تاوانی ئەوان بەهانە نییە بۆ ناشرینییەكانی تۆ

21/05/2019

كه‌مال ره‌ئوف

  تۆ هەقی خۆتە تا سەر ئێسك رەخنە لە دەسەڵاتە بگریت، كە بووەتە پشت و پەنا بۆ بكوژانی رۆژنامەنوسان و بووتە قەڵا بۆ گەندەڵكاران،  هەقی خۆتە بپرسیتەوە لەوەی بۆچی ئەنفالچی و بكوژانی پێشمەرگەو خەڵك دادگایی ناكرێن و بەپێچەوانەوە هەندێكیشیان پاداشت ئەكرێن. 

ئەرك و مافی هەموو هاونیشتمانییەكە داوا بكات یاسا سەروەربێت و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت و بەحیزبی نەكرێن، هاوڵاتیان هەموو كات مافی خۆیانە لە  بوونی نادادی و مافەكانی خۆیان بپرسنەوەو هەڵوێستیشان هەبێت، بەڵام هیچ كاتێك و هیچ تاكێك، مافی ئەوەی نییە لەسێبەری ئەو ناشرینییانەدا هەوڵ بدات تاوانی كەسانی تر بپۆشێت و پاكانەی بۆبكات. 

هەموومان دەزانین بەشێكی زۆری داهاتی ئەم وڵاتە تاڵان ئەكرێت، (بۆیە ئەڵێن تاڵان چونكە تاڵانی بەئاشكرا ئەكرێت نەك بەدزێوە)  بەئاشكرا قۆرخكاری لەبازار هەیە، دەرمان و خواردنی ماوەبەسەر چوو بەسەر هاوڵاتیاندا ساخ دەكرێتەوە، یاری بەقوت و موچەی خەڵكەوە دەكرێت، لەهەڵبژاردنەكاندا ساختەكاری ئەكرێت، دەستێوەردان لە پەروەردە و سێكتەرەكانی تر هەیە، بەڵام هیچ كات ئەم تاڵانییە، ماف بۆ دزێك دەستبەر ناكات تەنەكەی خۆڵی بەردەرگاكەی تۆ بدزێت، هیچكات ئەو ساختەكارییە شەعیەتی ئەوە بۆ هاورێكەت دابین ناكات كەسێكی ساختەچی و درۆزن بێت لەگەڵت، وەك دەڵێن، دز حەزی لەبازاری شێواوە، بەڵام شێواوی بازار شەعیەت بەدزیكردن نادات، هەروەك ئەوەی دەستێوەردانی پەروەردە، مافی ئەوە بۆ مامۆستایەك دابین ناكات دار لە قوتابییەك بەرزبكاتەوە یان چاوپۆشی لە قۆپی قوتابیەك بكات.  ئەو ناشرینی و تاوانانەی تریش هەرچەند لەناوكۆمەڵگە زۆربن، ناكاتە ئەوەی تۆ بیانكەیتە بەهانە بۆ فرێدانی قوتویەك، یان پاكەتە جگەرەیەكی بەتاڵ لەسەر شەقامێك،  راستە هەموو ئەوانە ژینگەیەكی ناتەندروست دروست ئەكەن، بەڵام هیچ كات نابێت ئەو دەردو نەخۆشیە بۆماوانەی حزب و دەسەڵاتی كوردی، بكاتە ئەوەی تۆ بەناوی مافناس و چالاكوانەوە ناشرینی و خراپەكاری و تاوانی كەسانی تر بپۆشیت، یان چاو لەئاستیان دابخەیت.

كەمال رەئوف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی