کاتێک ئینسان لە ئەخلاق دادەبڕێت:
بۆ عەرەبە هاوردەکانی کەندێناوە

20/05/2019

شێرکۆ کرمانج


دە ساڵ پێش ئێستا لە تێزی دکتۆراکەم پێ داگریم لەسەر ئەوە کرد کە عەرەبە هاوردەکان (عرب التعریب) هیچ وابەستەگییەکی ڕوحی بەو خاکە نایانبەستێتەوە کە هێنراون بۆی. تێزەکە بەدەستکارییەوە لە توێی کتێبك بەناونیشانی "Identity and Nation in Iraq" لە ئەمریکا بڵاوبۆوە، دواتریش لەلایەن دەزگای ئاراس‌و دار الساقی کرا بە عەرەبی‌و بڵاوکرایەوە، پاشانیش بەخۆم کتێبەکەم بەدەستکاری زیاترەوە کرد بەکوردی بەناوی "شوناسی عێراق" لە دەزگای سەردەم بڵاوکرایەوە. 

ئەمڕۆ ئەو عەرەبە هاوردانەی کە ماوەیەکە دەیانەوێت بگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی کە کاتیخۆی لە کەندێناوە لەلایەن حکومەتە خۆشەویستەکەی عێراقچییەکانی ئەمڕۆو دوێنێ بۆیان تەرخانکرابوو لەگەڵ کوردانی ئەو ناوچەیە بەسەرپەرشتی فەرماندەی هێزەکانی ناوچەی مەخمور کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکە عەرەبەکان داوایان کردبوو کە دەبێت کوردەکان لە بەروبوومی کشتوکاڵی ناوچەکە بێ بەشیان نەکەن‌و بیانکەن بە برابەش. دیارە کوردەکان شێرانە داواکەی عەرەبەکان‌و فەرماندەی هێزەکانی عێراقیان لەناوچەکە ڕەتکردۆتەوە.

ئەم داوایەی عەرەبەکان‌و فەرماندەکانی سوپای عێراق پێش هەموو شتێک بێ ئەخلاقی ئەو فەرماندەیەی سوپاو ئەو عەرەبە هاوردانە دەسەلمێنێ کە بەشێکیان لە ڕۆژانی هاتنی داعش لە کوردستان ئاوارەبوون‌و خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ کردبوونەوەو ئەم نوسەرە لە چەند نوسینێکی فەیسبوکی بەرگری لێیان دەکرد. دواتر پشتڕاستی ئەو ئارگیومێنتە دەکات کە من دە ساڵ پێش ئێستا خستومەتەڕوو کە تێیدا گوتم عەرەبە هاوردەکان تەنیا چاوچنۆکی بەو خاکەیانەوە دەبەستێتەوە کە چەندین دەیە داگیریان کردبوو. هاوکات خەمساردی دەسەڵاتی کوردی‌و حیزب‌و لایەنە کوردییەکان دەسەلمێنێت لەسەروی هەموویانەوە د. بەرهەم ساڵح کە سەرۆکی عێراقەو نوێنەری کوردە لەو دامەزراوەیە گرنگە. سەرۆکی عێراق ئەرکی پاراستنی هاوڵاتیانی هەمووی عێراقی لەسەر شانە لەگەڵ ڕێگریکردن لە ناعەدالەتی‌و جێبەجێکردنی دەستور، بە ماددەی ١٤٠ یشەوە. لەدوای ئەو خەمساردی تەواوی دامەزراوە حکومیەکانی کوردستان‌و حیزب‌و لایەن کوردستانییەکان‌و کەسایەتییەکان دەسەلمێنێت هەر لە بەڕێز مەسعود بارزانییەوە تا دەگاتە ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق.

لێرە بۆ نیشاندانی ئەو ئارگیومێنتەی کە دە ساڵ پێش ئێستا خستمەڕوو بۆ سەلماندنی ئەوەی کە عەرەبە هاوردەکان لە چاوچنۆکی هیچی دیکە زیاتر نایانبەستێتەوە بە بە خاکی کوردستان بەشێک لەو بەڵگانەی لە تێزەکەم‌و لە کتێبەکانم بەکارمهێنابوون دەخەمەوە ڕوو، بە کورتی لەوێدا گوتم:  

بەگشتی، سیاسەتی حکومەتەکانی عێراق لەپەیوەند بە کەرکوک بنەمای لەسەر دەوڵەمەندبوونی پارێزگاکە بە نەوت داڕشتوە. بۆ عەرەبە نیشتەجێکراوەکانیش لەو پارێزگایە، کەرکوک‌و ناوچە کێشەلەسەرەکان گرنگییەکی ڕۆحی‌ نییەو واپێدەچێت کە وابەستەگییەکی سۆزئامێز بە ناوچەکەیان نەبەستێتەوە. بۆنمونە، سکرتێری گشتی لیستی عەرەبەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەحمەد حەمید عوبێدی، لە دیدێکی ئابورییەوە تەماشای کەرکوک دەکات. ئەو لە چاوپێکەتنێکدا دەڵێت 'من قەت لێناگەڕێم کوردەکان ئەو پارەیە بدزن [!] بەلکاندنی کەرکوک بە هەرێمی کوردستانەوە، [چونکە هێشتنەوەی کەرکوک وەک خۆی] من دەکات بە یەکێک لە هەرە دەوڵەمەندەکانی دنیا" (Paley 2008). 

لەوەش گرنگتر، بەڵگەی زۆر بەدەستەوەن کە عەرەبە هاوردەکان هەست‌و سۆزیان بۆ ناوچە کوردنشینەکان لە عێراق نییە. لە چەند سەردانێکی نوسەر لە ٢٠٠٥ و ٢٠١١ بۆ ژمارەیەک گوندی تەعریبکراو لە قەزای دوبز، لە پارێزگای کەرکوک – چەند ساڵێک دوای جێهێشتنی عەرەبە نیشتەجێکراوەکان دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەعس – بۆی دەرکەوت کە سەرەڕای ئەوەی عەرەبە هاوردەکان بۆ ماوەی ٢٨ ساڵ، لە ١٩٧٥ بۆ ٢٠٠٣، لەو دەڤەرانەدا نیشتەجێبوون کەچی هیچ کامێکیان مردوەکانی خۆیان لە ناوچەکە نەناشتوە، بەڵکو بردویانەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لێیەوەهاتبوون لە باشورو ناوەڕاستی عێراق. ڕاستە عەرەبە شیعەکان مردوەکانیان لە گۆڕستانی وادی سەلام لە نەجەف دەنێژن بەڵام زۆربەی عەرەبە نیشتەجێکانی ئەم ناوچانەی کە نوسەر سەردانیکردن سوننە بوون نەک شیعە، دیارە شیعەشیان تێدابوو.  

کاتێک نوسەر لە هەندێک لەو عەرەبانەی پرسی، کە هێشتان لە ناوچەکەدا ماون، کە بۆچی مردوەکانیان لێرە نەناشتوە، یەکێک لە عەرەبەکان گوتی "ئەم خاکە هی خەڵکی ئێرەیە." نوسەر لە ئازاری ٢٠٠٥ و نیسانی ٢٠٠٧ سەردانی گوندەکانی پەلکانەو سەربەشاخ‌و شەناغەو گابەرەکەو دڕکەی لە قەزای دوبز، لە پارێزگای کەرکوک، کرد. لەو گوندانەدا بەدوای قەبرستانی عەرەبەکان‌و بەناو قەبرستانە کۆنەکانی کوردەکاندا گەڕاوەو لەگەڵ هەندێک لەو عەرەبانەش قسەیکردوە کە تا ئێستا لە ناوچەکەدا ماون. لەو دەرو دەشتانەدا هیچ ئاسەواری قەبرستانی عەرەبان نەبینرا، تاک تاک لێرەو لەوێ عەرەبەکان منداڵی لەبەرچوو و یان زۆر ساوایان ناشتوە بەڵام لاشەی مردوەکانی دیکەیان هەموویان بردۆتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. 

نوسەر لەگەڵ چەند کەسێک کە خەڵکی ناوچەی گەرمیانن قسەی کردوە ئەوانیش باس لە هەمان دیاردە دەکەن. نەوزاد ڕەشیدو ئەحمەد جاف کە خەڵکی کەلارو خانەقینن‌و بە ئەسڵ خەڵکی گوندەکانی گەرمیانن، گوتیان لە گوندەکانی کانەسورو عەلوەش‌و سولەیمان‌و باپلاوی گەڕاون‌و هیچ گۆڕی عەرەبیان لەو ناوە نەدیوەو ئەوانیش وەک ئەوانەی کەندێناوە لە قەزای دوبز بردویانەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

ئەم نمونەیە لەوانەیە وەک حکایەتێکی سادەو ساکار بێتەبەرچاو بەڵام گرنگی وابەستەگیی ئینسان بە خاک‌و نیشتیمانی خۆی نیشاندەدا. ئەمە پەیامێکی گرنگ لە پەیوەند بە عێراق لەخۆدەگرێت ئەویش ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی کە ئەوکات بۆ حەفتا ساڵ دەچوو کە باشوری کوردستان بە عێراقەوە لکێنرابوو کەچی عەرەبەکان هێشتا ئەو ناوچانەیان وەک بەشێک لە وڵاتەکەیان قەبوڵنەکردوەو ئامادەیی ئەوەیان تێدانەبوو کە مردوەکانیانی تێدابنێژن. بەپێچەوانەوە، ئەو ناوچانەیان پێ نیشتیمان‌و زێدی بابوباپیرانی خۆیان بوو کە لێیەوەهاتبوون. هاوکات دەکرێت بڵێین کە ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە "عێراق" لە دوو نیشتیمان پێکهاتوە، کوردستان‌و عێراق. 


شێرکۆ کرمانج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی