پەلامار؟!

16/05/2019

محه‌مه‌د عه‌لی


زۆر سەیرە دکتۆرات لە زانستی سیاسی ھەبێت و سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی کوردستان بیت، بەڵام: 
یەکەم: بەزمانی نەسیحەت و ئامۆژگاری بنوسیت، کۆمەڵێک ڕستەی گشتی ڕیزبکەیت و ئینشائیانە بدوێیت. 
دوەم: خۆت لێبوبێت بە ئۆشۆو غاندی و ڕەخنەو ناڕازیەکانی دەنگدەران و لایەنگرانی بزوتنەوەکەت، بە زمانی (پەلامار و پیس) وەسفبکەیت. 
سێیەم: سیاسەت ململانێیەو ئەم شێوازە لە وەڵامدانەوە زۆر بێماناو چەواشەکارانەیە. 
چوارەم: تەنھا مەسەلەی شەھادە لە فەزاحەتی تێپەڕاندنی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم زەقبکەیتەوەو ھەمو کەلێن و نوقسانیەکانی تری یاساکە فەرامۆشبکەیت. 
پێنجەم: لەھەموشی کارەساتتر یەکێکبیت لە ئەندازیارانی تەسلیمبونی گۆڕان بەپارتی و بەخێزانیکردنی بزوتنەوەکە، بەڵام بەزمانی زاھید و فریشتە بدوێیت و پێتوابێت (پەلامار )دەدرێیت! 
شەشەم:. جەنابی سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ئێستای لیژنەی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: بەکارھێنانی وشەی پەلامار لە ململانێی سیاسیدا زۆر ھەڵەیەو ناھەقیەکی گەورەیە بەرامبەر نەیارەکانت. ھاوکات لەزمانی کوردیدا، پەلامار زیاتر بۆ ئاژەڵ بەکاردەھێنرێت نەک بۆ مرۆڤ جەنابی مامۆستای پێشوی زانکۆ! 
حەوتەم: زۆر بەسادەیی و کورتی و کوردی: وەک (شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ) مەکەن و چیتر سەروەریەکانی ڕابردومان بۆڕیزمەکەن. زۆربەی ھەرە زۆری داتاو زانیاریەکان و واقیعیش پێماندەڵێت: ئێوە لاتان داوە لە پرنسیپەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و پەشیمانبونەتەوە لە زۆربەی قسەو بەڵێنەکانی ڕابردوتان. بۆ ئەم کارەشتان: روبەروی ناڕەزایی و گلەیی و ڕەخنەیەکی زۆری ناوخۆیی بزوتنەوەکەو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگاو دەنگدەرانتان بونەتەوە. بۆئەم واقیعە نوێیەش، دەتوانن تۆمەتی تر دانەتاشن بۆ نارەزایەتیەکان جەنابی سەرۆکی فراکسیؤن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی