لە پێشوازی جەنگدا

20/05/2019

پەیکەر عوسمان

- (تۆ ناتوانی ڕێگربیت لە جەنگەكان، بەڵام ئەتوانی دڵت پێیان خۆشنەبێت.) 
ئەوەش تاكە ڕۆڵی ئەخلاقیی منو تۆیە لە جەنگەكاندا.

- (خراپترین شتی ئەم دنیایە، ئەوەیە كە گۆڕانكارییە گەورەكانی، بەرهەمی شەڕە گەورەكانیەتی.)
شەڕی منو تۆش، شەڕی جەهلی خۆمانە، ئەو شەڕە نەكەین ناتوانین بەرهەمی هیچ شەڕێك بچنینەوە.

- (خراپترین شتی جەنگ، ئەوەیە كە بە ئەندازەی كاولكارییەكانی دەرەوە، ناوەوەی ئینسان كاولئەكات.)
جا مەبە بە بووق و زوڕنای جەنگ، با ڕۆحت نەبێ بە كەلاوەی جەنگ.

- (ئەو نانەی جەنگ لە منی ئەگرێتەوە نایدا بە تۆ، بشتداتێ زەرەرتە، چونكە نانی جەنگ هەر برسێتییە!)
گرانیی پەیوەندی بە سفرەی ئاخوندەكانەوە نیە، پەیوەندی بە سفرەی هەژارانەوە هەیە، كاری منو تۆش لایەنداری هەژارانە نەك لایەنداری شەڕكەرەكان.

- (لابردنی ستەمكاری بێگانە كاری زلهێزەكانە، بەڵام تەرجەمەنەكردنەوەی بۆ ستەمكاری خۆماڵیی كاری ئێمەیە.)
گرنگە هەموو پلان و بیركردنەوەی ڕۆژهەڵاتییەكان بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی نوێ بێت، نەك بۆ ڕووخانی سیستەمی ئێستا.
خەیاڵیان تەنیا لای ڕووخانبێ، وەك ئێمە ئەبنە خاوەن ئەزمونێكی ڕوخاو. خەیاڵیان لای دامەزراندن بێت، ئەبنە خاوەنی ئەزمونێكی دامەزراو.

- (سەركەوتنی حیزب بەسەر كۆمەڵگادا، ئەزمونی ئێمەی فەشەل پێهێنا.)
بۆئەوەی هەمان فەشەل دووبارە نەبێتەوە، لە ئەگەری ڕاپەڕین و بۆشایی دەسەڵاتدا، ئەركی خەڵكی ڕاپەڕیو ئەوەیە لەبری تاڵانی، ئەنجومەنی گوندو گەڕەك و بەڕێوەبەریی كاتی خۆیان دروستبكەن و هەمان ڕۆژ لەگەڵ جاشەكانا پێشمەرگەكانیش چەك بكەن!!
ڕۆژی یەكەم خەڵك ئەمە نەكات، ڕۆژی دووەم ئەو دووانە یەكئەگرن و تەواوی كۆمەڵگا داگیرئەكەن.

- (ژن كۆدی سەركەوتنە)
ژن خۆی نەیەتە مەیدان و بەشێكی كارا نەبێت لە بەڕێوەبەری و ئەنجومەنەكان و كارەكە جێبێڵێ بۆ پیاو، حیزب، خێڵ، پێشمەرگە، جاش، مەلا.. ئیتر بەشی هەر لاقەو كوشتن و ڕیزی دواوەی كۆمەڵگایە! 
ژنیش كە لەڕیزی دواوەی كۆمەڵگابوو، یەعنی خودی كۆمەڵگا لە دواوەو دواكەوتندایەو هیچ گۆڕانێكی جەوهەری ڕووینەداوە.
دوای هەر شۆڕش و كودەتاو ڕاپەڕینێك.. ئەگەر "یەكەم یاسا" لەبەرژەوەندی ژن تەعدیل نەكرا، ئەو سیستەمە لەگەڵ ئەوەی پێش خۆی، تەنیا فەرقی ڕووكەشی هەیە، فەرقی ناوەڕۆكی نیە.

- (شەرعیەتی شۆڕش یەكسانە بە شەرعیەتی فەساد.)
یان لەو جوملەیەوە هەستە، یان دانیشە چاكی مەكە با خراپتر نەبێت.

- ئینجا ئاشتی بۆ جیهان، نان بۆ هەمووان، ئازادی بۆ مرۆڤ، پێكەوەژیان بۆ گەلان، هاوتایی بۆ ژن.. دوای هەموو ئەوانە، شتێكیش بۆ كوردی خێرنەدیو، زۆرنا هەر بەقەت مافی خۆی.

پەیكار عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی