لەیادی یەكێتیدا

لەیادی یەكێتیدا

پەیکار عوسمان


332 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ناوخۆی پارتیش هەر وەكو حیزبەكانی ترە، فەرقەكە هەرئەوەیە، كە پارتی توانیویەتی هەرسێ جەمسەرەكەی خۆی بكات بە سەرۆك، بەڵام حیزبەكانی تر بوارو توانای ئەوەیان نیە كە حەزی سەرۆكایەتی هەموو جەمسەرەكانیان تێركەن، ئەم حەزەش كە لە سەرۆكبووندا شكڵی نەگرتوو نەگیرسایەوە، ئیتر لە باڵ و كوتلەو ترازاندا شكڵ ئەگرێ و ئەتەقێتەوە.

وەكچون دەزگاكەی مەسرور حكومەتێكی تەریبی حكومەتەكەی نێچیربوو، لەمەولا دەزگاكەی نێچێریش حكومەتێكی تەریبی حكومەتەكەی مەسرورەو ئێمە لەناو دووئیدارەییە تەقلیدەیەكەدا، لەبەردەم دووئیدارەییەكی تریشداین، چونكە نێچیر هەربەوە دەسەڵاتدار نیە، كە قانون دەسەڵاتێكی زۆری پێداوەو سەرۆكایەتییەكەی تەشریفاتی نیە.. بەڵكو ئەو بە حوكمی ململانێكەی ناو پارتی جەمسەرو دەسەڵاتدارە.

یەعنی ئێمە هەر لەبەردەم ئەوەدانین، كە حكومەتەكەی مەسرور، سەرۆكایەتییەكەی نێچیر سنوردار بكات، بەڵكو لەبەردەم ئەوەشداین كە سەرۆكایەتییەكەی نێچیریش حكومەتەكەی مەسرور سنوردار بكات، حیزبەكانی تریش جگە لەوەی خۆیان لەناو ململانێیەكی هاوشێوەدان، ئەشبنە پارسەنگ و كەرەستەی ئەم ململانێیەی ناو پارتی و دووای دابەشبوونەكانی خۆیان، دابەشی ئەم دووەی پارتیش ئەبنەوە!

جا لە یادی یەكێتیدا كە باسی پارتی ئەكەم، ئەمەوێ بڵێم كە فرە مینبەری یەكێتی هەر لە سەرەتاوە، پەیوەندی بە خودی فرەیی و كاری پێكەوەییەوە نەبووە، (چونكە بیری باوكایەتی هەڵنەوەشاندۆتەوە)! بەڵكو هاوشێوەی ئێستای پارتی، هەر فۆڕمێكی باوكایەتی سیاسییبووەو مام جەلال مەساحەیەكی بچوك باوكایەتی داوە بەوانیترو مەساحە گەورەكەی باوكایەتی بۆ خۆی بردوە!

كێشەكەش ئەم كولتوری باوكایەتییەیە نەك خودی باوكە سیاسییەكان، ئەم باوكایەتییەش لە پەروەردەو خێزان و یاسای ئەحوالی شەخسییەوە دەسكاری ئەكرێ، نەك لە گۆڕینی سەرۆكەكان و یاسای سەرۆكایەتی!!

با بچینە لای گۆڕان، تۆ شەڕ بۆ قایەرو عوسمان ئەكەیت دژی نماو چیا كە وەرەسەی باوكی سیاسی یەكەمی گۆڕانن. 

ئێ بە كلیكێك هەموو نەیارەكان لابەو بەس قایەرو عوسمان خۆیان بهێڵەرەوە، ئەوكات ئینجا شەڕی ئەو دووانە دەستپێئەكات لەسەر باوكایەتی حیزبەكە! 

ئێ عوسمانەكەش لابەو بەس قایەرەكە بهێڵەرەوە، ئەوكات ئەو ئەبێ بە باوكی سیاسی گۆڕان، دوای مردنیشی گۆڕان ئەبێ بە هی وەرەسەی ئەو! 

یەعنی تۆ ئێستا شەڕ لەگەڵ وەرەسەی باوكی یەكەم ئەكەیت، بۆئەوەی دوای دە ساڵ گۆڕان بچێ بۆ وەرەسەی باوكی دووەم! جا ئەم دوو نەتیجەیە فەرقی چیە؟؟

با سەرێكی یەكگرتووش بدەین، ئەرێ یەكگرتوو بۆ بەپەلە مامۆستا سەڵاحەدینی هێنایەوە؟ خۆ ئەسڵەن دۆخی یەكگرتوو دوای هاتنەوەی خراپتربووە!

مەسەلەكە هەر ئەوەیە كە هاتنەوەی مامۆستا، شەڕی باوكایەتی كۆتایی پێهێناوە، ئەو نەبێ لەنێون كادرە باڵاكانی یەكگرتوودا شەڕی باوكایەتی یەكگرتوو دەستپێئەكاتەوە.

بزوتنەوەش هەر جێ ی باوكایەتی ماڵی مەلا عەلی تێدائەبێتەوە، بۆیە عەلی باپیرو مەلا كرێكار ماڵیان بۆ باوكایەتی خۆیان دروستكردو جیاكردەوە.

نەبوونی شەڕی باوكایەتی لای پەكەكەش، تەنیا هی ئەوەنیە كە لەڕووی فیكرییەوە كاریان بۆ تێپەڕاندنی كردوە، بەڵكو هی ئەوەشە كە هێشتا باوكی یەكەم ماوەو زیندانیش لەڕووی مەعنەوییەوە باوكایەتییەكەی ئەوی بەهێزتركردوە، بۆیە هیچ باوكێك ناوێرێ سەردەربێنێ!

كۆمەڵەو دیموكراتیش، بۆچی هەریەكەیان دوو سێ نوسخەی هەیە؟ بێگومان لەبەر زۆریی باوكە سیاسییەكان.

ئەوانەی كە ئەتوانن دەساودەسی سیاسی بكەن، ئەوانەن كە پێش دەساودەسەكە كاری پێكەوەییان كردوەو پەیوەندی نێوانیان تەواوكارییبووە نەك تەبەعیەت و جێبەجێكاریی! 

ئەوانەی كاری پێكەوەییش ئەكەن، ئەوانەن كە فرەیی ئەفامن، ئەوانەشی كە فرەیی ئەفامن، ئەوانەن كە مناڵی پەروەردەیەكی نانەریتی و خێزانێكی نانەریتین!

كولتوری باوكسالاری لە پەروەردەو خێزانەوە دەسكاری ئەكرێ و كولتوری فرەییش لەو دەسكارییەوە لەدایك ئەبێ! 

تا پەروەردە هی مامۆستابێ و مناڵ هەر وەرگرو پاشكۆبێ و نەبێ بە كائینێكی بیركەرەوەو قسەكەرو هاوبەشی پرۆسەكە! 

تا خێزان هی پیاوبێ و نەبێ بە موئەسەسەی (دوو تاكی ئازادو یەكسان).

تا ئەو دوو شتە ڕوونەدا، فرەیی و كاری پێكەوەیی هەر دروشمەو نەبووە بە ژیان!!

كولتورەكە خۆی باوكسالارییەو تا مامۆستاش چەقی پەروەردەبێ و تا شتێك هەبێ بە ناوی سەرۆكی خێزان، باوكایەتی هەر تۆخئەبێتەوەو ئەڕوا تا سەری سەرەوە بۆ باوكایەتی سیاسی و باوكایەتی سیاسیش یان ئەگوازرێتەوە بۆ وەرەسە وەكو ئەوەی مام جەلال و بارزانی و نەوشیروان، یان وردئەبێتەوە بۆ هەزار باوكی سیاسی تر، وەكئەوەی سەدام!

بۆ تێپەڕاندنی دۆخێكی واش، كاری ئێمە ئەوەنیە باوكی تری وەكو شاسوارو لاهورو كێ وكێ.. دروستبكەین، كاری ئێمە ئەوەیە لە بنی بنەوەو لە كولتورو نەریت و پەروەردەو خێزانەوە، خودی باوكایەتی هەڵتەكێنین.

شەڕی دروستی ئێمە، شەڕكردنە لەگەڵ كولتوری (خێلەكی دینی) باوكایەتی، نەك ئەوەی ببینە بەشێك لە شەڕی باوكەكان.

پەیكار عوسمان



ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved