بەبارانیش وشكە ساڵە

28/05/2019

سامانی وەستا بەكر

 گرنگە دوژمن و نەیار جیاكرێنەوە لەوڵاتـی دیموكراسییا دوژمنـی سیاسـی نیە بەڵكو ئەوەی هەیە نەیاری سیایسیە بەپێچەوانەی وڵاتە یەك حیزب و تاكڕوەكان كە وەهمـی دوژمنـی سیاسـی ناوخۆی دروست ئەكەن بۆ سەركوت كردن و بێدەنگ كردن و دەستەمۆ كردنیان.  

مۆدێلی حوكمرانی لەكۆی دنیای دیموكراسـی و نیمچە دیموكراسـی لە دوو پێكهاتەی سەرەكـی دروست ئەبـێ ئەوانیش حكومەت و ئۆپۆزسیۆنە لە دەوڵەتە دیكتاتۆرییەكانیشدا تەنها ڕژێمێك هەیە و بەس، لە هەرێمـی كوردستانیش لەبری حكومەت و ئۆپۆزسیۆن حیزب و خەڵكی  قەڵمەڕەو هەیە.

بەئارەزووبێ یان بێ ئاگای تێكەڵی و پێكەڵیەك دروستكراوە لە نێوان دەستەواژەی نەیارو ئۆپۆزسیۆنا و ئەنجامەكەشی ئەوەی لێكەوتەوە ئێستا هیچ حیزبێ ئارەزووی ئۆپۆزسیۆن بوون ناكەن ئەگەرچی سەرزارەكیش وا خۆیان بناسێنن.

داواكردنی ماف وە بەتایبەتی مووچە بەرامبەر ئەو ئەركەی پێشكەشی حكومەت ئەكرێ دوور و نزیك ناچێتە چوارچێوەی نەیارەوە.

لە سیستمی وڵاتانی ئۆرگانیزە كراوا مووچە تەنانەت بۆ كاتژمێركیش دواناكەوێ. كەچی پاش چەند ساڵێك لە سێ چارەك و نیو و چارەكە مووچە و  دەێژكردنەوەی مانگ لە هەندێ كاتا بۆ نێوان ٦٠ بۆ ٩٠ ڕۆژ و بێدەنگی و بە ئەمەكی خەڵك و خۆڕاگری و بواردان بە حكومەت ئێستا كاتێ دەنگی ناڕازی لەناو خەڵكانێكەوە بەرزبێتەوە كە حیزبەكەی بەشێكە لە پێكهاتەی حكومەتی چاونەپشكوتوو ئەو كارە بە بخرێتە چوارچێوەی نەیارەوە و سكاڵای یاسای تۆماركرێت!

زۆربەی وڵاتانی زلهێزو گەشاوە و خاوەن ئابووری پتەو تەنانەت لە  ٢٠وڵاتە زلهێزە ئابوریەكەی جیهانیش قەرزی كۆمپانیا و وڵاتانی دیكەیان لەسەرە بەڵام هیچ كاتێ نەبیستراوە مووچەی مانگێكی مووچەخۆرانی وڵات بدرێتەوە بە قەرزی كەڵەكەبووی سەر حكومەت!

كاتێ باران لە بەغاوە ئەبارێ حكومەتی هەرێم چەتر هەڵەیا بۆ هاوڵاتی و مووچەخۆرانی هەرێم تا گیرفانیان تەڕنەبێ!

كاتێ بارانی بەغا بەسەر هەرێما نەئەباری ئەوترا ووشكە ساڵیەكە "بێ مووچەی" خەتای بەغایە ئێستا بارانی بەغا بەخوڕ بەسەر هەرێما ئەبارێ كەچی هەر ووشكە ساڵییە و هەرێم پێی ناخۆشە لە دادگا بووكە بە بارانێش بكرێ.

ئەم وەرزی بارانە یەك ساڵیەو ووشكە ساڵیەكی زۆری بەداوەیە و ئەگەر یوسفێك ئەم خەونە بۆ هەرێم لێكنەیاتەوە.

تا حكومەت و دەسەڵاتدار  باشتر هەڵسەنگاندنبكەن و داوای ماف بە نەیار نەخوێنەوە و خەڵكی باشتر بەرچاو ڕوونبێ وەك كارێكی چەند بارە لەخوارەوە بەراوردێكی نەیارو ئۆپۆزسون ئەكەین:
 
نەیار بەو كۆمەڵە كەس و رێكخراو گروپە چەكدارو بزوتنەوه رامیاری و كۆمەڵ و هەندێ جاریش تاكانە ئەوترێ كە بەشێوەی كاری پەچەكرداری و رێكخراو یان رێكنەخراوا بەگژ لایەنك یان دەستەیەك یان دەسەڵاتێكا ئەچنەوە، بەهۆی هەندێ هۆكارەوە لەوانە: 1- كاتێ تاك هەستبكا وەلاوەنراوە و دەنگی ناگات و گوێی بۆ ناگیرێ.  2- كاتێ كۆمەڵێك هەست بەجیاوازی رەگەزی (التمیز العنصری) یا بێبەشكردنیان لە مافەكانیان لە بەرژەوەندی كۆمەڵێ كەس و لایەنا.  3- كاتێ نەتەوەیەك سەرە‌تایترین مافەكانی پێشێل ئەكرێ لەلایەن دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی وڵاتەوە بەجۆرێك كە نا یەكسانی كۆمەڵایەتی بەشێوەیەكی ئاشكراو بوونی ئەبێت.  4- كاتێ پێكهاتەكانی كۆمەڵ سەرجەم بەیەكەوه لەپای چەوسانەوەیان ‌ لەدەسەڵاتێكی خوێن مژه و دیكتاتۆر یاخی ئەبن.   5- كاتێ گەندەڵی بەشێوەیەك باڵ ئەكێشێ بەسەر وڵاتا كە هیچ رێگایەك نامێنێ نەگیرێتەبەر و بەبنبەست ئە‌گا.

ئەمانە هەندێ هۆكاری تریش هەن كەوا ئەكا دیاردەی بەنەیار بوون ڕووبات و لەهەندێ كاتیشا یاخی بوونی لێبكەوێتەوە بۆ گێڕانەوەی مافەكان و شتە لێ زەوتكراوەكان‌‌، ئەمەش كاتێ ڕوئەیات كە بێ هیوای باڵ بكێشێ بەسەر كۆمەڵا و تروسكای بەدی نەكرێ بۆ پێكەوە ژیان یان بەرەو باشبردنی بارودۆخ و دەستهەڵنەگرتنی لایەك لە بڕیارە تاكڕەویەكانیا و خۆبەزلزانین و گۆێنەدانە كەسانیترو كاركردن لەپێناوی دەسەیەك یا هۆزێك یا بنەماڵەیەك یا گروپێكی سیاسی دابڕاو لە كۆمەڵگا.

هەر لایەو‌ نەیار بە كڵاوی خۆی ئەپێوی و لێكدانەوەی بۆ ئەكا بۆ نمونە بە پێوانەی رژێمی بەعس ئێمەی كورد نەیار بووین، بەڵام ئایا ئێمە نەیار بووین یان بەش خوراو؟ نەیار بووین یان ماف پێنەدراو؟ هاوڵاتی بووین یان بە نەژاد كراو؟ سەربەست بووین یان بەندو دەست و پێ پەیوەند كراو؟...هتد.

ئایا توركیا كاتێك هەڵەسێ بە داخستنی پارتە كوردیەكان و دەستگیركردنی پەرلامانتاران كە بە دەنگدان هەڵبژێراون یان كاتێ ئینقلان ئەكەن بەسەر حوكمەتەكانی خۆیانا كە بەجۆرێك لە جۆرەكان ئاهێكی بە دیموكراتیزەكردنی توركیایان تیابەدی ئەكرێ ناو بنێین چی؟ تا دوێنێ تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵادارو بەڕێوەبەری وڵات بون هەرچەندە نمونەیەكی زۆر ناشرینی دەسەڵاتی ئیسلامیان پشانی سەرجەم مرۆڤایەتیدا، كەچی ئەمڕۆ هەرهەمان دەسەڵات یاخی و نەیارە! زۆرن ئەو نمونانه، كەواتە هەركەسەی بەپێی بەرژەوەندی خۆی ئیتر ئایا گشتی بێ یا تاكەكەسی ئەڕوانێتە بەرامبەرو بە پێی بۆچوونە ڕامیاری و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكانی گونجاو بۆخۆی لایەنی بەرامبەر بانگ ئەكا نەیار.

پێی ئەچێ تۆ نەیاربی لەكات و شوێنێكی دیاری كراواو هەر تۆش لەهەمان كاتا بەرامبەرەكەو ناوزەندكەی بە نەیار بەڵام لێرەیا سەنگی مەحەك هاوڵاتیەو هەر ئەوانن ئەتوانن نەیاری راستەقینە دیاركەن و بڕیاری خۆیان بسەپێنن بەسەر لایەنی خاوەن حەق و لایەنی زۆردارا، ئەوەشمان لەبیر نەچێ كە هاوڵاتی تاسەرو بۆ هەتا هەتای كەس بەنەیار نابینێ و لەگەڵ كەسیشا یان راستر بڵێین لەگەڵ هیچ دەسەڵاتێكیشا تا سەر نابێ.

هاوڵاتیش بەپێی خزمەت و دادی كۆمەڵایەتی وبژێوی ژیان دابین كردن و یەكسانی و سەربەستی بیرو بۆچوون دەڕبڕین و دەستەبەركردنی مافەكانی تای تەرازوی خۆی ئەبینێ ڕونتر بڵێین، ئەگەر بینی تای تەرازوهی دەسەڵات هاوسەنگ و جێگیرە ئەوا ئەو‌یش گوێڕایەڵی دەسەڵاتەو هاوڵاتیەكی بەئەمەك و بەرهەمهێنەرە لە هەوڵا ئەبێ شان با شانی حكومەت خزمەت بكاو زۆرترین قوربانیبا بۆ سەركەوتنی كارەكانی خۆ ئەگەر بینیشی تای تەرازوەكەی لاسەنگە و بەشی خۆی لەدادی كۆمەڵایاتی و خزمەتگوزاری و بژێوی ژیانی بۆ دابین نەكراوە، بەگوێرەی مافی هاوڵاتی بوونی ئەوا ئەوكاتە دەسەڵات بەنەیاری مافەكانی ئەبینێ و لەهەوڵائەبێ بۆ دورخستنەوەی جا ئەویش گەر وڵات دیموكراتی بوو ئەوا سندوقەكانی دەنگان بەكارئەهێنێ بۆ دەستە بەركردن و گەڕانەوەی مافاكانی خۆی، ئەگەر نا ئەوا یاخی ئەبێت وچیتر گوێڕایەڵ و بێدەنگ نابێ، زۆر رێگاش هەیە بۆ پشاندانی توڕەیەكانی هەر لەخۆپیشاندانەرە تا یاخی بوونی چەكداری.

ئۆپۆزسیۆن زۆر جیاوازە ئەویش بەوەی كە لەهەوڵێكی بەردەوامایا و ململانێ ئەكا لەسەر ئەوەی لایەنە خراپەكانی دەسەڵات، یان ڕاستر بڵێین كاره كاڵ و كرچەكانی‌ بە خەڵكی بناسێنێ و هەوڵەیا كە كارەكانی حكومەت دیارو شەفاف بێ و بودجە لەخزمەتی هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵابێ،  ئەمە ئەگەر هەستی كرد كارەكانی حكومەت ئاڵۆزەو دیارو ڕون نیە ئەوا لە ڕەخنە لەڕەخنە گرتنێكی بەردەواما ئەبێ و بەردەوام بەرچاو ڕوونی ئەیات لەسەر ئەو خاڵانەی كە حكومەت وەك خۆی بە هاوڵاتی ناگەیەنێ.

لە هەرێم  نەیار هیچ كاتێ بوونی نەبووە و ئۆپۆپزسیۆنیش بوونی نەماوە ئەگەرچی هەندێ جار نووزەنووزێك ئەبیسترێ كە هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێ چونكە ئەگەر خەڵكانێك نەبن بەڕاستی پەستان بخەنە سەر حكومەت تا پابەندبێ بەو ڕێكەوتنەی لەگەڵ حكومەتەكەی عادل عەبدول مەهدیا كردوویەتی و ئەو بڕە نەوتە ڕادەستی بەغا نەكا  ئەوا ئیحراجیەكی زۆر بۆ عەبدول مەهدی دروست ئەبێ و سەرەنجام هەرێم یەكێك لە باشترین دۆستەكانی لەدەستئەیات و بێ متمانەی دروست ئەبێ كە ئەمەش دەركەوتەی سەرەتایەكی نوێ ئەبێ بۆ خیتامێكی خراپ.

سامانی وەستا بەكر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی