خوێنی كەركوكی و خەنینی ئێوە

31/05/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

دوو بەیاننامەی قۆڕو بێناوەڕۆك دەرمەكەن و لە خۆتان وابێت شتتان كردووە ، بیر لەو خوێنە بكەنەوە كە دەڕژێت ، ئێوە بۆ نەوت و دەسكەوت و دۆلار بەلاتانەوە ئاساییە شەڕی براكوژی چێبكەن ، لێ‌ بۆ خوێنی كەركوكیەكان مویەكتان ناجوڵێت و لە نوكتەو قسەی خۆشی خۆتان ناكەون ، داخم ئەو داخەشە ئەو كەركوكیە حەیاتانە هێشتا گۆرانی بە باڵاتانا دەڵێن ، ئەوان گۆرانیتان بۆ دەڵێن و ئێوەش بە بۆشكەو بۆڕی نەوت و خوێنەكەیان هەڕاج دەكەن ، دەسبەردانی ئێوە لە خاك و خەڵك و قەپكردن بە بۆڕی نەوتا دۆخێكی دروستكردووە ، مەگەر كودەتا و تەفرو تونا كردن .

ئێوە كەركوكیەكانتان بۆ گورگەكان جێهێشت و بێشەڕ هەڵاتن و لە دورەوە سەیری خوێنی كەركوكیەكان دەكەن و هەڵاتن وهەریەكەتان ئەوی تری تاوانباركرد بە فرۆشتن ،كەركوكتان لە نێو دەریایەك رق و قینی ناشریندا دایەوە دەست حەسەن پلایس و مەهدی موهەندیس و دایی و ئاغاكانی نەوت .

بیرتانە لەبەردەم كەركوكیەكاندا دەخەنینەوە ، ئەو كاتەش هەندێك چەتەی كوردایەتی خەریكی تاڵان و دزی بوون ، نەوت و زەوی و ناموسی خەڵكیان دەدزی و وەك جەنەڕاڵی كوردایەتی خۆیان نمایش دەكرد ، لەبری تۆوی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە ، رقتان چاند ،ئێستاش ئەوەم بیرە كە محەمەد خەلیل جبوری بە رۆژنامەنووسە ئەمەریكیەكەی وت ئێستا كورد ئەنفالمان دەكات ، ، ئەوەم بیر ناچێتەوە كابرای عەرەب بە خۆمی وت كوڕەكەم بزرەو گەڵابەكەی لە بارەگای فڵان بەرپرسە ، ئاخر چەند گایەكی ریخن ئەگەر چارەسەر نەكرێن هەموو گاڕانەكە توشی نەخۆشی دەكەن.


ئێوە واتان كرد پیاوێكی وەك موقتەدا بە حكومەت بڵێت گەر هیچ ناكەن ئێمە هەین ، شەرم نیە موقتەدا لە سەر كەركوك بێتە دەنگ و ئێوەش خەریكی بە یاننامەی قوڕاوی بن ، خوێن بە بەیاننامە ناوەستێ‌ خوێن پێویستی بەوەیە درۆنەكەن لە گەڵ شارێكا كە نازانم نەوتەكەیتان پێ‌ قودس و دڵە یان خۆی .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی