چۆن لە سەرۆکی ئەمریکا بگەین؟

29/05/2019

سەردار عەزیز


لە دونیای کوریدا هەرکاتێک باس لە ڕۆڵی سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت، دەستوبرد دەربڕینێکی ئامادە بە ڕوتدا دەتەقێتەوە: ئەمریکا وڵاتی سیستەمە سەرۆک هێندە ڕۆلی تیادا نیە. ئەم ڕستە ئامادانە، دیاردەیەکی کوشندەی عەقڵین. پێش هەموو شتێک سیستەم وشەیەکی ناڕونە. ئەگەر سیستەم لە کۆمەڵێک دەزگا پێکدێت، ئەوا لە زمانی کوردیدا چەمکی دەزگا ئێجگار ناڕونە. لە ڕاستیدا لە دونیای مەعریفەدا چەمکی دەزگا بە تەواوی نارونە. 
ئەگەر ئەمریکا وڵاتی دەزگا بێت، ئەوا سەرۆک دەزگایە. سەرۆک بەشێکی سەرەکی سیستەمی سیاسیە. لەم نوسینە کورتەدا دەمەوێت بە دەر لە دیدە گشتیەکان باس لەو ئەدەبیاتانە بکەم کە بۆ ئەم بوارە تەرخانکراوە. توێژینەوە لە سەرۆک لە ئەمریکا بوارێکی ئێجگار فراوانە و لە ڕوانگەی جیاوازەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام کاری لە سەر دەکرێت. بە گشتی دەکرێت بوترێت سێ دید هەیە: دیدێکی تەقلیدی کە بڕوای وەهایە پێگەی سەرۆک ناوەندێکە بۆ پێکەوە گریدانی خەڵک یان کۆمەڵگا و حکومەت یان دەستور. 
ئەم دیدە گەشبینە لە چەند دەیەی رابوردودا بە دیدێکی تەواو پێچەوانە جێگەی گیراوەتەوە ئەویش دیدی ئەوەی کە پۆستی سەرۆک لە هەناو سیستەمی سیاسی ئەمریکیدا پۆستێکی ترسناکە. لە بەڕ گەورەیی و کاریگەری، پۆستی لەوجۆرە نابێت هەرگیز لە دەستی تەنها کەسێکدا بێت.
دیدی سێیەم کە زیاتر جێگەی سەرنجە دیدی ستیفین سکۆرنێکە. ستیفین یەکێکە لە لێکۆڵەرەوە ناسراوەکانی بواری سەرۆکایەتی. ئەو چەمکەی سکۆرنێک چەمکی کاتی سیاسیە. مەبەست لە کاتی سیاسی ئەوەیە کە کات لە سەر بنەمای سیاسی پۆلێن بکرێت، جودا لە کاتی عەلمانی. کاتی عەلمانی کاتی ژمێردراوە، بەڵام کاتی سیاسی کاتی روداوییە. ئەو بڕوای وەهایە ئەم کاتە سیاسیانە دابەش دەبن بە سەر چەند قۆناغێکدا، کەلە ئەنجامدا سوڕێک دروست دەکەن.

قۆناغەکانی ئەم سوڕە بۆ تێگەیشتن دەکرێت لە هەر سەرۆکێکەوە دەست پێبکەین. بۆ نمونە گەر لە فرانکلین رۆزڤیڵتەوە دەست پێبکەین، لای سکۆرنێک رۆزڤیڵت یەکێکە لەو سەرۆکانەی کە بە بونیادنەرەوە پۆلێن دەکرێت. ئەم سەرۆکانە لە ساتەوەختێکدا دێن کە زەمینەی ئەوە لە بارە هەتا بتوانن سیستەمی سیاسی لە سەر وێنای خۆیان بونیادبنێنەوە. لە سەردەمی نوێدا ڕۆناڵد ڕێگن هاوشێوەی رۆزفێڵت سەرۆکە. کۆمەڵێك تیما هەیە کە ئەم سەرۆکانە لە سەری کاردەکەن کە پێکەوە ئاگایی بنەرەتی سیستەمی حوکمڕانی ئەمریکی پێکدەهێنێت، یان ئەوەی کە دەتوانین پێی بڵێین ئایدەلۆژی ئەمریکی. ئەم تیمایانە بە گشتی خۆی لە ڕۆڵ پێگەی حکومەتدا دەبینێتەوە. ئایا حکومەت بچوک بێت یان گەورە؟ ئایا حکومەت کێشەیە یان چارەسەر؟ سەرۆکی لەمجۆرە کاریگەری گەورە لە سەر سیاسەتی وڵات جێدەهێڵین، بەجۆرێک قۆناغێک دادەڕێژن کە لە دوای نەمانیشیان درێژەی دەبێت. بۆ نمونە ئۆباما لە سەردەم یان قۆناغی ڕێگندا بوو، بۆیە بێتوانا بوو لە ئەنجامدانی ئەوەی دەیویست. خۆی ئاماژە بە ئەوە ئەدات کە ڕەنگە لە کاتی خۆیدا نەهاتبێت. 
لە پاش قۆناغی بونیادنەرەوە ئەو سەرۆکانە دێن کە درێژەپێدەر و کەم کاریگەرن، بۆ نمونە هاری ترومان پاش رۆزفێلت و بۆشی باوک پاش ڕێگن. ئەم جۆرە سەرۆکانە تەنها درێژەپێدەرن، زۆر بەکەمی کاریگەرییان هەیە. پاش ئەم سەرۆکە هاکەزاییانە، سەرۆکی پێشینەیی یان پری-ئێمتیڤ، ئیستیباقی دێت. دویت ئایزنهاوەر و بیل کلینتۆن لەمجۆرە سەرۆکانەن. ئەم سەرۆکانە وەک سەرۆکی ئۆپۆزسیون یان جیاوازدێن بەڵام هەرزوو سیمای سەردەمەکەیان بۆ دەردەکەوێت بۆیە بنەما سەرەکیەکانی ئۆرسەدۆکی بونیاد دەنێن. ئەمە ئەگەر لە جێگایەکی تر لێی بنواڕین بۆ نمونە تۆنی بلێر درێژە پێدەری تاتچەرە. 
لە پاش ئەمانە ئەو سەرۆکانە دێن کە باوەردارن بە ئۆرسەدۆکی سەردەمەکە یان بەهاکانی سەردەمەکە و دەیانەوێت خزمەتی بکەن، کەسانی وەک کەنەدی و بۆشی کوڕ. لە پاش ئەمان جارێکی تر سەرۆکی پێشینەیی دێتەوە، کە ئۆباما نمونەی دیاریەتی هەروەها نیکسۆنیش. ئەم سەرۆکانە دەیانەوێت گۆڕانکاری بکەن، بەڵام کاتی گۆڕانکاری لە بار نیە، بۆیە سەرباری هەوڵیان، بە تایبەتی ئۆباما، بەڵام سەرکەوتونابن لەوەی گۆڕانکاری کاریگەر بکەن لە سیستەمەکەدا. ئەوەی دوای ئەمانە دێت ئەو ناوی دەنێت دابڕ یان دیسجەنکتیڤ. سەرۆکی لەمجۆرە کارتەر و هەروەها ترەمپیش لەمجۆرە سەرۆکەیە. ئەم سەرۆکانە هێندە باوەڕیان بە ئۆرسەدۆکی نیە، بەڵام لاواز و بێتوانان لە بەردەم قەیرانەکاندا. 
ئەم تیورەیە لە زۆر ڕوەوە دەچێتەوە سەر تیورەی بونیادەکانی شۆرشی زانستی تۆماس کوهن. هەروەها دەچێتەوە سەر ئەو تیورە زۆرانەی دەربارەی پەیوەندی نێوان دەزگا و گۆڕان. بە گشت چەند خاڵێک جێگای سەرنجە:
یەکەم، ئایا روداو و دۆخەکە گۆڕانکاری دروست دەکەن یان کەسەکان. ئەم دیدە پێمان دەڵێت هەماهەنگی نێوان هەردوکیان بەڵام بە بوونی ئاگایی بە ساتەوەختی سیاسی. 
دووەم، ئەوەی جێگای سەرنجە کە گۆڕانکاری تەنها کاتێک ڕودەدات کە قەیرانەکان گەورە و هەمە لایەنن. وەها دیارە خەڵكی بە گشتی کۆیلەی خو و داب و عادەت و نەریتن. لە راستیدا ئەمە کرۆکی پرۆسەی یاسایە. یاسا بۆ ئەوەیە کە داب و نۆرمی کەسەکان بگۆڕێت. لە زۆر جێگای دونیا پاک و خاوێن راگرتنی جێگا گشتیەکان سەرەتا لە سزاوە دەستی پێکرد، سزادانی هەرکەسێک کە شت فڕێ بدات، پاشان بوو بە نەریت. 
سێیەم، سیستەمی ئەمریکی بە گشتی پارێزەرە، دەبینیت دیموکرات تەنها لە ساتەوەختەکانی قەیراندا دێت. ئەم نەریتی پارتی دەسەڵات و پارتی ئۆپۆزسیون بە گشتی مۆدی سەرەکی زۆر لە دیموکراسییەکانی دونیایە.
چوارهەم، وەرچەرخان هەمیشە گەشەدەکات هەتا دەگاتە ساتەوەختی گەیین. بەڵام پێش ئەوە ساتەوەختێکە کە هەستی پێدەکرێت، داوا دەکرێت، فشاری بۆ دەکرێت، بەڵام هێشتا پارادایمە کۆنەکان زاڵن. 
ئەم دۆخە زۆرجار نائومێدی و بێزاری و تراژیدی بەرهەم دەهێنێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی