ستراتیژییەتی ئەمریكا لەرووبەڕووبوونەوەی ئێراندا

ستراتیژییەتی ئەمریكا لەرووبەڕووبوونەوەی ئێراندا

عومەر عەلی محەمەد


155 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەپاش ئەوەی كە دۆناڵد ترەمپ بوو بە سەرۆك كۆماری ئەمریكا، هەر لە سەرەتاوەو بەتایبەتی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیدا، بەڵێنی ئەوەی دابوو كە بە توندی روبەڕووی كۆماری ئیسلامی ئێران دەبێتەوەو كاردەكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتننامەی پێنج كۆ یەك، هەروەها لە لێدوانەكانیدا رەخنەی توندی لە باراك ئۆباما دەگرت، كە ئەو رێكەوتننامەیەی لەگەڵا ئێراندا مۆر كردووەو رێگەی داوە كە كۆماری ئیسلامی ئێران درێژە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بدات و تاقیكردنەوەی موشەكە دورهاوێژەكان درێژە پێ‌ بدات، گوتاری سیاسی ترامپ هاوشێوەی پارتە راستە توندڕەوەكانی ئەوروپایە، لە بەرامبەر كۆچبەر و رەگەزەكانی تر و بەتایبەتیش مسوڵمانان و وڵاتانی ئیسلامی بەگشتی، خاوەنی گوتارێكی توندە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سیاسەتەكانی ترامپ زۆر نزیكە لە گوتاری پارتە ئاینیە توندڕەوەكانی ئیسرائیل و بەبێ‌ مەرج پشتیوانی لە بەرژەوەندیەكانی ئیسرائیل دەكات و ئەو هەنگاوانەش كە لەم بوارەدا لە دوو ساڵی رابردوودا ناویەتی، هیچ حكومەتێكی ئەمریكی هەتا ئێستا ئەو جورئەتەی نەبووە، بەتایبەتیش داننان بەوەی كە قودس پایتەختی هەمیشەیی ئیسرائیلە و بۆ ئەم مەبەستەش سەفارەتی ئەمریكای لە ئۆرشەلیمەوە گواستەوە بۆ قودس و پاشانیش دانی نا بەوەدا كە جۆلان خاكێكی داگیركراو نیە و بەشێكە لە خاك و سیادەی ئیسرائیل.

سیاسەتەكانی ئەمریكا لەوكاتەوەی كە ترامپ جڵەوی بەدەستەوە گرتووە، بریتی بووە لە لێدانی ئەو هێز و دەوڵەتانەی كە ئیسرائیل بە مەترسیان لە قەڵەم دەدات بۆسەر بەرژەوەندیەكانی و هاوكات لەگەڵا ئەمەشدا ترامپ وەك بازرگانێكی سیاسی لە هەوڵی ئەوەدابووە بەرژەوەندی ئابوری زیاتر بۆ وڵاتەكەی پەیدا بكات، بەتایبەتیش لە وڵاتانی كەنداودا، ترامپ چەندینجار ئەوەی دووپات كردۆتەوە كە وڵاتانی كەنداو بەبێ‌ هێزی ئەمریكا ناتوانن درێژە بە مانەوەیان بدەن، ئەوانیش لە بەرامبەر پاراستنی ئەم وڵاتانە دەبێت پشتیوانی ماددی لە ئەمریكا بكەن، ئەمریكیەكان بە درێژایی مێژوو ئەگەر دوژمنیشیان نەبووبێت هەوڵیانداوە كە دوژمنی وەهمی دروست بكەن، بەتایبەتیش لەدوای روخانی یەكێتی سۆڤیەتەوە توندڕەوی ئیسلامی و گروپە تیرۆریستیەكان كراونە ئەو دوژمنە وەهمیەی كە دەبێت ئەمریكا و گەلی ئەمریكا روبەڕوویان ببێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە هاوپەیمانیەتێكی نێودەوڵەتی دروست كرد بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر كە خۆی لە قاعیدە و داعش و گروپە توندڕەوەكانی تردا دەبینیەوە، ئەم ستراتیجیەتە تەنها پەیوەست نیە بەچەند گروپێكی دیاریكراو بەڵكو زنجیرەیەكی بەردەوامە ،پاش ئەوەی زنجیرەیەك كۆتایی پێ‌ دێت، زنجیرەیەكی تر دەست پێدەكات، بۆ نموونە دەبینن پاش ئەوەی شەڕی داعش تەواو دەبێت شەڕی ئیسلامیە میانڕەوەكان دەست پێ‌ دەكات، لە ئێستادا دەبینین ئەمریكا لە هەوڵی ئەوەدایە كە ئیخوان بخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش لە پاش ئەوەهات كە سوپای پاسداران خرایە لیستی تیرۆرەوە.

لەسەر ئاستی ئەمریكا و جیهان بەردەوام رەخنەی ئەوە لە ئەمریكا دەگیرا كە روخاندنی رژێمی عێراق لەلایەن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیەوە بە سەركردایەتی ئەمریكا خزمەتێكی گەورەبوو بە ئێران و لەسەر پارچەیەك لە ئاڵتون پێشكەشیان كرد، چونكە لە پاش نەمانی رژێمی بەعس گروپ و پارتە شیعەكان دەستیان گرت بەسەر دەسەڵات لە عێراقدا و تەنانەت كۆتایی هاتنی شەڕی داعشیش هەموو بە بەرژەوەندی گروپە شیعەكانی عێراق شكایەوە، لە رێگەی ئەم شەڕەوە بە تەواوی كۆنتڕۆڵی ناوچە سونیەكانیان كرد و سوننە لەناو حكومەت و سوپا و هێزە ئەمنیەكاندا هیچ رۆڵێكیان نەما، هەروەها كوردیش لاوازكراو گروپەكانی حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی تر هێرشیان كردەوە سەر ناوچە جێناكۆكەكان و كەركوكیان لەدەست كورد سەندەوەو بە تەواوی رۆڵی كوردیان لەو ناوچانەدا لاواز كردوو تەنانەت لەڕوی ئابوریشیەوە دەیانەوێت بە تەواوی كۆنتڕۆڵی بكەن، ئەمریكا لە ئێستادا بە ستراتیجیەتێكی نوێوە مامەڵە دەكات، دەیەوێت هەڵەكانی خۆی لە رابردوودا راست بكاتەوەو جارێكی تر هەژموونی خۆی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەیەوێت رۆڵی ئێران لەم ناوچەیەدا لاواز بكات و بیخاتە ژێر قەڵەمڕەوی خۆی و لەڕوی ئابوریشەوە ئێران ببێتە بازاڕێكی گەورەی ئەمریكی، ئەمریكا خاوەنی ستراتیجیەتێكی سیاسیە بەرامبەر بە ئێران، بەشەڕ بێت یان بە ئاشتی دەیەوێت ئامانجەكانی بهێنێتەدی، كە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە كۆتایی هێنان بە هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی ‌و دەستبەرداربوونی مووشەكە دورهاوێژەكان، كۆتایی هێنا بە خەونی ناردنەدەرەوەی شۆڕش، كرانەوەی ئێران بەڕوی كۆمپانیا ئەمریكیەكان و رێگەدان بە گەشەی گروپە نامەزهەبیەكان، بۆئەوەی لەم رێگەیەوە دەسەڵاتی ئێستای موحافیزكارەكان لاواز بكات و ئێران وەك دەوڵەتێكی لاواز بمێنێتەوەو بیخاتە ژێر هەژموونی سیاسیەتەكانی خۆی .

عومەر عەلی محەمەد



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved