كونسوڵی ئەمریكا لە سلێمانی سەری چاك ناكات!

21/05/2019

رەحمان غەریب

چالاكییەكانی دوو هەفتەی رابردووی (ستیڤ فەیگن) كونسوڵی گشتی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، دڵخۆشكەرن، لایەنی كەم ئاماژەیە بە سەقامگیری سیاسی و ئارامی و جموجۆڵی بازاڕەكەی و ئەكتڤیبونی بواری فەرهەنگی‌و وەرزشی وڵاتەكەمان.

جەنابی كونسوڵ سەردانی بازاڕی پڕجموجۆڵی شەقڵاوا دەكات و بەرهەمی نانە قەیسی و سجوق و سركەی هەنار و هەنجیری وشكراو نۆش دەكات، نانی گەرم وچایەكی فرێشییش دەخواتەوە. لەناو بازاڕو شوێنە گەشتیارییەكان پیاسە دەكات.

لە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ لادەدات وێنەی رەنگینی ناوچەكەمان پیشان دەدات بیریشمان دەخاتەوە كە لەسەر دراوی پێنج هەزاری وێنەی تاڤگەكە هەیە.

لە پایتەختەكەمان هەولێر دەچێتە هۆڵی میدیا ئامادەی ئیڤێنتێكی تایبەت بە هونەر و میوزیك دەبێت، وێنە لای تاڤگەكانی بێخاڵ بڵاودەكاتەوە، سەردانی كۆشك و قەڵای خانزاد (بانەمان)ی دەكات. 

سەردانی مەزاری ڕەبەن بۆیە/وسو ڕەحمان لە نزیك شەقڵاوا و پاشان چاوی بە بینینی دیمەنی قەشەنگی خەرەندی ڕواندز گەشدەكات.

لە عەینكاوە پیاسە دەكات و خەڵكیش سێڵفی لەگەڵدا دەگرن، دەچێتە دوكانەكانی زەڕەنگەری‌و زیوفرۆشتن‌و چەرەزات و میوەو سەوزەو كافێ‌و رێستۆرانت و چایخانەكانی بەسەردەكاتەوە.

كونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ستیڤ فەیگن بەیاوەری پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی ئامادەی ئاهەنگی دەرچوونی خوێندكارانی كۆرسی "بنەما سەرەكیەكانی پارێزگاری كردن لە كەلەپور"دەبێت.

لە بەردەم مزگەوتی گەورەی قەڵای ‌هەولێرەوە پەیامی پیرۆزبایی هاتنی مانگی رەمەزان بڵاودەكاتەوە، دەچێتە لای بریكاری كۆمپانیاكانی بۆبگاتی، ریكلام بۆ كولیتی بەرزی ئۆتۆمبێلی ئەمریكی دەكات. خواردنگەی KFCو Papa John's لە هەولێر بەسەر دەكاتەوە. 

سەردانی شوێنكاری مستەر ئەربیل وجێنتڵمانیان دەكات‌و لە پەراوێزی گەشتەكانیدا "سەرتاشێكی بەرهەرەمەندی خەڵكی سلێمانی سەری بۆ چاك دەكات."

هەولێر و ناوچەكانی تر بۆ من وەك یەك خۆشەویست‌و ئازیزن، تاڤگەكانی گەلی عەلی بەگ‌و ئەحمەد ئاوا وەك یەك دڵگیرن، پیاسەی عەنكاوا و سەهۆڵەكە، وەك یەك دڵخۆشم دەكات.

جەنابی كونسوڵ چاییەكیش لە سەهۆڵەكەو وێنەیەك لەبەردەم قەڵای شێروانەو تامێكی روبە هەناری هەڵەبجەو نانێكی گەرمی دەستی ژنە جوتیارێكی قەڵادزێ‌و پیاسەیەكی بازاڕی كۆیە خراپ نییە. بە بینینی نمایشێكی شانۆیی كفری و سلێمانی‌و تامی كەبابی عەباس ئەبوشوارب‌و سەرتاشینێك لە شەقامی پیرەمێرد، تابلۆكە تەواو دەكات.

بەڵام تۆ كە هەر ناوچەیەك بەسەر بكەیتەوەو لە سلێمانیش هەر لە ئۆفیسی سیاسییەكاندا بتبینم، ترس دەخەیتە دڵمەوە، بە تایبەتیش وڵاتەكەتان هێزی زەبەلاحی هێناوەتە ناوچەكە. بە ئومێدم نەقەومێت‌و تۆش لە ژێر باخێكی گوێزی هەورامان ببیینم.

رەحمان غەریب

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی