هەرێم لەنێوان بەرداشی بایكۆتی یەكێتی و دەسەڵاتی رەهای پارتی

02/06/2019

فەرهاد عەبدولعەزیز عەلائەدین

لە٢٨ ئایاری ٢٠١٩، پەرلەمانی كوردستان بە٦٨ دەنگ سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستانی هەڵبژارد،‌ئەوەش لە دوای تێپەڕبوونی هەشت مانگ بە‌سەر هەڵبژاردنەكانی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ و ماراسۆنی گفتوگۆكانی نێوان لایەنەسیاسیەكان، بەتایبەتی هی نێوان یەكێتی و پارتی و واژۆ كردنی دوو ڕێكەوتنامەی سیاسی و حوكمڕانی.  

هەڵبەتەبایكۆتكرنی فراكسیۆنی یەكێتی لەدانیشتنەكەی ٢٨ی ئایار چاوەڕوان نەكراو سەرسوڕمێنەر بوو، بەلام دیارە یەكێتی هەست بەبێباكی پارتی دەكات و بڕوایان وایەكەخەریكی قۆلبادانە بۆ ئەوەی ستراتیژەكانی بەسەر هاوپەیمانەكانیدا بسەپێنێ. هەندێ بەرپرسی یەكێتی باس لەوەدەكەن كەپارتی مامەڵەلەگەل كەسایەتیەكانی ناو یەكێتی دەكات نەك هەموو یەكێتی، بەوەش ترسیان لێ نیشتووە كە لەوانەیە‌پارتی رێكەوتنەكانی پەیوەست بە كەركوك و بەغدا جێبەجێنەكات. ئەو بەپرسانە وایدادەنێن كە پارتی گۆڕانكاریەبنەڕەتیەكانی ناو یەكێتی ناخوێنێتەوەو هەر بەشێوازی كۆن مامەلەلەگەل ئەو رێكخراوە دەكات. 

پارتی و دەسەلاتی رەها:
دەمێكە، بگرە لە دوایین كۆنگرەیەوە، پارتی ستراتیژی خۆی پێناسەكردووە و هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەلاتی رەها‌ی لەهەرێم داوە‌، وە لەهەڵبژاردنەكانی ئەیلولی ٢٠١٨ هەنگاوی یەكەمی ئەو ستراتیژەی بەدەست هێنا. لە ئێستادا، زۆرینەی لەپەرلەماندا زامین كردووە و بە ماتماتیكی ژمارەكان توانای تێپەڕاندنی هەر یاسا وبڕیارێكی چارەنوسسازی هەیە كە لەبەرژەوەندیدا بێت و بەپێچەوانەشەوە  توانای رێگرتنیشی لەهەر بڕیارێك هەیە كە لەبەرژەوەندیدا نەبێت. 

بەلام پارتی هەمیشەلەگەل ئەوەدایەكەدیوە بینراوەكەی دەسەلاتە رەهاكەی بەشێوازێك بێت كە كەمترین رەخنەی لێ بگیردرێ، بەبەشداری پێكردنی لایەنەكانی تر گلەیی تاكڕەوێتی ئاراستە نەكرێت. تەنانەت سیاسەتەكانی لەمەڕ بزوتنەوەی گۆڕان لەململانێی سەرسەختانەی سالانی ٢٠١٥  گۆڕیوە بۆ رازیكردن و راكێشانیان تا بەشداری لەپێكهێنانی حكومەتی نوێدا بكەن. بەوەش هەوڵی داوە بیسەلمێنێت كە پارتی نایەوێ تاكڕەوانە حوكمی هەرێم بكات و حكومەتی نوێش تەنها هی هەولێر و دهۆك نیە، بەلكو هی سلێمانیشە. هەر بەوەش پارتی توانیویەتی زۆرینە رەهاكەی خۆی و هاوپەیمانەكانی لە پەرلەماندا  بگەینێتە٦٨ كورسی و ئەجێنداكانیشی، بەبەشداری وەیان بێ بەشداری یەكێتی، بەرەوپیشەوە ببات.  لە ئێستاشدا وا پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت كەوتە خولانەوەوەو لەرۆژی ١٠ ی حوزەیران سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات و كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرێت‌. رەنگە نیگەرانی پارتی لەبەشدار نەبوونی یەكێتی لەدەنگدانەكەدا هەمە لایەنە بێت، بۆ نموونە دەكرا سەرۆكی نوێ بە متمانەی زۆرینەیەكی مەزنتر بوایە، وە زەمینەشی بۆ پێكێنانی حكومەت بە سەرئێشەیەكی كەمتر خۆش بكردبایە.

هاوكێشە نوێیەكەی ناو یەكێت
شاراوە نیە كە لەدوای نەخۆشكەوتن و دواتر كۆچی دوایی سەرۆك جەلال تالەبانی، شپرزەیی كەوتەنێو رێكخستنەكانی یەكێتی و حیزبەكە دووچاری كۆمەڵێك قەیرانی رێكخراوەیی و لێكترازانی پرۆسەی بڕیاردان هات. بۆ نموونە، جیابوونەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح (جێگری دووەمی سكرتێری گشتی) و ڕوداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر دوو گورزی گەورە بووەن كە سەرتاپای جەستەی یەكێتی هەژاند، بەلام دواتر حیزبەكە توانی تا رادەیەك خۆی رێكبخاتەوه، بەڵام نەك لە چوارچێوەی پێڕەو و بەپێی پەیكەرە كلاسیكیەكەی، بەڵكو بە ئیدارەكردنێكی نوێی سەرچاوەكانی بڕیار. گەرانەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح  بۆ ناو یەكێتی نەك تەنیا لە رووی رێكخراوەییەوە سوودی هەبوو بەڵكو پێگەی حیزبەكەی لە ئاستی عێراق و دەرەوەشدا جێگیرتر كردەوە و جۆرێك لە عینوان و مەرجەعیەتێكیش لە بەغدا بۆ هێنانەوە. بە واتایەكی تر، چەقی قورسایی یەكێتی گۆرانكاری بەسەرهات و بڕیاری سیاسی یەكێتی لەهەرێم و بەغدا لێك گرێدرایەوەو بەیەكەوەبەندبوون.

ستراتیژی پارتی و ئیدارەی هاوكێشەكانی ناو یەكتێی
پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای ریفەراندۆمەوەگۆرانكاری بنەرەتی بە سیاسەت و شێوازی ئیدارەكردنی دەسەڵاتی ناوەكی و دەرەكی داهێناوە. دیارەكەلە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە سیاسەتی پارتی بریتی بووە لە ئارامكردنەوەی باری هەرێم و كەمكردنەوەی زیانەكان. دەمێكە پەنای بردووەتەبەر كاری دیبلۆماسی لەناوەوە و دەرەوەی عیراق. توانیویانە سەرلەنوێ پاڵپشتی هێزە دەرەكیەكان، بە تایبەتی ئەوروپیەكان، بەدەست بێننەوە. لەگەڵ ئێراندا لاپەڕەیەكی نوێ هەڵدەنەوە و بە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ تەهران دابچنەوە. لە بەغدا بوونەهاوپەیمانێكی نافەرمی فراكسیۆنی (فەتح)ی ناسراو بە فراكسیۆنی حەشدی شەعبی و پاڵپشتێكی بەهێزی حكومەتی عادل عبدالمهدی. بەوە پارتی دەستكەوتی بەرچاوی زامین كرد لەوانە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزارەتەكانی دارایی و ئاوەدان كردنەوە. 

بەڵام پارتی بەوە نەوەستا و بە هەموو شێوازێك هەوڵی دا كە بۆ یەكەم جار پۆستی سەرۆك كۆماریش زامین بكات كە بەپێی رێكەوتنەكانی پێشوو لە پشكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بووە. تەنانەت ئامادەبوون دەستبەرداری سەرجەم پۆستەكانی دیكەی بەغدا و پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بن (بۆ  دوو سالی یەكەم). دیارە پارتی نەیتوانی كار لە بڕیارەكانی ناو یەكێتی بكات و بۆ دەستبەرداربوون لەم پۆستی سەرۆك كۆمار رازیان بكات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەیەكی هەڵە لە هاوكێشە نوێیەكانی ناو یەكێتی. هەر ئەوەش وایكرد كە لەوێ بەدواوە پارتی نەتوانێ ئیدارەی هاوكێشەكانی ناو یەكێتی بكات و بڕیارەكانیان لە بەرژەوەندی پارتیدا پێ بگۆڕێ. 

كاریگەری ئەو هەڵانە لەسەر رەوتی رووداوەكان و گفتوگۆیەكانی دواتر هەر ماوە، پارتیش لە شێوازە كلاسیكیەكەی لە مامەلەكردن لەگەڵ یەكێتی هەر بەردەوامە. هەتا گۆڕانكاریش بەو شێوازە دانەیەت، ئەوا چاوەڕوانی كرانەوەی دەرگایەكی نوێ لە پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتیدا ناكرێت، بەوەش زیانی گەورەتریش بەر پڕۆسەی حوكمڕانی هەرێم و پێگەی كورد لەبەغدا دەكەوێ. وا لە پارتی چاوەڕوان دەكرێت كە وەك براوەی یەكەم و خاوەنی زۆرینەی رەها لە حكومەت و پەرلەمانی هەرێم و بەغدا، رۆڵی سەرەكی لەبونیادنانی یەكڕیزیی و یەكدەنگی كورد ببینێ، ئەگینا دەسەڵاتە رەهاكەی لەواقیعی ئیمڕۆی كوردستاندا زۆر بڕ ناكات و دەستكەوتەكانیشی لە مەودای درێژخایەندا كورت دەهێنێت.

فەرهاد عەلائەدین

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی