متمانه‌

متمانه‌

کامەران وریا قانع


247 جار خوێندراوه‌ته‌وه

به‌شى 2 كۆتایی

كۆرییه‌كان قسه‌یه‌كى باویان هه‌یه‌ ده‌ڵێن( كۆریه‌ك به‌رامبه‌ر یابانیه‌ك ، كۆریه‌كه‌ به‌هێزتره‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌ كۆرییه‌ك به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵه‌ یابانیه‌ك، كۆمه‌ڵه‌ یابانیه‌كه‌ به‌هێزتره)
ئه‌م وته‌یه‌ ده‌ربڕینى كارى پێكه‌وه‌ییه‌ كه‌ له‌ چ ئاستێكى به‌رزه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاى یابانى به‌راورد به‌ كۆمه‌ڵگاى كۆرى. ئه‌م كارى پێكه‌وه‌یه‌ و ئاماده‌ بوون به‌ كاركردن به‌ گروپ له‌ بوارى ئابورى پێده‌ڵێن (سه‌رمایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى) وه‌ك له‌ به‌شى یه‌كه‌مى ئه‌م نووسینه‌ باسكرا.

سه‌رمایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى وه‌ك هه‌ر جۆره‌ سه‌رمایه‌كى تر ده‌كرێت له‌ ده‌ست بدرێـت یاخود كه‌مبێـته‌وه‌ له‌ ساتێكى زه‌مه‌نى بۆ ساتێكى تر.هه‌روه‌ها ده‌كرێت ئه‌م سه‌رمایه‌یه‌ زیاتر په‌ره‌ى پێبدرێت و ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكرێت.

به‌ كورتى له‌ په‌نجا ساڵه‌ى رابردووى كۆمه‌ڵگاى كوردى ئه‌م سه‌رمایه‌ی به‌ر چه‌ندین هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زین كه‌وتوه‌، وه‌ ئه‌م سه‌رمایه‌ زیاتر سه‌رمایه‌ك بوه‌ كایه‌ى سیاسى دروستى كردبوو( پێچه‌وانه‌ى  یابانیه‌كان كه‌ زیاتر له‌ بوارى ئابورى و پیشه‌سازى یاساكانى كاركردن دروست بوه‌) چونكه‌ كۆمه‌ڵگاى كوردى تا ئه‌م ساته‌ش له‌ رووى پیشه‌سازى و بوارى ئابورى رۆلێكى ئه‌وتۆى نیه‌ ، كۆمه‌ڵگاى كوردى به‌ حكومى ئه‌وه‌ى له‌سه‌رده‌مى داگیركه‌ر زۆربه‌ى كاته‌كانى به‌رێ كردوه‌ ، رژێمه‌ داگیركه‌ره‌كانیش بوونى گروپ هاندانى رۆحى كاركردن و هاریكارى به‌ كۆمه‌ڵ به‌ یه‌كێك له‌ محره‌ماتى( بڤه‌كانى ) كۆمه‌ڵگاكانى ئه‌زانێت( هه‌رچه‌ند خه‌ڵكى هه‌ولیرى ئازیز له‌ ساڵى 1988 سه‌رمایه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌وره‌ى دروست كرد كاتێك هاوكاریه‌كى گه‌وره‌یان له‌ كۆلانه‌كانى شار كۆكرده‌و  پێشه‌كه‌شى هه‌ڵبجه‌یه‌كان كرد كاتێك ئاواره‌ى هه‌ولێر بوون، پرۆسه‌ى هاوكارییه‌كه‌ و كارى پێكه‌وه‌یی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ بوو ، حكومه‌تى ناچار كرد كه‌ ته‌نها وه‌ك ته‌ماشاكه‌رێك رۆڵ ببینێت ) . لێره‌دا كۆمه‌ڵگاى كوردى ناچار كراوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى كۆمه‌ڵگاى خۆى زیاتر له‌ شاخه‌كان به‌ دواى سه‌رمایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و متمانه بگه‌رێت كه‌ خۆى له‌ شۆرش كردن ده‌بینێته‌وه‌ . ئه‌م شۆرشانه‌ى كورد به‌شێكى گه‌وره‌ی متمانه‌ى كۆمه‌ڵگاى كوردى بۆ خۆى بردبوو، به‌جۆرێك گه‌نجێك ئاماده‌ بوو له‌ زیندان له‌ سێداره‌ش بدرێت به‌ڵام متمانه‌ى هاورێكانى نه‌دۆرێنێ.

له‌ سه‌ره‌تاى راپه‌رینى 1991 ئه‌م متمانه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ بوو، هه‌ر تاكێكى كورد خۆى به‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك ده‌زانى، هه‌موو له‌ بیرمانه‌ سه‌ره‌تاكانى راپه‌رین ( سه‌رى به‌رزمان بۆ مووچه‌ نه‌وى ناكه‌ین) به‌ هێزترین دروشم بوو له‌ كۆمه‌ڵگاى كوردى. 

ئه‌وه‌ى دواتر روویدا له‌ ده‌ست دانى ئه‌و متمانه‌یه‌ یاخود ئه‌و ( سه‌رمایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ) بوو له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنى هه‌رێم كه‌ ته‌زویر هه‌موو پرۆسه‌كه‌ى بێ مانا كرد، كه‌ لێره‌دا خه‌تاى كۆمه‌ڵگا نه‌بوو، به‌ڵكو خه‌تاى ئه‌و سیاسیانه‌ بوو كه‌ به‌ روحێكى نه‌خۆشه‌وه‌ هاتنه‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵگا و سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆداڕمانى ئه‌و سه‌رمایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌ له‌ شاخه‌كانه‌وه‌ دروست كرابوو.

دواتر شه‌ڕى برا كوژى هات له‌ ناوه‌راستى نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو، نیشتمان كرا به‌ دۆزه‌خه‌ێك ئه‌و كه‌سه‌ى خۆى به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌زانى له‌ راپه‌رین یه‌كه‌م كه‌س بوو،بارگه‌ى پێچایه‌وه‌و به‌ره‌و سه‌فه‌ره‌ى هانده‌ران به‌ یه‌كجارى رۆیشت. ئه‌م دۆخه‌ له‌ دواى رووخاندنى سه‌دام حسینیش هه‌ر به‌رده‌وام بوو،هه‌رچه‌ند جار جار سه‌رمایه‌كه‌ دروست ده‌كرایه‌وه‌ ( وه‌ له‌ نووسینه‌وه‌ى ده‌ستورى عێراقى) زۆربه‌ى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگاى كوردى هه‌ستیان به‌ سه‌ركه‌وتنێك ده‌كرد كه‌ یه‌كه‌مجار بوو له‌ مێژووى هاوچه‌رخ كورد ئه‌وه‌نده‌ قورسایه‌یی هه‌بێت له‌ ناوه‌ندى وڵاته‌كه‌ى.

به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌م ده‌سته‌كه‌وتانه‌ش به‌سترانه‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ پۆستێك كه‌ دووهێزى وه‌ك پارتى و یه‌كیه‌تى به‌كاریان هێنا بۆ زیاتر به‌رژه‌وه‌ندى زۆر بچوك كه‌ له‌ ئاستى چاوه‌روانى كۆمه‌ڵگاى كوردى نه‌بوو، له‌و ساته‌دا هه‌رچه‌نده‌ دۆخى ئابورى خه‌ڵك به‌ره‌و باشتر بوونێكى گه‌وره‌ ده‌چوو، شاره‌كان گه‌وره‌ بوون، دێهاته‌كان ئاوادان كرانه‌وه‌، فرۆكه‌خانه‌كان دروست كران، به‌ڵام كێشه‌ى ئه‌م ده‌سته‌كه‌وتانه‌ ئه‌وه‌ بوو دوو حوكمران ده‌یانكرد كه‌ رۆژ به‌ رۆژ پێگه‌ى بنه‌ماڵه‌یان پێ به‌هێز ده‌كرد( متمانه‌یه‌نا له‌ هه‌مۆوو كۆمه‌ڵگا ده‌سنده‌وه‌)، رۆژ به‌ رۆژ بریاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانى كۆمه‌ڵگاى كوردى له‌ رووى ئابورى و سیاسیه‌وه‌ ، سنوره‌كانى بچوكتر ده‌بوونه‌وه‌ له‌ حزبه‌وه‌ گۆرا بۆ مه‌كتب سیاسیه‌كان، له‌ مه‌كته‌ب سیاسیه‌كانه‌وه‌ بۆ ناو خێزانه‌ ده‌سترۆیشتوه‌كان(  وه‌ ده‌كرێت  دروست  بوونى بزووتنه‌وه‌ى گۆران هه‌وڵێكى گه‌وره‌ بوو بۆ گه‌رانه‌وه‌ى متمانه‌ به‌ تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا، وه‌ كۆمه‌ڵگاش پشتگیریه‌كى گه‌وره‌ى لێكرد ) .هه‌روه‌ها پرۆژه‌ى ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ى كوردستان به‌ناو له‌شكرێك له‌ كه‌سى گه‌نده‌ڵ و ده‌زگاى گه‌نده‌ڵ به‌رێوه‌ ده‌چوو،له‌به‌ر ئه‌وه‌  ئه‌وه‌ى به‌دیهات له‌ پرۆژه‌ى ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ى كوردستان، ده‌كرا زۆر زیاتر بوایه‌ ، ئه‌م به‌ سیستماك كردنى گه‌نده‌ڵیه‌ بووه‌ هۆى بێهێز بوونێكى گه‌وره‌ى متمانه‌ و سه‌رمایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى. له‌ بوارى ئابورى ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێت بگوازرێته‌وه‌ بۆ بوارى كۆمه‌ڵایه‌تى  كه‌ میلله‌تانى دنیا كارى پێده‌كه‌ن ئه‌ویش ( شۆرشى خواسته‌كانه).

ئه‌م شۆرشه‌ زیاتر له‌ سه‌رده‌مى جیهانگیرى و سه‌رده‌مى په‌یوه‌ندى ئاسان به‌هۆى تۆرى ئه‌نترنێته‌وه‌ زیاتر گه‌شه‌ى كردوه‌، له‌م شۆرشه‌ میلله‌تان زوو هه‌ست ده‌كه‌ن چۆن ده‌ژین و چ كه‌مورتیه‌كیان هه‌یه‌ به‌هۆى به‌راوردكردنى دۆخى خۆیان به‌ میلله‌تانى تره‌وه‌ كه‌ دۆخى ژیانیان باشتره‌. ئه‌م زانینه‌ش وا ده‌كات به‌رده‌وام داخوازیه‌كان زیاتر بن و چاوه‌روانیه‌كان گه‌وره‌تر بن. ئه‌م به‌راورده‌ش زۆرجار یارمه‌تى حكومه‌ته‌كان ئه‌دات باشتر كار بكه‌ن وه‌ یارمه‌تى كۆمه‌ڵگاكانیش ئه‌دات سوود له‌ ئه‌زموونى ئه‌وانى تر وه‌رگرن. به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه هه‌م لاى حكومه‌ته‌كان و هه‌م لاى كۆمه‌ڵگاكانیش ئه‌م چاوه‌روانیه‌ بمێنێته‌وه‌ بێ پراكتیك كردن یان ‌ حكومه‌تێك خۆى گێل بكات له‌م شۆرشه‌ تازه‌یه‌،چونكه‌ هه‌موو خوگێل كردنێك په‌شێوى و ناره‌زایی به‌دواى خۆى دێنێت.

له‌ كۆتایدا هێشتا كۆمه‌ڵگاى كوردى سه‌رمایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى زیاتر له‌ بوارى كاركردنى سیاسیه‌وه‌ ئه‌بینێته‌وه‌ ، به‌ڵام كاتى ئه‌وه‌ هاتوه‌ ئه‌م روانینه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ بواره‌كانى ترى كۆمه‌ڵگاى كوردى( ئابورى ، په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستى، كشتوكاڵ..هتد) بۆ نموونه‌ بوارى كشتوكاڵ، ده‌كرێت كۆمه‌ڵگا بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ فشار له‌سه‌ر حكومه‌ت دابنێت كه‌( هه‌موو گوندێكى كوردستان هێڵى ئه‌نترنێـى هه‌بێت) بكاته‌ ئامانج ،  به‌یارمه‌تى حكومه‌ت و كۆمه‌ڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندێك، ده‌كرێت بوونى ئه‌نتنریت له‌ لادێكان بڵاو كردنه‌وه‌ى رۆشنبیرى فرۆشتن له‌سه‌ر نێت بوار به‌ جوتیارى كورد به‌رهه‌مه‌كه‌ى پیشانى كۆمه‌ڵگاو جیهان بدات، به‌مه‌ش زیاتر كه‌رتى كشتوكاڵ پێش بخات.


کامەران وریا قانع



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved