كەركوك و حیزبە كوردییەكان

24/05/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

پرسی كەركوك بەو لێدوانە دژ بە یەكانەی بەرپرسانی كورد چارەسەر ناكرێت ، پرسی كەركوك پرسێكی یاسایی و دەستوریە ،ئەو پرسە ئەگەر چی بە نیوە چڵی و تەواو نەكراوی و پڕكێماسیش بێت ، خراوەتە چوارچێوەی مادەیەكی دەستوریەوە ،مادەی 140 چارەسەری ئەو پرسە دەكات ، با خودی مادەكەش دنیایەك كەم و كوڕی هەبێت ، سەركردایەتی حزبە كوردیەكان و بەتایبەت سەركردایەتی پارتی و یەكێتی تا ئێستا نەیانتوانیوە مامەڵەی یاسایی لە تەك ئەو مادەیەو پرسی كەركوكدا بكەن ،نەیانتوانیوە یان نەیانویستوە ئەوەیان پێویستە ئەو سەركردایەتیە وەڵامی كوردی كەركوك و ناوچە كێشە لە سەرەكان بدەنەوە .

لە پرسی كەركوكدا ئەوە گرنگ نیە كە لە چوار چێوەی دوو لایەنی كوردیدا چۆن باسی كەركوك دەكرێت ،لە پرسی كەركوكداگرنگ ئەوەیە كورد پێكەوە لە گەڵ حكومەتی عێراقی چۆن بیر لە چارەسەری ئەو پرسە دەكەنەوە ،ئێستا چارەسەری پرسی كەركوك لە دەرەوەی مادەی 140 دا لای حزبە كوردیەكان لیپە لە ناجۆری و بەریەككەوتن ،كێشەی سەرەكیش ئەوەیە كە ئەو حزبانە بە هیچ چارەسەرێكی یەكتر رازی نین بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ،بۆ چارەسەری ئەو پرسە پێویستە :

لایەنە كوردیەكان پێكەوە لە چوار چێوەی دەستوری عیراقیدا جارێكی تر بگەڕێنەوە سەر مادەی 140 و بەو جۆرەی مامەڵەی لە گەڵ بكەن كە حكومەتی عیراقی بێتە پای جێبەجێكردنی ، بۆئەمەش پێویستە :

یەكەم : یاساناسانی پرسی دەستوری بە تایبەت كەركوكیەكان پڕۆژەیەك بۆ زندو كردنەوەی مادەی140ئامادە بكەنەوە بەو جۆرەی 

ئەلف : هۆكارەكانی جێبەجێنەكردنی 
بێ‌ : بەرپرسانی جێبەجێنەكردنی 
تێ‌ : چۆنێتی كاراكردنەوەی 

بنوسرێت و داوای ئەوە بكرێت حكومەتی عیراقی بە ئەركی ئاكاری خۆی هەستێت لەو بارەیەوە .

دوم : ئەو پڕۆژەیە بدرێتە سێ‌ سەرۆكایەتیەكەی عیراق و داوا بكرێت 

ئەلف : بە بێ‌ گەڕانەوە بۆ پارلەمانی عیراقی دەستبكرێتەوە بە كار كردن لە مادەی 140دا 

بێ‌ : دۆخی تایبەت لە سەر كەركوك هەڵبگیرێت كە كاتی خۆی لە سەردەمی مەحمود مەشهەدانیدا خرایە ئەو دۆخەوە .

سێیەم : داوا لەنەتەوە یەكگرتوەكان بكرێت چاودێری چۆنێتی زندوكردنەوەو كاراكردنەوەی مادەی 140 بكەن و هاوكار بن لە جێبەجێكردنیدا ، نەك هۆیەك بن بۆ پاشخستن و هەڵپەساردنی .

چوارەم : لە لایەن دەسەڵاتدارانی كوردەوە لیژنەیەكی تایبەت بۆ ئەو پرسە دابنرێت و ئەو لیژنەیە بەرپرس بن لە ئیشكردن لە سەر پرسی كەركوك ، نەك هەر جارەو بەرپرسێكی كەركوكی بە لێدوانێك جیاوازی و ناجۆریەكانی نێو كورد لە سەر ئەو بابەتە بخاتە بەردیدەی ئەوانی تر ، یانی ڕونتر كەركوك وەك پرسێكی ئاكاری مامەڵەی لە گەڵدا بكرێت نەك وەك ماركەیەكی دژایەتی كردنی یەكتر .

ئەگەر لە ماوەیەكی كەمدا لایەنە كوردیەكان لەرێگەی جیاجیاوە كاریان بۆ ئەوە ئەوە كرد كە بەو جۆرە چارەسەری پرسی كەركوك بكەن ، ئەوە دیارە كەركوكیەكان دڵنیا دەبن لەوەیكە لایەنە كوردیەكان لە چارەسەری ئەم پرسەدا راستگۆن ، گەر نا ئەوە دەردەكەوێت كە كەركوك بۆ حزبی كوردی جگە لە ماركەیەكی ریكلامی هیچی تر نیە .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی