لادان لەپرەنسیپەكانی گۆڕان

لادان لەپرەنسیپەكانی گۆڕان

مەلا فرمان


471 جار خوێندراوه‌ته‌وه

هەنگاوی یەكەم دەمەوێ هەمو گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاو و دۆستەكانی گۆڕان دڵنیا بكەمەوە كە بەندە خۆی بە هەڵسوڕاو وخاوەن گۆڕان دەزانێت، بەردەوامیش دەبم لە بەگژاچونەوەی ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆ دەیەوێ گۆڕان زیاتر بەلاڕیدا بەرێت. یەكەم هەوڵم، داوام كرد لە knn   لە چوارچێوەی دەستوری گۆڕاندا قسەی خۆمان بكەین، بەداخەوە ساز نەكرا. هۆكاری ئەم نوسینەش بێویژدانی هەندێ لە ئەندامانی خانەی راپەڕاند و ئەندامانی جڤاتە لەوانەی كە بە نیازی پلە و پۆستن لە هۆكار و چۆنیەتی دەست لەكار كێشانەوەكەی بەندەن. لەم نوسینە هەوڵمداوە تەنها چەند خاڵێكی گشتی  باس بكەم كەبە كەڵكی بڵاوكردنەوە دێن.

ئەو هەوڵانەی دراوە و بەنیازە بنرێن بۆ بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەی گۆڕان بریتین لە:
1-سڕكردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و تێپەڕاندنی یاسای دژە تیرۆر، ئەو یاسایەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفای پێ تاوانبار كرا و ویستیان پێی دادگایی بكرێت. جگە لەوەی تێپەڕاندنی ئەم یاسایە بی ئاگایی جڤاتی نیشتمانی بو.

2-بەر لە كۆبونەوەی جڤات، خانەی راپەڕاندن لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی رێككەوتبون كە بە  " بەڵێ" دەنگ بدەن بە ریفڕاندۆم.

3-دەنگدانی رێكخەری گشتی بە بەڵێ بۆ ریفڕاندۆم.

4-بێدەنگی خانەی راپەڕاندن لە ١٦ ئوكتۆبەر و كەركوك.

5-بەدەنگەوەنەچونی كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان و لە بری چارەسەركردن كەڵەكەبونیان. كێشەی مەكۆی كەركوك و ئەنجومەنەكانی دەرەوەی وڵات بە نمونە.

6-دواخستنی كۆنفرانسی نیشتمانی، كە بریاری جڤاتی لەسەر درابو لە ٢٠/١/٢٠١٩  ( یان لە ماوەی ٣ مانگدا لە كۆبونەوەی ١٠/٢٠١٨ جڤاتی نیشتمانی).

7-كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم. بە پێچەوانەی رای رەوانشاد كاك نەوشیروان " سیستەمی پەرلەمانی، هاوشێوەی بەغدا".

8-سبەی ٢٨/٥  ئەم دەسەڵاتە لە پەرلەمانی كوردستان پێچەوانەی پرەنسیپەكانی گۆڕان بەشدار دەبێت لە دانانی بتەوكردنی بناغەی سیستەمی حوكمڕانی حیزبی و بنەماڵەیی.

9-ئەمڕۆ ٢٧/٥ خانەی راپەڕاندن بەیان نامەیەكی دەركرد لەسەر بارودۆخی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان و تێیدا داوای كۆبونەوەی لوتكەی حیزبەكان دەكات، لەگەڵ ئەوەی داوایەكی باشە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بە وشەیەكیش ناوی ریفڕاندۆم نەهاتوە كە هۆكاری سەرەكی ئەو بارودۆخەی ئێستای كەركوكە.

10-هەڵە و هەڵوێستە سیاسیەكانی ئەم خانەیە هۆكاری سەرەكی ئەو شكستانەن توشی بزوتنەوەكەمان هاتوە. لەوانە تۆرانی بەشێك لە دەنگەدەران و كەمكردنەوەی كورسیەكانی گۆڕان لە ٢ هەڵبژاردندا.

11-یەكێ لە پێشنیارەكانی بەندە و چەند ئەندامێكی تر، لەگەڵ ئەوەی دژی بەشداریكردنی گۆڕان بوین لە حكومەت، ئەوەبو پارتی دیموكرات ناچار بكرێت بە " بەدەرچونی هەر لایەنێك لە حكومەت لە كاتی پابەند نەبونی حكومەت بە بەڵێن و بەرنامەكانیەوە، حكومەت بە هەڵوەشاوە دابنرێت". وەڵامی برادەران ئەوەبو كە پارتی رازی نیە.

12-لادانی ئەم خانەیە لە دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان. سزادانی  ئەندامی جڤات عبدالرزاق شەریف وهەڵسوكەوتی زۆر ناحیزبیانە لەگەڵ هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان عبداللە مەلا نوری.

13-دەپرسم ئەرێ هۆكاری زیاتر لە ١٠ دە ئەندام جڤاتی نیشتمانی دیاری ئەم بزوتنەوەیە بۆ؟ تا چەند خانە بەدەنگەوە هاتوە؟ 

هەمو برادەران لە جڤاتی نیشتمانی راو تیبینی و رەخنەكانی بەندە دەزانن، جۆن حیزبیانە لە كۆبونەكان دەرم بڕیوە، بەڵام موخابن بەهەند وەرنەگیراوە. تا كار گەیشتە ئەوەی دەست لە پلەی ئەندامی جڤات بكێشمەوە، لێرەوەش چیدی بەرپرسیارنێم لە بڕیارەكانی لەمەودوا، بڕوام وایە لەدەرەوەی جڤات دەتوانم بە هاوكاری هەڵسوڕاوە دڵسۆزەكانی گۆڕان فشار بخەمە سەر خانەی راپەڕاندن تا پێشگیری بكەین لە زیاتر بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەكەمان. 

دوا قسە، بۆ ئەوەی گۆڕان لە حیزبەكانی تر نەچێت ئەركی هەمومانە دەست بە پرەنسیپەكانی گۆڕانەوە بگرین و پێكەوە دڵسۆزانە كار بۆ جێبەجێكردنیان بكەین.  

مەلا فەرمان



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved