ترافیكی سوری نێوان پارتی و یەكێتی

ترافیكی سوری نێوان پارتی و یەكێتی

هیوا سەید سەلیم


443 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە لایەن پەرلەمانی كوردستان، بۆ جارێكی تر تراافیكی سوری بۆ پەیوەندیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی هەڵگیرساند، وە جارێكی تر شەرێكی سارد لە ئاستی ڕاگەیاندن و هڵگیرساندەوە و كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی ئەو دوو حزبە لە ئاستی فەرمی و نافەرمی كرانە مینبەری تۆمەتباركردنی یەكتری،  بەوەی هەریەكەو ئەوی تر تۆمەتباربكات كە پابەندی رێكەوتنامەی نێوانیان نەبوونە .


ئالۆزی پەیوەندیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، كە ساڵانێكە لە هەرێمی كوردستاندا شەریكە دەسەڵاتی یەكترن و لە چەندین وێستگەی گرنگ بەیەكەوە بوونە و جارجاریش لەگەڵ یەكتر ناكۆك بوونە، بەشێوەیەك كە ناكۆكیەكان گەیشتۆتە ئاستی پێكدادانی چەكداری و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و تەنانەت دوو ئیدارەیش ،  بەڵام ئەگەر ئەمجارەیان  وا لێكبدرێتەوە كە ناكۆكیە لەسەر بەرژەوەندیەكان و دابەشكردنی پلەو پۆست وەك هەر جارێكی تر،  ئەوا ئەوەی كە ناكۆكیانە قووڵتردەكاتەوە،  زیاتر نەبوونی متمانەیە لە نێوان ئەو دوو لایەنەی دەسەڵات، هەر بۆیەشە باشترین رێكەوتن لە نێوان ئەو لایەنانە هەمیشە وەك مەرەكەبی سەر كاغەز دەمێنێتەوە و ناچێتە واری جێبەجێكردنەوە.


ئەمجارەیان لە كاتێك پارتی و یەكێتی چرای سور بۆ یەكتر هەڵدەكەن،  كە خەڵكی كوردستان لە ئاستی ناوخۆدا چاوەڕوانی بەكرداركردنی بەڵێنەكانی ئەم دوو لایەنە و لایەنەكانی تر بوونە كە لە دوایین هەڵبژاردن بە خەلكی كوردستانیان داوە، وە دۆخی كوردستان و ناوچەكە لێی دەخواستن  كە  پشت لە بەرژەوەندیەكان و بە ئاراستەی بەرژەوەندیە گشتیەكان هەنگاوبنێن.


جارێكی تر حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان نەك  هەر ئەمە ناكەن، بگرە بە ناكۆكیەكانیان درزی سیاسی نێوانیان فرەتردەكەن و هێندەی تر خەڵك بێ متمانە دەكەن و دۆخەكە بە ئاڕاستەی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری زیاتر دەبەن، كە ئەگەر ئەو دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت گومانی بە دوو ئیارەیكردنی دوو ئیدارەی هەرێم دەبێتە واقیعێكی تاڵ.


هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 250، رۆژ نزیك دەبێتەوە، رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی جگە لە دواخستنی كابینەی تازە،  مەترسی دۆڕاندنی ئیدارەی پارێزگای كەركوك و لاوازكردنی زیاتری سەنگی كورد لە بەغدا و دەیان ئاریشەی تری لێدەكرێت.


ئەوەی تێبینی دەكرێت گرفتی گەورەی ئەو قەیرانە سیاسیەی كە ئەم جارەیان لە نێوانی نێوان پارتی و یەكێتی  لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم سەریهەڵداوە، لە لایەك نەبوونی نێوەندگیرێك جدیە كە لەسەر دەسنیشانكردنی لایەنی كەمتەرخەم و رێگاچارەی دەرچوون لەو قەیرانە قسەی خۆی هەبێت،  كە جیا بێت لە قسەی ئەم دوو لایەنە كە یەك ئەویتر تۆمەتبار دەكات، لە لاكەی دیكەش كێشەكە بۆ لاوازی پێكهاتەی ئەم خوولەی پەرلەمان دەگەڕێتەوە كە نەك وەك دەزگایەكی چاودێری و یاسادانان ناتوانێت رۆڵ ببینێت بگرە كراوەتە شوێنی بێ هەیبەتكردنی ئەو دەزگا گرنگە.


بەڵام لەگەڵ بوونی ئەو جیاوازیەش لە تێڕوانی سیاسی و ناكۆكی لەسەر پۆست و ئیمتیازات، پارتی و یەكێتی بەدەر لە بژاردەی رێكەوتن هیچ رێگاچارەیەكی تریان لەبەردەم نیە، بۆیە دەبێت لایەنگرانی سازان لە نێوان ئەو دوو لایەنە زیاتر لەوانی تر گوێیان لێبگیرێت و رێگای بەزاندنی خەتە سورەكان بەكەس نەدرێت.


ئەو چرا سورەش كە پارتی و یەكێتی بۆیەكتریان هەڵكردووە نابێت تا سەر بە سوری بمێنێتەوە، ئەوەی زووتر چاری سەوز بۆ ئەویتر هەلبكات گرەوەكە دەباتەوە، چونكە ئەزموونی ڕابردوو دەریخست كە ئەو دوو حزبە ناتوانن بەبێ یەكتر ئیدارەی ئەو هەرێمە بكەن، ئەمە واقعە و خۆ دزینەوە لەو واقعە بیركردنەوەیەكی نالۆژیكیە .








ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved