چین و ئەمەریکا؛ دوانەیەکی دژ بەیەک

22/05/2019

پەیرەو ئەنوەر


دیارە لەدوای رووخانی سۆڤیەت و کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە، سەرەتایەکی تازە، تێزی فکری تازە، خەیاڵ و ئۆردەرێکی تازە لەدایک دەبێت. جیهان زیاتر بەرەو ئەوە دەچێت چۆن بخرێتە نێو "رێکخستنی نوێی جیهانی" ەوە. دیارە جیهان لێرە زیاتر بەو مانایە دەبێت چۆن بە ڵیبڕاڵ بکرێت! چۆن زمانی قسەکردن، سیستمی پەیوەندییەکان و خولانەوەی، نیگار و ئەندێشە، سنووری بازاڕ و هێزەکانی ناوی، ژێرخان و روانینەکانی دابڕێژرێتەوە! دووبارە وێنەی تازەی بۆ دابمەزرێنێت.

یەکێک لەو تێزانەی کە دەیەوێت رۆحی ئایدۆلۆژیا و خەیاڵەکانی دەرەوەی لیبڕاڵیزم بمرێنێت و بکوژێت، فۆکۆیاما و کۆتایی مێژووە. بۆچوونێک هەیە پێی وایە کوشتنی ئایدۆلۆژیا و سیستمی بیرکردنەوەی ئەوانی تر فۆڕم و مۆدێڵێکی تازەی تۆتالیتاریزم و بەشمولیکردنی دونیایە. لەدوای جەنگی ساردەوە، ئەمەریکا هەوڵدەدات "چین" ببێت بە کایەکی بەلیبڕاڵکراو! ئەندێشە و بیرکردنەوەی، خۆڕێکخستن و فەڵسەفەی بازاڕی، جوڵە دەرەکییەکانی، تەکنەلۆژیا و شێوازی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی، ناسنامە و هاوڕێکانی هەمووی لەژێر پایە و سێبەر و تۆنەکانی 'رێکخستنی نوێی جیهانی" ەوە بێت! یان بەلایەنی کەمەوە لەو وێنە ئەمەریکییە نزیک بێت کە ئەمەریکا دەیەوێت و بەرهەمی دەهێنێت.

ئەمڕۆ "چین" وەک ئەکتەر، وەک جەمسەر، وەک جیۆپۆلەتیک و خاوەن دەسەڵات و مەعریفە دژ بەوانە دەردەکەوێت و کاردەکات. ژێرخانە سیاسییە ناوخۆییەکەی دژ بە New World Order دەخاتەکار، کەمینەکان دەچەوسێنێتەوە! لەرێگەی تەکنەلۆژیاکەیەوە بەردەوام بەدوای کەمینەی [ویگورە موسڵمانەکانی] وڵاتەکەیەتی! چاودێرییان دەکات، دیسپلینیان دەکات؛ وەک هێزێکی شمولی لەگەڵیان لە پەیوەندییدایە! لەدەرەوەی خۆی بەدوای جیۆگرافیای سیاسی و هاوڕێ و هاوبەشی ئابووری تازەیە [پڕۆژەی رێگای ئاوریشم]. زۆر بەقوڵی خەریکی ئەوەیە لەڕووی ژێرخانی تەکنەلۆژیا و سایبەر سیکیوریتییەوە ئەمەریکا تێپەڕێنێت. ئەم دۆخ و باڵاییەی چین بۆ ئەمەریکا نامۆیە، جێگەی قبوڵکردن و رازیبوون نییە.

ئەمەریکا لەڕێگەی کۆمپانیا و هێزی تەکنەلۆژییەوە چین سزا دەدات! گوگڵ و کۆمپانیاکانی تر ناچار دەکات نەبن بە بەشێک لە ژێرخانی تەکنەلۆژی چین و کۆمپانیایەکی وەک هواوی! پێدەچێت خەمی ژمارە یەکی ئەمەریکا ئەوە بێت چین لە داهاتوویەکی نزیکدا لەرێگەی ئابووری و تەکنەلۆژیاکەیەوە پایەکان و زمانی قسەکردنی سیستمی نوێی جیهانی بلەرزێنیت، لاوازی بکات و دەستکاری بکات. بازاڕی جیهانی وەک ناسنامەی لیبڕاڵیزم و یەکەیەکی ئۆتۆنۆم و پڕ ئەکتەر بخاتە ژێر هەڕەشەوە. ئەمەریکا ترسی هەیە چین ببێت بە جەمسەر و رکابەری لە نێو سیستی سیاسی نێودەوڵەتیدا بەڵام پێچەوانەی ئەو و دژ بە ئەو بیربکاتەوە و بڕیاربدات! دیارە سیستمی دوو جەمسەری هێشتا بەلای ئەمەریکاوە پرە لە ماندووبوون و وەرسبوون و بەفیڕۆدانی وزەیەکی بێ سنوور`


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی