ئۆفەرەكانی شاسوار عەبدولواحید!

18/05/2019

ئیبراهیم عەباس

دواكەوتنی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید پەیوەست بوو بەو هەموو تەنازولات و ئۆفەرانەی ناوبراو بۆ سەركردە باڵاكانی یەكێتی پێشكەش كردو هیچیشیان فریای نەكەوتن، چونكە بێ متمانەیی گەیشتۆتە ئاستێك چیتر سەركردەكانی یەكێتی بەخۆیەوە نەگرن و ئاماژەكان بۆ ئەوە ئەچن رەنگە لێرە بەدوا لەپەنای ئەو و ئەم سەركردەی یەكێتی نەتوانێت خەریكی لوعبەو لوعبەكاری بێت.

زانیاری وردو جێگای بڕوام لایە كە شاسوار عەبدولواحید كەسێك ئەنێرێتە لای پاڤێڵ تاڵەبانی و ئۆفەری ئەوەی ئەخاتە بەردەست، ئامادەیە لەگەڵ یەكێتی رێكبكەوێت بەمەرجێك ستافی نووسینگەكەی كە لای ئاسایش دەستگیركراون ئازاد بكرێن و ئەو مەلەفە لەدادگا دابخرێت، ئەویش لەبەرامبەردا فراكسیۆنەكانی لە ئەنجومەنی نوێنەران و پەڕلەمانی كوردستان هەڵئەوشێنێتەوە، پەڕلەمانتارەكانی نەوەی نوێ ئەخاتە خزمەتی یەكێتی و nrt هێورئەكاتەوە، بەڵام تاكە وەڵامی پاڤێڵ تاڵەبانی ئەوە بووە، لە بەردەرگای سەرا رێككەوتنی لەگەڵ ئیمزا ئەكات! ئەمەش وەكو وەڵامێك بۆ لێدوانەكەی شاسوار كە وتی كوڕانی تاڵەبانی وەكو مفەوز شەماڵ لە بەردەرگای سەرا هەڵئەواسرێن.

ئۆفەرێكی تری شاسوار عەبدولواحید لەرێگای سروەی خوشكی بووە بۆ د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، كە داوای كردووە كاك بەرهەم ببینێت و لەگەڵیدا بەڵێنی ئەوە ئەدات، فراكسیوۆنی نەوەی نوێ و هەرچی چالاكی حزبیان هەیە لە بەغدا ئەیخەنە خزمەتی یەكێتی و كاك بەرهەم، بەڵام نە داوای بینینەكەی قبوڵ كراوەو نە داواكارییەكانیشی، وەڵامی راشكاوانەی كاك بەرهەم ئەوە بووە ئەو پرسە پەیوەندی بەدادگاو ئاسایشەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەكی بە ئەوەوە نییە.

دوای هەوڵی شاسوار لەرێگای كەسێكی دەسترۆیشتوی ناو یەكێتی بووە، كە پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بووە، بەسروە عەبدولواحیدا هەموو موافەقەیەكی شاسوار بۆ سەركرەكانی یەكێتی نێردرواوە، تەنانەت سروە داوای كردووە گەر ئەوان متمانەیان بەشاسوار نییە ئامادەیە خۆی هەر جۆرە رێككەوتنێك یەكێتی بیەوێت بەناوی شاسوارەو ئیمزای ئەكات، تەنها لەو پێناوەی ئەو كەیسەی لەدەستی ئاسایش و دادگایە دابخرێت، بەڵام ئەوەش دادی نەداو سەرئەنجام و لەناچاریدا خۆی رادەستی ئاسایش كرد!

بالەوە بگەڕێن كە بپرسین ئەو هەموو تەنازولە گەورەیە بۆچی لەشاسوار عەبدولواحیدەوە ئەكرێت و بۆچیش ئەو هەموو ئۆفەر ئەخاتە بەردەست سەركردەكانی یەكێتی، بەڵام با پرسیارەكە ئەوە بێت بەراست ئەو كوڕە نازدارەی سلێمانی كە دە ساڵە لە هیچەوە كراوەتە بزنسمان و سەرمایەدارو دواتریش سیاسی و خاوەن حزب، بۆچی ئیتر كەس بەخۆیەوە ناگرێت و كەس بەرگری لێناكات؟! بەراست ئەم دۆخە تاكەی بەردەوام ئەبێت و ئایا سەرئەنجامیش خاترانە تێكەڵی كەیسە ناكرێت و باجی هەڵەو تومەتبەخشینەوە رێكخراوەكانی ئەدات؟!

پرسیارێكی رەواتر، بەراست شاسوار عەبددولواحید بۆ بەتەنها بەجێ ماو لە سرەوەی خوشكی بترازێت بۆچی كەسی بەدورەوە نەماو حزب و فراكسیۆنەكانی پشتیان لێكرد؟ ئەی بەراست بۆ نەپرسین پێشتر گەر رۆژنامەنووسێك ئەگیرا، بەسەدان رۆژنامەنووس و ئازادیخواز و دەزگای راگەیاندن بەرگریان لێ ئەكرد تا ئەو رادەی كەیسەكەی ئەبووە كەیسی خەڵك و رای گشتی؟ و بەم هۆیەوە كەسەكە ئازاد ئەكرا. ئەی خێرە بەرگرییەكی ئەوتۆ لە كاكە شاسواری خاوەنی nrt ناكرێت؟ هەرئەوەندەشنا زۆرن ئەو هاوڕێ و رۆژنامەنووسانەی لەسەر تومەت و ناوزڕاندن  سكاڵایان لەسەر شاسوار تۆمار كردووەو داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی ئەكەن.

ئەی بەراست ئەو هەموو خۆ بەپاڵەوان كردنە لەشاشەی nrt یەعنی چی و ئەو هەموو تەنازلات و ئۆفەر ناردنە لەژێرەوە بۆ یەكێتی لە پێناوی چی؟!

ئیبراهیم عەباس

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی