکی ساغی فیکریی و دەروونی و نیشتەجێ بوون بۆ هاوڵاتییەکانی بسازێنێ، بەڵام دەسەڵات سەرگەرمی خۆیەتی و خیزبەکان فکر و ژیانی خەڵکەکەیان بە خۆیانەوە مەشغوڵ کردوە و کۆتاییەکەی ئاشکرایە کە دیواری خوار دەڕمێ و پینە و پەڕۆ هەڵدەوشیتەوە.
ئاین:
کە لە بنەڕەتدا وەک ڕێنماییەکی دەروونی بۆ هێورکردنەوە و پەروەردەکردنی ڕۆحی مرۆڤ نێردراوە یا هاتۆتە بوون، ئێستا پاش ئەو کەڵەکە بوونانەی لێکدانەوەکان بۆی، خۆی بۆتە هۆیەک بۆ شیواندن و سەرگەردان بوونی ڕۆحیی مرۆڤەکان، ڕاستە پەیامەکە هێندە گەورە و گەوهەرییە کە هەڵدەگرێت لێکدانەوی فراوانی بۆ بکرێت، بەڵام هیچ لایەنێکی ئەم پەیامە ئاینیانە، مۆڵەتی  نابووت کردن و وێرانکردنی ئەو بەرهەمە تاقانە و فرە بەنرخەی یەزدانیان، بەهیچ دەسەڵاتێکی مەعنەوی و ماددی نەداوە!!! ئەوە لێکدانەوەکانی مرۆڤ خۆین، کە زۆر جاران ئاوێنەی هەڵگەڕاندنەوەی خواستی دەروونی و پێوستییە دنیاییەکەشێتی، ئەو مۆڵەتە بە خۆی یان کەسانی تر دەدات، کاری ناشایستە بەرانبەر بەو گەوهەرە یەزدانییە بکات و لە پلەی هەرە باڵای سەروەرییەوە ( کە فریشتەکان سوجدەی بۆ دەبەن ) دایبەزێنێتە ناو قوڵایی شەرمەزاریی و ڕوو ڕەشییەوە بە ڕەفتارە نا بەجێکانی...
ئەوی ئاین داوای کرد و بەردی بناغەی بیروباوەڕەکە بوو ( واتە لێ بووردن و چاکە کردن) ئێستا بە تەواوی پێچەوانەکەی
( واتە تۆڵە سەندنەوە) ئەنجام دەدرێت و لە رۆح و هۆشی گەنجاندا ئەو لایەنە هان دەدرێت، بە پێی لێکدانەوەکانی زۆرینەیەک لە سەرانی ئاینیی لە دونیای ئەمڕۆماندا، کە بەهۆی دنیاپەرستیی و  بۆ گەیشتن بە خۆشگوزەرانیی دنیایی!!!، لە داوێنی دەسەڵاتەکان نزیک بوونەتەوە و بەو جۆرە فتوا دەدەن کە دەربارەکان گەرەکیانە یا خۆیان بوونەتە دەسەڵاتی ڕەها، بۆیە سەرهەڵدانی گروپ گەلی یەک لە دوای یەک بە ناوی جوداوە بەڵام لە ژێر هەمان ئاڵادا، ئاڵای ئایندا لە ژماردن نایەن و تاکو دێت توندتر و رەقتر و ڕەفتارەکانیان لە پەیامەکانی یەزدان دورتر و دورتر دەکەونەوە، وا پێدەچێ ڕۆژگارێک بێت کە ژمارەی ئەو گروپانە بە ئەندازەی ژمارەی فتوا و لێکدانەوەکان زیاد بکەن.

زەمینەی زۆر بۆ سەرهەڵدان و دروست بوونی گروپەکان هەیە، کە بەڕای من هەم لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا و هەم لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکاندا، لەو خاڵەدا هاوبەشن کە دروست بوونیان ڕەنگدانەوەی بارە کۆمەڵایەتی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانن لەو کۆمەڵگایانەدا ( باری سیاسی، ئابووری و خێزانی و ئاینی و...هتد). زەمینەکەش لە ڕۆژهەڵات فراوانتر و لەبارترە بۆ دروست بوون و زوو گەشەکردنیان لە ڕووی ژمارەی ئەندامەکانیانەوە، ئەوەش هۆی خۆی هەیە و ناچینە ناو ئەو وردەکارییانەوە.....
بەشی سێیەم و کۆتایی
سەرهەڵدان و توند بوونەوەی ڕەگەزپەرستی  و
لێکدانەوە لەسەر کورد و ئاین و ئەوەی کە ڕوویدا کە گرنگە تێی بگەین


سەرنج/ دەزگای پاراستنی سروشتی سوید و هەروەها ڕێکخراوی جیهانیی پاراستنی سروشت لقی سوید
http://www.naturvardsverket.se
https://www.wwf.se

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە