دووڕیانی دابەش کردن یا چەک کردن!!

دووڕیانی دابەش کردن یا چەک کردن!!

کامەران قازی


121 جار خوێندراوه‌ته‌وه

چەپکێک بۆسەرخەرمانەی ( گەنجینەی نەتەوەیی کورد)

– بەشی پێنجەم و کۆتایی
بەو جۆرەی بینیمان لێکدانەوەکانی کاک ئەحمەد، دەتوانێ وەک ڕاستگۆترین سەرچاوەی ڕوانینمان بۆ ئاین بمانپارێزێت، لە دابەشبوون و لێکترازانی فکریی و ڕۆحیی، کە ئێستا دەیانەوێت کورد بکەنە بەشێک یان دەیان بەشی لێکدانەوە جوداکان بۆ ئاین و ڕاپێچی ناو ئەو گێژاوە نەبڕاوەیەی بکەن و لە ئەرکە سەرەکییەکەی کە پاراستنی سیما و بنەما نەتەوەییەکانێتی، دووری بخەنەوە تا نەیپەرژێتە سەر ئەرکە گرنگ و ئینسانییەکانی و لە گروپی بچوک بچوکی دژ بەیەکدا چارەنووسی وێڵ و نادیار بکەن. چونکە هەر نەتەوەیەک پێداگریی و هەوڵ و تەقەلا نەدات بۆ پاراستنی خۆی، بێگومان دابەشکردنی و لاوازکردنی و لە کۆتایدا خواردنی ئاسانترە، لەو نەتەوەیەی کە سوورە لەسەر بەرگری لە خۆی، لە بوارە فەرهەنگیی و فکرییەکەیدا.


خاڵی دووەمی وەرچەرخانە فکرییەکە:
• خاڵی وەرچەرخانی فکریی دووەم کە لە باشووری کوردستان ڕوویدا، لێکۆڵینەوەکان و هزری بیرمەند و ڕابەریی فکریی کوردەواریمان بیرمەندی گەورە ( مامۆستا مەسعوود محەمەد) ە، کە لە گۆشەی (مێژوو) 
وەوە بۆ مرۆڤ دەڕوانێت و دەگاتە ئەوەی کە چەند پڕسیاری تائێستا وەڵام نەدراوەی لەبەردەم لێکۆلەرە مێژوویە جیهانییەکاندا دانا سەبارەت بە چەندین گەشەی مرۆڤایەتی لە هۆزەکانی هیندیە سوورەکان، کە هۆز گەلێکیان ملیان بە گەشە شارستانەتەکەوە ناو بوونە هێز و دەوڵەتگەلی خاوەن توانای تەکنیکی ، کەچی هۆزگەلێکیان لە سنووری هۆزەکەی خۆیان تێپەڕیان نەکرد، ئەمانە پرسیارگەلێکن کە زانا و لێکۆڵەرانی ئینسانیی تا ئێستا وەڵامیان بۆ نەدراونەتەوە، تەنانەت پرسیاری وا بە خەیاڵیشیاندا نەهاتووە بە پێی قسەی خۆیان.


هەر لەم گۆشەنیگایەوە، دێت و مرۆڤی کورد و نەتەوەی کورد دەخوێنێتەوە و لە چەندین نووسین و گفتگۆ و نامە و لێدوانەکانیدا، بە ئاکام و سەرئەنجام گەلێک دەگات، کە زۆرینەیان وان لە حوکمی ( فەرمان، دەستوور) داو لە هەندێ لێدوانیشیدا لەمەر مەسەلە فرە ئاڵۆزەکان حوکمی ( ڕاسپاردە) یان هەیە کە بەهۆی دەیان ئیستدلالی زانستی و ئینسانی فرە باڵاوە، بۆ ئێمە (حوجەت) ن و لێکۆڵینەوە لێیان و دەرهێنانی چارەسەر لێیان واجیبە و ئەرکێکی نەتەوییە.


مامۆستای سەبارەت بە بیڕوڕاکانی خۆی دەڵێت:
 " ئەم بیرو باوەڕەی من دەفتەری چەند هەزار ساڵەی کورد دەخوێنیتەوە نەک هی ڕێکەوت و ڕووداوێکی تاک"
کەواتە ئێمە سەرچاوەیەکی چەندین هەزارساڵەیی نەتەوەکەمان لەبەر دەستدایە، کە خوێندنەوەیەکی قوڵ  و کەجیی تێگەیشتن و لایەنە شارەوەکانی ڕۆشن کردوونەوە و ڕاستە ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکەی بۆ دیاری کردووین. (خەڵکانی بە وەفا بۆ نەتەوەکەمان) دەبێ بگەڕێنەوە بۆ نووسراوەکانی ئەو،  بۆ تێگەیشتن لەسەر ڕابووردیەکی دوور و هەڵسەنگاندن بۆ ئێستا. دەبێت بنەمای کاریان لەسەر تێگەیشتنی قوڵ لە ( فکر) ی مامۆستاوە بێت، ئەو هێڵە بنەڕەتی و گشتییەکانی فەرهەنگی ئەم نەتەوەیەی داڕشتوون و ئێمە دەتوانین لەسەر ئەو بنەمایانەوە هەنگاو بنێین بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی و تێگەیشتن لەوەی کە ڕوو دەدات، چ ناوچەیی بن یان جیهانی.

 


بیرمەندی  ڕابەرمان لەمەڕ مەسەلەی ئەو گۆڕانکارییە ڕۆحییەی بەسەر نەتەوەی کوردا هات، بە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەوە کە هیچ خزمەتێک بە مەسەلەکەمان ناکات، لە خوێندنەوەی ئەم دەفتەری چەند هەزار ساڵەی کوردا، بەو ئاکامە دەگات کە ڕەفتاری موبەد و موغەکان ئاڵا لە دەست و پای کوردەوە و ژیانی لێ سەخت کردن. کەواتە پێمان دەڵێت: سەرکەوتنی بیروڕای عارەبانی دەشتەکی تەنها ئەوە نەبوو کە زەبروزەنگیان نوواند، بەڵکو پیاوانی ئاینی زەردەشتی ڕۆحی نەتەوەکەیان ماندوو کرد بوو، چاوەڕوانی ڕزگار کەرێک بوون و کە عارەبان هاتن، زەمینەی تەسلیم بوونیان بەر لە هاتنی ئەوان ڕەخسا بوو.


ئینسان ئەگەر لەلایەنی ڕۆحییەوە وێران نەبووبێت، فرە سەختە بتوانیت چۆکی پێدا بدەیت و ناچار بە وەرگرتن یا کردنی کارێکی بکەیت. کورد بەپێی لێکدانەوەی مامۆستای ڕابەرمان، ئەو لایەنە ڕۆحییەی وێران کرابوو. کاک حەکیم کاکە وەیسی نووسەر لە دوا ڕۆمانیدا کە پاش مەرگی خۆی بڵاو کراوەتەوە، زۆر بە وردی ئەم مەسەلەیەی لێکداوەتەوە و کەسایەتی موبەدەکانی شیکردۆتەوە، ڕۆمانەکی ناوی ( سەگەکەشیان چوارەمیان بوو):


 لەوێدا تەمسیلێکی فرە هونەریی دەنووسێتەوە، کە باڵندەی ( تیترواسک)* وەک باڵندەیەکی هەواڵگر بۆ پێشەوای ئاینی زەردەشتیان کار دەکات و هەمیشە وا بە شوێن ( دایە دوغدو) وە و شوێن پێی هەڵدەگرێ و هەواڵەکانی بۆ ئەو موبەدە دەباتەوە. دەشێ ئەم ڕۆمانە لەو ڕۆمانە تاقانانە بێت کە باس لە مێژوو سەردەمێکی فرە هەستیاری ژیانی ڕۆحی نەتەوەکە دەکات، کە لە لێواری ترازانە ڕۆحییەکەیان نزیک ببوونەوە و بارستایەکی گەورە لە یادگار و بیروباوەڕی ئەوسایان و ئەو بیروباوەڕەی ئێستا کە زۆری بۆ هێنابوون، ڕۆحیانی ماندوو کرد بوو، بەتایبەت کە پێشەواکانی ئاینی خۆیانیان دەبینی بۆ خۆشگوزەرانی و دنیاپەرستی چۆن ڕۆژ لە داوی ڕۆژ بە پێچەوانەی فەرمانەکانی ئاهۆرامەزداوە، بیروڕایان کاڵ دەبونەوە و بەرگ و سیمایەکی تریان لەبەر دەکرد و بەخۆوە دەگرت.


من دەڵێم ئایا ئەوە جێگای پرسیار نییە کە کۆمەڵێک لە عارەبان بتوانن وا بە سانایی وڵاتێکی وەک کوردستان داگیر بکەن و بیرکردنەوەی نەتەوەکە یەخسیر بکەن و ئاراسەتیان بکەن؟!! ئێمە باس لە ( کردارەکە، ئەوەی کە ڕوویدا) دەکەین شیکردنەوە بۆ دروستی و نادروستی باوەڕەکان ناکەین. 


چونکە ئەوان کاتێک هاتن هیچ شتێک لە بەرژەوەندی ئەواندا نەبوو، هاتنە ناوچەیەک، سەراپا شاخی سەخت و جەنگەڵ و نەشارەزا، ئەوان خەڵکی بیابان و تەختایی و فێری شەڕی سەر ئەسپ بوون، کە ئەوە لە کوردستان کە شاخاوی و سەختە ئەو کاریگەرییەی نییە وەک لە بیابان کەڵکی لێ وەر دەگیرێت، کەش و هەوا سارد و هەموو شتێک سپی دەچۆوە و بەفر و کڕیوە بوو کە بۆ ئەوان ئەوە یەکەم جار بوو ژینگەیەکی ئاوا ببینن، دەی ئەمە کەی لەگەڵ ڕۆحیەتی ئەوان دەگونجا، چ جای بتوانن شەڕی گرتنی بکەن؟!  کەواتە لە بیروڕاکانی مامۆستاوە بۆمان دەردەکەوێت، هاندەری بەهێز تر هەبووە، لەوانە لاواز بوونی لایەنی ڕۆحیی خەڵکەکەمان بە هۆی ڕەفتاری ناشایستەی موبەدە و موغەکانەوە.


کورد ئێستایش زۆر داب و دەستوری هەر هی زەمانی بەر لە هاتنی ئاینی ئیسلامە، چۆن بوو بیریان گۆڕی بەڵام ڕەفتاریان نەگۆڕی؟!  ئاین بۆ کورد وەک دەرمانی ئازار شکێن وا بوو. ئازارە ڕوحییەکەی خاو کردەوە و ئارامی کردوەوە، بەڵام جوڵانەوە و ڕەفتاری لەسەر ڕاهاتووی باپیرانی پێ لەبیر نەبرایەوە، ئەمانە ئەو شتە ڕەسەنانەن کە ئێمە دەتوانین کاری لەسەر بکەین و بەپێی فەرمان و ڕاسپاردەکانی بیرمەندی ڕابەرمان چارەسەریان لێ هەڵهێنجین.


 بۆ عارەب نەیتوانی قاخواردنەوە لای کورد شیرین بکات و لەگەڵ گۆڕینی بیروڕای کوردا ئەم ڕەفتارەشی پێ فێر کردبا؟! بۆ تۆزقاڵێک کاریگەرییان لەسەر جلوبەرگی کوردان نەبوو؟! خۆ ئەمە دەری دەخات، ئەوەی کورد پیویستی پێی بوو، قسەیەکی تر بوو کە لەهی موبەد و موغەکان نەچێت، عارەبان ئەو قسە جیاوازەیان کرد، لە زەمانی تینوێتی و وێران بوونی ڕۆحیی ئەو سەردەمەی کوردا.


ئەمە بۆ گەلانی تریش هەروا بوو، بە نمونە ئەو گەلانەی ژووروی ئەفریقا، کە لە باشووری ئەوروپاوە کۆچیان کردبوو، لەسەر ئەو لێکدانەوە سێگۆشەیەی ( باوک و کوڕ و گیانی پیرۆز) ناتەبابوون لەگەڵ کڵێسا و پیاوانی ئاینی حەزرەتی مەسیحدا، بۆیە کاتێ لەشکری ئیسلام ڕویان لەو ناوچانە کرد و بانگی خەڵکیان کرد، خەڵکەکە لێکدانەوەیەکی تریان بینی کە لە لێکدانەوەی باوی ئەو سەردەمەی خۆیان کە ئەمان قەبوڵیان نەبوو جودا بوو، بۆیە وەریان گرت، واتە ئەوانیش لە کێشمەکێشێکی ڕۆحیدا دەژیان و بەدوای قسە و فکرێکی تردا وێڵ بوون، کە لەو کتێبە نوێیەدا دۆزیانەوە.


ئەگەر بە شەڕ بووایە، نە وێنەی جەنگەکانی ئەوسا و نە جەنگەکانی ئێستا، ئەوە پیشان نادەن، کە ئەو لەشکرە، لە باریدا بووبێت کە ئەو سەرکەوتنە گەورانە بەدەست بێنێ، لە حاڵێکدا ئەگەر بەراوردی مێژوویی بکەین لە نێوان ئەو تازەهاتووانەدا لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا، لەڕووی شارستانەت و فکرەوە، دانیشتوانە ئەسڵەکە، بە سەدان ساڵ لەپێش ئەوانەوە بوون، ئاینی یەکتاپەرستییان هەبوو، ڕەوا و ناڕەوایان دەناسی و بەپێی ئاینەکەیان ڕەفتاریان دەکرد کە لەسەر سێ بنەمای، گرنگ کە لە هەموو ئاینە کتێبدارەکان و بێ کتیبەکانیشدا، خوای یەکتا داوای لە ئینسان کردووە جێبەجێیان کات، کە بریتین لە ( بیری چاک، وتەی چاک، کرداری چاک)، خۆ ئەمە بنەمای هەموو ئاینەکانە.


ئێمە بۆ مەسەلەی شەڕ و بەرگری دەتوانین لە ئێستاوە بگەڕێینەوە بۆ ئەوسا، بۆوەی وێنەیەکی تاڕادەیەک ڕوون بێنینە بەر چاوی زە‌ینمان: لە هەشتاکانی سەدەی ڕابووردوودا، کە مێژووکەی بۆ سی و چەند ساڵیک دەگەڕێتەوە، شەڕی قورس لە نێوان پێشمەرگە و لەشکری بەعسدا ڕووی دەدا، ئەڵبەتە بەعسییەکان دوا ئامێر و تەکنۆلۆجیای سەربازییان لە هێرشەکانیاندا بەکار دەهێنا کە لە خۆرئاواو خۆرهەڵاتەوە پێیان درا بوو، لەو سەردەمەدا، فەرماندەی دەستەیەک لە پێشمەرگەکان، بە ناوی (قادر خەبات)**، کە هەست دەکات، خۆی و پێشمەرگەکانی لەڕووی تفاقی جەنگییەوە، هەر هیچیان نییە وکە خۆی بەراورد دەکات بەو لەشکرە پڕ چەکە و لە ڕووی ژمارەشەوە، ئەوە هەر ئەو جاشە کوردانەی پێشەنگی ئەو کاروانە بوون بۆ سەر پێشمەرگەکان، بەس بوون بۆ ئەوەی دوو شۆڕشی کوردی پێ نابووت بکەیت، دێ بەبیریدا کە گابەردەکان دەتوانن یارمەتی بدەن و هانا بۆ ئەوان دەبات و بە خەڵک و پێشمەرگە، لە سەر ڕێگای هاتنی لەشکرەکە، گابەردی گەورە دێننە نزیک ڕێگاکە لە بەرزاییەوە و تەڵزمە بەردێک لە ژێر گابەردەکاندا، دادەنێت و کاتێ لەشکر و جاشەکان دەگەن، تەڵمزە بەردەکان دەترازێنێ و گابەردەکان، تلۆردەبنەوە لە شاخەوە بەرە و خورا و هەر گابەردێک دەیان بەردی تر لەگەڵ خۆیدا تلۆر دەکاتەوە، بە جۆرێک کە ئەو لەشکرە گەورەیە هەر گابەرد و تەڵزمە بەرد دەیان کوژێ و بە سەدان لاشە جێ دێلن و هەی لەوەی ئازا بێ خۆی لەدەست بەردان دەرباز بکات!! و چەک و تەقەمەنییەکی فرەش دەست هێزی پێشمەرگە دەکەوێت.

 


باشە دەگونجێ، ئەم نەوەیەی ئەو باپیرەیەمان فکری ئاوا بەخەیاڵیدا بێت و ئاوا بەرگری لە نیشتمانەکەی بکات!!، بەڵام باپیرەکانی ئێمە شتێکی ئاوایان بە خەیاڵدا نەهاتبێ و وا بە سانایی تەسلیم بەو لەشکرە هاتووە بووبێتن، لە کاتێکدا کە نە چەک و نە ئەزموونی ئەوەندە پێشکەوتوو زۆریشیان بووبێت؟!! ئەمە و دەیان داستانی تر لە حەمک و مامەعەزەی مالومە کە بەتەنیا چووە جەنگی لە شکرێکی بەعسەوە، ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەو چیرۆکی قبوڵکردنی ئاینە نوێیە بەو جۆرە نییە و ئێمە کە خەمی گەورەمان نەتەوکەمان و فەرهەنگ و مێژوەکەیەتی، دەبێت ڕاستییەکان لە مامۆستای ڕابەرمانەوە وەرگرین و کاری لەسەر بکەین، ئەو بیرمەندە گەورەیە پێمان ڕادەسپێریت کە : 
" هەڵبەت من داوا لە مرۆڤ دەکەم، ئەوساش داوام دەکرد، بە تایبەتی لە کورد کە بای فلسێک و سەلکە پیازێکی ڕزیو قەرزاری هیچ فەلسەفەیەکی مادی و نا مادی ئەم جیهانە نییە، ڕەنگە قەرزی خۆشی بەسەر فەلسەفانەوە هەبێ، ئەوەندە ئازاد و چاوکرایەوە بێ، بوێرێ بە هەڵە بڵی هەڵە وڕاستیشی بکاتەوە با هەموو دنیای مادی و نامادیش یەک دەنگ و یەک نەوا لەسەر هەڵە مێژووییە فکرییەکانی خۆیشی بکاتەوە"


پێمان ڕا دەسپێرێ کە مرۆڤی ئازاد بین و لە هەڵە نەترسین، بەڵکو دەستنیشانیان بکەین و تێبکۆشین بۆ ڕاستکردنەوەیان، با ئەو هەڵانە، کە لەفەلسەفەی جودادا دەکرێن، هەموو دنیاش بەرگری لێ بکەن، ئەوە گرنگە بۆ ئێمە ئەوە بکەین و وا بیر بکەینەوە کە لە خزمەت گەشەکردنی فکریی و دەروونیی نەتەوەکەماندایە، تەنانەت ئەگەر هەڵەکان باپیرەی خۆشمان و دەستە و تاقمێکی خۆمانەش دووچاری بووبێتن. نابێ سڵ لە ڕاستکردنەوەی هەڵەکان بکەینەوە و بەدوای پۆزش و بەهانەدا بگەڕێین بۆ پینە کردنیان، جا هەڵەی کەسانی تر بن یا هەڵەی خەڵکی خۆمان، چونکە خاتری نەتەوە و ڕاستییەکان لە سەروو هەموو خاترەکانی ترە و ئەو یەکەمینە و خاترەکانی تر هەموویان لە پێناوی ئەودایە.


ئەگەر زیاتر بێینە سەر ئاین، خۆ فەرهەنگ و کلتوری ئێمە، ئەو مەلا گوڵانەی کە تاسەر ئێسقان کورد بوون، لە فەرهەنگەکەمان دەربێنین، ئەوا مایە پوچ و دەست بەتاڵ و بیر بەتاڵ دەمێنینەوە، ئێمە باڵاترین ( هزر) مان نەک هەر لە ڕووی کوردایەتیەوە بەڵکو فراوانتر بۆ پرسە ئینسانییە گەورەکانیش، هی کوڕە مەلایەکی کوردە ( مەبەستم مامۆستای ڕابەرمان (مامۆستا مەسعوود) ە بمانەوێ و نەمانەوێ بەو جۆرە تێگەیشتنمان لە ئاین، لە نرخ و بەهای کوردایەتی کردنەکەی ئەوان کەم دەکەینەوە، دەبێت تەواو پێچەوانە کار بکەین، ئەو نموونە گەشانە گەشاوەتر بکەین، بیر و ڕامان و زەحمەت و کاریان کە هەمووی لە پێناوی کورددا بووە، وەبیر لاوەکانمان بێنینەوە، دڵسۆزانی نەتەوەیی کارەکەیان سەخت و پڕ لە هەڵەموت و ڕووبەڕوی دەیان پرسیار دەبنەوە کە خۆشبەختانە، مامۆستای ڕابەرمان وەڵامی پێشا و پێشی نزیکەی هەموو پرسەکانی سەر بەکوردایەتی داوەتەوە، ئەوە ئەو دڵسۆزانەی نەتەوەن دەبێ بە خوێندنەوەی ورد و ژیرانەی بەرهەم و نووسینەکانی بتوانن بەو زمانە دەری ببڕین، کە سەرنجی چاو و ڕۆحی لاوەکان بۆلای وتن و ئیستدیدلال و بەڵگەکانی، ڕاکێشین، چونکە مامۆستای ڕابەرمان، وەک خۆیان دەڵێن، قسەی ئەو لەگەڵ چینە هەرە هەرە لە پێشەکەی ناو کلتوری کوردە کە ئەوە بە پلەی یەکەم کوردە نەتەوەییە ڕوناکبیرەکان دەگرێتەوە.

 


هەروەها کە بە نەخشەی بزوتنی فکریی و هونەریی ئەو هەزاران ساڵەشدا دەچیتەوە، هەر ڕێبەرانی ئاینی و هۆنەرمەندانی سەر بە بەرەبابی ئاینی بوون ئەوسا و ئێستایش، کە تەکانێکیان بە زمان و ئەدەب و فکری کوردی داوە، ئێمە شک نابەین، هۆنەرمەندێک توانیبێتی کارێکی تەکاندەری کردبێ، مەگەر سەر بەخێزانێکی ئاینی بوبێ، ئیتر بە هەموو لقەکانی هۆنەرەوە، جا بۆیە ئێمە دەبێت ئەم لێکدانەوە و بیرو ڕایانە برە و پێبدەین، هەموو کەس لە کوردایەتی تێنەگەیشتوە، کە بتوانێ ( ئەومەلا کوردانەی ئێستا) کە دەستی ئوردوگان دەگوش بۆ هەڵمەتی سەر خۆراوای کوردستانی، جودا بکاتەوە لەگەڵ نالی و مەحوی و خانی وحاجی و مەلای گەورە وهەموو مەلا نەتەوەیەکانی ترمان.


سەرنجەکان:
* تیترواسک: باڵندەیەکی گەرمیانییە
** قادر خەبات: پێشمەرگەیەکی دێرینی کوردستانی لەتەمەنی یانزدەساڵییەوە دەچێتە چیای قەندیل و تا ڕاپەڕین دانابەزێ و ساڵی ١٩٧٥ یش بە تاقی تەنیا لە قەندیل دەمێنێتەوە و یەکەمین پزیسکی شٶڕشی نوێ لە قەندیل دادەگیرسێنێ. چەند کتێبی بەنرخی نووسیوون سەبارەت بە جوگرافیا و ڕوەک و گژ و گیای کوردستان و هەروەها کتێبێکی مێژووی زۆر گرنگ وزۆر بەنرخی هەیە، ئەم نووسینانەی هێشتا بڵاو نەکراونەتەوە. 




ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved