شاسوارو هەڕەشەكانی

18/05/2019

هونەر حەمەڕەشید

با واز لەو گومانانە بهێنین، كە زۆر باس دەكرێت شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، بوكەڵەی دروستكراوی چەند لایەن‌و كەسایەتییەكە بۆ كەرتكردنی دەنگی ناڕازی‌و ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی كوردستان.

وای دادەنێین شاسوار بەراستی خۆی بەویستی خۆی حیزبی دروستكردووەو دەیەوێت ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز بێت، بەرانبەر دەسەڵاتی پارتی‌و یەكێتی‌و بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم‌و گۆڕانكاری بكات.

بەڵام لێرەدا پرسیار گەلێكی گرنگ دێنە پێشەوە، كە ئەویش ئەوەیە، شاسوار ئەگەر بۆ دژایەتی دەسەڵات حیزبی دروستكردووەو دەیەوێت پارتی‌و یەكێتی لەدەسەڵات بهێنێتە خوارەوە، ئەی بۆ نەیتوانی تەنیا خۆی‌و هاوڕێكانی لەو دەسەڵاتە بپارێزێت؟ یان ئەگەر شاسوار نەتوانێت خۆی‌و دەوربەرەكەی بپارێزرێت، چۆن دەتوانێت، خەڵكی لەژێر ستەمی پارتی‌و یەكێتی بپارێزێت‌و رزگاریان بكات؟

ئەوەتا شاسوار نەك خۆی‌و هاوڕێ نزیكەكانی پێ‌ نەپارێزراوە، سەرەڕای هەموو ئەو هەڕەشەكانەی لەدەركەوتنەكانی دەیكرد! زانیاری هەیە چەندین ئۆفەری خستووەتە بەردەم دەسەڵاتدارانی یەكێتی بۆ ئەوەی رێككەوتن بكەن بەداخستنی دۆسییەكەی، كە ئەوە گومانەكانی سەر سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ زیاتر دەكات، بەوەی دروستكراوی ئەملاو ئەولایە.

هەندێك كەسیش دەڵێن، دۆسییەكەی شاسوار عەبدولواحید، دۆسییەكی سیاسییەو هیچ پەیوەندی بەیاساوە نییە، بەڵام گرنگە ئەوەش بوترێت، شاسوار سیاسەتی كردووەو دەبێت رووبەڕووی سیاسییەكان ببێتەوە بە بەهێزی، جا هەرچی بەسەردا بێت‌و هەر فشارێكی لێبكرێت، نابێت سازش بكات، بۆ ئەو دەسەڵاتەی خۆی بانگەشەی رووخانی دەكرد.

لەبیرمانە شاسوار عەبدولواحید، هەڕەشەی لەداردانی كوڕانی تاڵەبانی‌و بارزانی دەكرد، كە نەك ئەوەی بۆ نەكرا، چەندین جار دەستپێشخەری بۆ كوڕانی تاڵەبانی كردووەو چەندین سازشی ئابڕووبەرانەشی بۆ كردوون، لەگەڵ ئەوەش هیچ گوێی لێنەگیراوە.

ئێمە پێمانوایە، كە شاسوار عەبدولواحید، شاسوار بۆ ئەوە رێگەی سیاسەتی گرتە بەر، ویستی وەك ئەوەی چۆن، سوودی لەخراپی یاسای وەبەرهێنانی هەرێم وەرگرت‌و لەرێگەی چەند كەسێكی حیزبی بووە ملیۆنێر، ئاواش لەو فەوزا خراپەی گۆڕەپانی سیاسی هەرێم سوود لەسیاسەت وەربگرێت‌و ببێتە شتێك لەداهاتوو، بەڵام لەمەی دووەم نەیپێكاو ئێستا قووڕی بۆ خۆی‌و ئەوانەش گرتووەتەوە دوای كەوتوون.

لەبارەی چارەنووسی شاسوار عەبدولواحیدیش پێمانوایە، كۆتایی هاتووە، بەوەی ناتوانێت متمانەی خەڵكی بەدەستبهێنێت‌و كۆتایی بەژیانی سیاسی‌و ئەو خەزێنە ئابوورییەی دێت، كە ساڵانێكە دروستی كردووە.

هونەر حەمەڕەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی