دووڕیانی دابەش کردن یا چەک کردن!!

19/05/2019

کامەران قازی

چەپکێک بۆسەرخەرمانەی ( گەنجینەی نەتەوەیی کورد).
– بەشی سێیەم – 
لە دوو بەشی بڵاوبۆوەی ئەم وتارەدا، سێ هۆی کاریگەرمان بۆسەر رەوشی ئێستای دنیا بەتایبەت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و دوو بابەت ماوون کە بریتین لە ڕەگەزپەرستی ( ڕەیسیزم و ئاین ). 
ڕەگەزپەرستیی ( رەیسیزم):
رەگەزپەرستی چییە؟ و
مێژووی سەرهەڵدانی

راسیزم چییە؟
ڕەیسیزم Racism : ( لە کوردیدا بە ڕاسیزم و هەڵگری بیرەکەش بە ڕاسیست دێنە گوتن): بریتیە لە سیستەمێک لە ( باوەڕ) و ( کردار) لەسەر بناغەی جیهانبینی و مرۆڤبینیی * و ئایدیۆلۆجییایەکی تایبەت بنیات نراوە، کە پێی وایە مرۆڤەکان، بەپێی رەنگی پێست و جیاوازی دیاردە کلتورییەکانیان وەک داب و نەرێت،  زمان، ئایین و مێژوو جیاوازیان هەیە و رەگەزێک لە رەگەزێکی تر لەبان ترە. 
ئەم تیۆرییە، باس لە پەیوەندی (رەگەز) دەکات لەگەڵ  ئەو دیاردەکلتوریانە و هەر لەسەر ئەم بنەمایە مرۆڤایەتی دابەش دەکات، بە چاکتر و خراپتر، سەرووتر و خوارتر، بۆ نموونە، ئەوان دەڵێن: دەستی قەدەر سپی پێستی خاستر خوڵقاندووە لە رەش پێست، لەبەر ئەوە سپی پێستەکان دەبێت سەروەر بن و رەشپێستەکانیش کۆیلە و نۆکەریان.
مێژووی سەرهەڵدانی:
مێژووی راسیزم لە سەردەمی نوێدا دەگێڕنەوە بۆ تیۆرییەکانی  ژوزێف ئارپەر دی گۆبینۆ- فرانسایی *
 Joseph Arthur de Gobineau ١٨١٦- ١٨٨٢.

بەڵام یەکەم لێکۆڵینەوەی جدی لەسەر ( باشتربوونی رەگەزێک لە رەگەزێکی تر)، لەلایەن هێرمان لیوندبێری* Herman Lunderg سویدییەوە ئەنجام دراوە لە پەیمانگایەک لە زانستگەی ئیوپسالا. پەیمانگەیەکی تایبەت بە ناوی پەیمانگای راسبایۆلۆجی ساڵی ١٩٢٢ لەلایەن پەرلەمانی سویدەوە بڕیاری لەسەر درا و لە زانستگەی ئیوپسالا کرایەوە، ناوی تەوای پەیمانگاکە بریتیە لە ( پەیمانگای حکومەت بۆ راسبیۆلۆگی Statens Institut för rasbiologi). 

ئەمەش پڕۆژەیەکی هاوبەشی سیاسەت مەداران و لێکۆڵەرانی رەگەز بوو لە ساڵی ١٩٠٩ وە کە دوو ئامانجیان هەبوو، یەکێکیان دروستکردنی ئەو پەیمانگایە بوو کە دروستکرا، دووەمیان دەرکردنی یاسای ( خەساندن) بوو کە ئەویش ساڵی ١٩٣٤ بڕیاری لەسەر درا، بۆ پارێزگاری کردن لە بەپاک مانەوەی ڕەگەزی ئاری دا.
 
ئەو لێکۆڵینەوەی  لەسەر (نەتەوەی سام – سامەکان و ئەوبەشە لە فینلەندییەکان کە لە ناوچەی تورنێ داڵ دەژین و خەڵکی رەسەنی ئەم ووڵاتەن) کردووە،  لە ڕێگای پێوانەکردن، وێنەگرتن و بەراوردکردنی روخساری ئەو خەڵکانەوە، لە ئاکامدا مێتۆدێکی نوێی داهێنا، کە بە (راس بایۆلۆجی Race biology) ناسراوە و گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە دژایەتی زۆری تێکەڵکردنی رەگەزەکانی کردووە. 
لە سەرەتادا بە نهێنی ولەکۆتایشدا بە ئاشکرا ستایشی ‌هێتلەر و کردەوەکانی دەکات. لێکۆڵینەوەکانی هێرمان لیوندبێری  سویدی لەلایەن گرووپی ( ئێس ئێس )(   SS-Schutzstaffel) شوەیتزستافڵ – گروپی پاراستن – سەر بە حیزبی نازی - وە  زۆر ستایش کراوە و وەک بەرنامەی پەروەردەیی نازیزم، سوودیان لێوەرگرتووە. شایانی باسە کە دەرکەوتووە، هێتلەر ماوەیەک لەم پەیمانگایە دەرسی خوێندووە، بەر لەوەی ببێتە ئەوەی کە بوو.
کەواتە بەپێی ئەم کورتە باسانەی سەرەوە، بۆمان دەردەکەوێت، کە راسیزم، سیستەمە، بەرنامە و بنەمای خۆی هەیە و دەخرێتە بواری پراکتیکیەوە، هەروەک خوێندوومانەتەوە و لە فیلمەکاندا دەیبینین، بۆ نموونە چۆن لە ئەڵمانیا حیزبی نازی سوودی لەم تیۆریی و مرۆڤ بینییە وەرگرت و لەسەر نەتەوەی جولکە، جێ بەجێی کردن.
لەبەر ئەوەی کە راسیزم ( رەگەز پەرستیی)، بەوشێوەیە مرۆڤەکان پۆلێن دەکات، کەواتە دەبێت بۆ پراکتیزەکردنی بیروڕاکانی دەسەڵات و هێز بەکار بێنیت، دەبێت خاوەن دەزگای سەربازی و تفاقی شەڕ بێت، چونکە ئەو ڕەگەزانەی کە ئەمان بە ( کەمتر) تەماشایان دەکەن وا بە سانایی مل بۆ خواستەکانی ئەوان نادەن و لە ئاکامی ڕەفتاری راسیستانەی ئەواندا پێک هەڵپژان و سەرپێچی ڕوودەدەن.
ئەگەر مرۆڤ بیتوانیایە چۆن کراسێک هەڵدەگێڕڕێتەوە و دیوی ناوەی دەردەکەوێ، خۆمان هەڵبگێڕایەوە، ئەوا کەس کەسی نە دەناسییەوە، چونکە ناوەوەی هەموومان وەک یەکە، کەواتە خۆی لە بنەڕەتدا فلسەفە یا بیرۆکە یا هەر ناوێکی تری هەبێت، ڕەگەزپەرستیی بناغەیەکی پوچی هەیە، چونکە زیاتر لەسەر ڕەنگی پێست و هەندێ وردە جیاوازیی کلتوریی بانگەشەکەی خۆی بنیات ناوە.
 جیاوازییەکان لە نێوان مرۆڤەکاندا لە شتی تر دان کە هەمووی خێرن و بۆ بە شەرییەت تەنانەت مایەی شانازین و جێگای سپاسکردنن. ئەویش جیاوازی فەرهەنگیی ( کلتوریی) میللەتانی جیهانە، کە بۆتە هۆی ئەوەی مرۆڤ بتوانێ باشتر یاساکانی گەردوون بناسێ و لە بزوتنی گەردوون و پەیوەندی یاساکان پێکەوە و پەیوەندیان بە ژیانی زیندەروەرەکانەوە لە ناویاندا مرۆڤ،  شارەزا بێت  و بە مرۆڤەکانی تری بناسێنێ ، ئەمە خاڵی هەرە گرنگی جیاوازی نێوان گروپە ئینسانییەکانە کە سەرتاسەر خێر و میهرەبانی و فەڕ و مایەی شادمانییە. 
چونکە زیندوو بوونی سروشت ( یانی ئەگەر مانایەکی هەیە و لێکدانەوەیەکی بۆ کراوە و لەبارەیەوە نووسراوە و ڕەنگدانەوەکانی جوانییەکەی بوونەتە ئەو باراستاییە مەزنە لە هونەر، ئەوە بەهۆی مرۆڤەوەیە) ئەو مرۆڤەی کە بیرمەندی ڕابەرمان مامۆستا مەسعوود لەبارەیەوە دەڵێت: 
"مرۆڤ هەر چەند لە پلەی زێدە کز و بەرەژێری تێگەیشتن و بە خۆنازین و رەفزی بەندەیی دا بێت دیسانەوە هەرخۆی تاکە کاریگەری مێژوو وکۆمەڵایەتییە و بێ ئەو ڕووت و ڕەجاڵەی کە جارێکیان دەبێتە میری سەربڕ و جارێکیشیان پێڵاوی ئاغا و شێخ و ڕابەری سیاسی ماچ دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە چرای زانست و داد و شەرافەت هەڵدەگرێت، بێ ئەو مەخلووقە هەرچی سروشت هەیە گیانی شانازیی و نرخی بەرز و ئیبداع و دۆزینەوە و داهێنان دەدۆڕێنێت و دەبێتە قەپیلکی حەتاڵ و بەتاڵ." *
راسیزم وەک لەو سەرەتایانەی ساڵانی ١٩٠٠ تەکاندا بڵاو و کاری لەسەر دەکرا و دەزگای لێکۆڵینەوە و بڕیاری حوکمیی بۆ دەدرا و بووشە هۆی ڕشتنی خوێنی دەیان ملیۆنان کەس لە وڵاتانی ئەوروپا و دەروەوی ئەوروپادا، بەو ڕەنگە نەماوەتەوە و بەیاسا قەدەغەکراوە و لێپرسینەوەی لەسەر دەکرێت، بەلام ڕەنگ و ڕوخسارێکی تری وەرگرتووە، کە ئێستا خۆی لە ڕەفتاری دژایەتی کردنی بێگانەدا دەبینێتەوە، کە ئەمەش هۆی نابەجێ و هۆی بەجێ و لۆجیکیشی هەن. ئێستا دژایەتی کردنی ئاینی و بەریەک کەوتنی کلتورەکان زیاتر زەق و لە بەر چاوانن کە بە سەرەتایەکی توند و ڕەفتاری ڕەق دەستیان پێکردووە و بەردەوامیان هەیە، بەڵام تەنانەت لە ئەوروپا ( بە نمونە سوید) ئەوەش ناشاردرێتەوە ( لەبەر هەبوونی ئازادیی بینینی بەڵگە ڕەسمییەکان)، کە ئەم جۆرە لە ڕوانین و بۆچوونانە لەناو دەزگای پۆلیس و دەزگای دادوەریشدا ڕەنگە ببیرێن.
نموونەیەک بۆ ئەوە: کتێبی ( سێ برا) کە باس لە دادگایی سێ برای کوردی باکووری کوردستان دەکات، کە هاوبەشی کوشتنی کەسێک دەبن، ئەم کتێبە لە لایەن هەردوو ڕۆژنامەنووس (کرستیان هۆلمێن و دیک سوندێڤال)* وە نووسراوە و چیرۆکێکی راستەقینەی ئەو ڕووداوی کوشتنەیە، کە بریتیە لە پێداچوونەوە بەهەموو ئەو بەڵگانەدا کە لەلایەن پۆلیس و لە دادگادا دژیان بەکار هاتووە، کتێبەکە ئاماژە بە بوونی ئەو بۆچوونە ( دژایەتی کردنی بێگانە) دەکات کە پێش دێت و ڕەنگە لەلای پۆلیس و دەزگای دادوەریی ببنە لایەنێکی بیرلێکراوە لەکاتی سزادانی ئەو بێگانانەی کە تاوانێک دەکەن، بەتایبەت کوشتن، واتە لە باکگراوندی بیرکردنەوەی پۆلیس و دادوەرەکاندا، ڕەنگە پێش داوەریەک هەبێت، لەبەر سویدی نەبوونی تاوانبارەکان، ئەمە زۆر کەمە، بەڵام وەک ئەگەرێک، باسی بوونی دەکرێت.
ڕاسیزم و کورد و نەتەوەکانی تری ڕۆهەڵات 
بەڵام: رەگەزپەرستیی و بچووک کردنەوەی گەلانی تر و گاڵتەکردن بە فەرهەنگ و زمان و داب و نەرێتی گەلان، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی چەند نەتەوەیین و نەتەوەیەک سەردەستە و هەموو ئامێرەکانی پێویست بۆ زیندوویی نەتەوەیەکی لە دەستی خۆیدا کۆکردۆتەوە، لەو وڵاتانەدا رەگەزپەرستیی وا لە لوتکەدا و ئەژی و زیندووە و زۆر ڕەق و توند و خوێناوییە.
لێرەدا ئێمە وەک کورد، تاسەر ئێسقانەکانمان هەستی پێدەکەین و ناسۆر و برینەکەی ڕۆژانەیە و لەهەموو دەزگایەکی ڕەسمی و قوتابخانە و زاستگە و بازاڕ و بەریەک کەوتنێکدا لەگەل دەسەڵات و زۆر جاران ئەو نەتەوەیەی کە دەسەلاتیش لەوانە، ڕووبەڕوی دەبینەوە و ئازارەکانی وردمان دەکات.
تەنانەت ئەم جۆرە ڕوانینەی بە بچووک و خوارتر تەماشاکردنی نەتەوە بندەستەکان، وەک شانازییەک دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە بۆ نەتەوەی سەردەست و فەرهەنگەکەی باسی لێوە دەکەن و بێ پەروا بەسەر زاریاندا دێت و لە گوفتاریاندا دەیڵێنەوە و لە ڕەفتاریشیاندا ڕشتنی خوێنی تاکی نەتەوە بندەستەکان حەڵال دەکەن و جێبەجێی دەکەن.
 هیچ بەهانەیەک هێندە زۆر و ئاسان نین لەو وڵاتانەدا وەک بەهانە هێنانەوە بۆ نابوت کردنی گیانی تاکێکی نەتەوەی بندەست، یاساکانی کوشتن و زیندانی کردن و ئەشکەنجەدانی تاکی نەتەوەی بن دەست، هەر دەزگایەک و هەر چەکدارێکی دەسەڵات دەتوانێ بۆخۆی دایبتاشێ و جێبەجێشی بکات. 
بچووکترین بەهانە دەتوانێت بەرەنگاربوونەوەی مەئموری میریی بێت، چونکە ناوچە داگیرکراوەکانی وەک پارچەکانی کوردستان، لە دێر زەمانەوە و لە هەموو جۆرە حکومەتەکاندا، ناوچەی سەربازی بوون و یاسای تایبەتیان هەبووە کە کوشتن تێیدا لێپرسینەوەی لێ نەکراوە ئەگەر مەئمورێکی میریی ئەنجامی دابێت.
لێدوانە ڕاسستییەکانی ئەم دواییانەی ئۆردگان کە بوونی نەتەوەیەکی سی ملێۆنیی کورد ڕەتدەکاتەوە و لێدوانەکانی ڕۆحانی سەرەک کۆماری ئێران لە سنەی ناوەندی هونەری بەرزی نەتەوەکەماندا، ئەو هونەرەی سەری لە کەشکەلانە و ئەو بە ( فرهنگ های بومی، کلتورە ناوچەییەکان) ناوی دەبات بۆبچووک کردنەوە و گاڵتە پێکردنی، ئەوە ئەو ڕاسیزمە زیندووەیە کە سەدان ساڵە کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە،
 کە کەسێک خۆی هەستی بە وە کرد شتێکی نییە، هەوڵ دەدات شتی خەڵکی بێ بایەخ و بچووک بکاتەوە.
ئەم ڕوانینە ڕیشەی کۆنی هەیە، مۆستای بیرمەندی کوردەواری عەبدولڕەحمان زەبیحی ( مامۆستا عولەما) لە پێشەکی فەرهەنگی زمانی کوردیدا ( قاموسی زمانی کوردی) کە تەنها یەک بەشی بڵاو کرایەوە و بەشەکانی تری وەک خۆی شەهید کران، ئاوا باسی سەرێکی زلی فەرهەنگ و مێژووی ئێران دەکات:
" بەڵام کاتێ کیسرەوی دێتە سەر ( کورتان شاهی مادییک) بە ( کوردانشای ماهیی) مانا لێدەداتەوە، هەروەکوو 
( کوردانشا) ناوی پیاوێکی مادیی بووبێ و بەو جۆرە لە ئیعتێراف بە یەکێتیی ( کورد) و ( ماد) خۆی دەپارێزێ لە قاعیدەیەکی ڕیزمان کە ( پەهلەوی) و ( کوردی ) و ( فارسی) هەرسێکیان تییدا شەریکن، بۆ ئامانجێکی دوور لە زانست کەڵکی لێوەرگرتووە.... پاتشای کوردانی مادیی، کە هەر ئەمەش مانا ڕاستەکەیەتی و لەو باوەڕەشدا نیم کە ( کیسرەوی) بە سەهوو چوو بێ، بەڵکو بە ئانقەست وای کردووە. 

ئەوانەی ئەم نووسەرە بەناوبانگە دەناسن یا نووسینەکانیان دییوە، دەزانن وەختێ باس هاتە سەر ( کورد) خوالێخۆش بوو ( کیسرەوی) ئەوەی لە باراندا هەبوو، دۆ و دۆشاو تێکەڵ کا و هەزاران شەق دە ئەمانەتی عیلمی هەڵبدا." 

من هەمیشە هەزاران پاتەی دەکەمەوە و باوەڕم بەوەیە کە ڕاسیزم لە فکر و بۆچوون و ڕەفتاری ڕۆناکبیران و هونەرمەندای ئەو وڵاتانەدا کە بەشیکی کوردستانیان داگیرکردووە،  زیندووە و مەترسییەکە وا لە زانستگە و ناو کتێب و بەرهەمە هونەرییەکانی تریاندا، بۆیە بەرهەمە نووسراوەکانیان جێگای بڕوا و متمانەی زانستی و ئەکادیمی نین و بۆ خوێندنەوەی ئەدەبیاتی خۆراوایی خوێنەری کورد نابێت پشت بەو سەرچاوانە ببەستێت کە بەو زمانانە وەرگێڕڕاون، چونکە بەپێی بەرژەوەندی فەرهەنگی نەتەوەی سەردەست، دەسکاری کراون و لە ئەسڵەکە دوور کەوتوونەتەوە.
ئەوەی مامۆستا عولەما نموونەی بۆ هێناوەتەوە، ئەوە ئەو ڕوڕەشییەیە کە بیرمەندی ڕابەرمان مامۆستا مەسعود سەبارەت بە مێژووی ئەو میللەتانە باسی بۆ کردووە و ئاگادارمان دەکاتەوە  و دەڵێت: "مێژووی میللەتان پڕن لە ڕووڕەشیی". 
نمونەیەک دێنمەوە: ئەو بانگەشە قەبە و بەتاڵەی ڕوناکبیرانی  میللەتانی سەردەست بۆ فەرهەنگەکەی خۆیان دەیکەن، دەبوو ڕەفتارێکی راقی و فکرێکی ڕاقی دروست کردبا، چونکە هەموو شتێک هاوشیوەی خۆی بەرهەم دێنێتەوە.
سوید کە سەرچاوەی لێکۆڵینەوەی ڕەگەز بوو و تیۆری راسبایۆلۆجی لێرەوە سەری هەڵدا، کەچی چونکە فکرێکی ڕاقیان بوو، نەک هەر ئەو بیرکردنەوەیە پاش پەنجا ساڵێک بەتاوان دەژمێردرێ، بەڵکو بیرکردنەوەیان گەیشتۆتە ڕادەیەک بە نزیکەی سەد زمان، دەرس بە منداڵانی بێگانە دەڵینەوە بە زمانی خۆیان و بودجەی گەورەی بۆ سەرف دەکەن، تەنانەت بۆ ئەو زمانە بچووکانەی ئەفریقاش کە هێشتا ئەلف و بێیان نییە و هەر زمانی گفتوگۆن.
زوربەی ئەو زمانانەی لە سوید بە منداڵانی بێگانە دەوترێنەوە، لە وڵاتانی خۆیاندا قەدەغەن و مایەی گاڵتە جاڕیی ڕۆناکبیران و بەرزترین پلەکانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەن.....
بەشی چوارەم کە بە ناچاری بووە بەشێکی جیاواز لەبەر گرنگی بابەتەکە کۆتایی دەبێت و باس لە کوردەواری و ئاین دەکات. 
سەرنجەکان:
مرۆڤبینی، وشەیەکە خۆم دامناوە، مەبەست لێی ڕوانینێکی گشتگرە  لە مرۆڤ و ڕەفتارەکانی.
ژوزێف ئارپەر دی گۆبینۆ، فەرەنسایی، مێژوونووس، لێکۆڵەر و دیبلۆمات.
هێرمان لوند بێری، پرۆفیسۆرێکی سویدییە و داهێنەری بیری راسبایۆلۆجییە.
بیرمەندی گەورە و ڕابەری فکرێمان : مامۆستا مەسعوود، نامەیەکی تایبەت، خوێندکاری کورد ژمارە ٢١ ساڵی ١٩٩٥.
بیرمەند مامۆستا عولەما، پێشەکی ( قاموسی زمانی کوردی) دەزگای بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی سەڵاحەدیین، ورمێ.
کتێبی دۆکیومێنتاری ( سێ برا Tre bröder ) هەردوو ڕۆژنامە نووسان کرستیان هۆلمێن و دیک سوندێڤال ٢٠٠٥ ستۆکهۆلم.
کەپیتالی ٣ راسبیۆلۆگی لە سوید www.levandehistoria.se . 

 

کامەران قازی 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی