لاسایی ئەدەبی عوسمانیی

لاسایی ئەدەبی عوسمانیی

كامەران سوبحان


1292 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆچی لە دیوانە شیعریی "بەهەشت و یادگار" ئەو چوار شیعرەت جیاکردووەتەوەو ناوت لێناوە لاسایکردنەوەی "ئەدەبی عوسمانی"؟ ئایا بەڕاست ئەم شیعرانە کۆپی شاعیرێکی دیاریکراوی ئەدەبیاتیی عوسمانلین، کە ئێوە سەرسام بوون بە شێوازێ لە شیعر نووسینی ئەوان، یان هەر باوبووە بگەڕێنەوە بۆ ئەدەبی عوسمانلی، کە لەو ڕۆژگارەدا ڕەنگە لە ئەدەبی فارسی و عەرەبی زیاتر بە ڕووی ئەدەبیاتیی ئەوروپیدا کراوەتر بووە؟

(ئەو ماوە زۆرەیەی لە خەیاڵدانی "گۆران" دابووم و شیعرەکانیم بە وردی دەخوێندەوە، ئەم سەرنجەم لەسەر ئەو شیعرانەی هەبوو، کە خۆی جیایکردووەتەوەو ناوی بردووە، بە لاسایکردنەوەی ئەدەبی عوسمانلی)

(چوار شیعرم، بەناوەکانی "کەنیشکە جوانەکە، مەدەنییەت، سێبەری هیوا، ژن" لە دیوانی بەهەشت و یادگاردا، لەژێر ئەو شێواز و ڕیتمەدایە کە لەو ڕۆژگارەدا سەرسام بووم بە شیعریی تورکی عوسمانلی نووسیووە. ئەمە نە نەگییە، نە خەوش و گوناهێکی گەورەی شیعریی.. ئەدەبیاتیی عوسمانلی سەرچاوەیەکی گەورەی فەرهەنگ و زانیاریی بوو.) 

(مامۆستا گۆران، واباسی لە لاساییکردنەوەی شیعر و ئەدەبیاتی عوسمانلی کرد.!)

جیاواز لە دیمەن و خەیاڵی شیعریی بۆ جوانییەکانی ڕەگەزی بەرامبەر، گۆران لەم چوار شیعرەی لاسایکردنەوەی ئەدەبی عوسمانلی، کەمتر وێنا و خەیاڵی داڕشتووە، هێندەی ئەوەی "ئەوی تر" زیاتر وەک لاواندنەوەو پیاهەڵدان، دەیەوێ ئاوابوونی تەمەن و پیربوونی جوانیی، وەک وێنەیەکی شیعریی، بەبێ ئومێدبوونیی لە بەدەستهێنانی جوانیی واقیع، بۆ جوانیی نێو خەیاڵدانی خۆی دەگەڕێتەوە.! لەم شێوازە لە وێناکردنیی جوانیی "ژن"دا زۆربەی شیعرە ڕۆمانتیک و لیریکییەکانیی گۆران، پێشەنگ و ڕچەشکێن و بێ هاوتان لە شیعریی کوردیدا، بەڵام لەم شیعرانەی کە خۆی ناویناوە لاسایکردنەوی ئەدەب و شیعری عوسمانلی، سنووردارکردنێکی خەیاڵ و بینینیی وێنەیەیی دەبینرێت:

کەنیشکە جوانەکە: گوڵباغی شۆخ و ڕەونەقدار
کە ئێستە مەوقیعی باڵایی، سەرتە مەستی غروور
ئەبینی ئاخری ڕۆژێ سوقووت ئەکا مەقهوور
لە ژێری پێی عەجووزا ئەبێتە تۆز و غوبار!

لەشیعرێکی تری ئەو لاسایکردنەوەدا، بەناوی "مەدەنییەت" "گۆران" بەدەر لە ڕەگەزی ڕۆمانتیک و نووسینی خەیاڵ و وێنەی جوان، جۆرێک لە سۆز و بەزەیی، بۆ نامەدەنییەتیی کورد وێنا دەکات. وێناکردنێک، ئاستی نامەدەنییەت و هەژاریی کورد لە چوارینەی سەرەتای شیعرەکەدا نیشاندەدات:

مەدەنییەت: گوڵی بەهاری حەیات
مەدەنییەت: هەوایی نەشئونوما
مەدەنییەت: وەسیلەیی ئیحیا
بۆ هەموو میللەت و عوموومی وڵات!
مەدەنییەت، ئەلەکتریک، قەمەر
ئەی زیابەخشی حاڵی نەوعی بەشەر!

لەم دوو شیعرەدا، کە یەکی چەند دێڕیکت لێ خوێندنەوە، خەیاڵدانی شیعریی خۆمە. بەڵام لەو قۆناغەدا وەک هێمام بۆکرد، ئەم قاڵب و ڕیتمە لە شیعریی تورکیی عوسمانلی زۆر باو بووە. هەر دێڕ و وشەیەکیان بگریت، زیاتر خەیاڵ و بینینی شاعیرێکی کوردی تێدا بەدیدەکەیت. کە پێش من، نالی، وەفایی، حاجی قادری کۆیی، شێخ نوری شیخ ساڵح، پیرەمێرد و چەندین شاعیری تریش، بەو ڕێچکەیەدا ڕۆشتوون و هەمان ئەزموونیان لە شیعردا بە رێگەی جیاواز دووبارە کردەوە. ئەوەی هەیە، خەیاڵی من، زیاتر ئەو وێناکردنەی پێوە دیار بێت.

(گۆران، ئاوای لەبارەی خەیاڵدانی شیعریی خۆیەوە پێووتم.!)

سوپاس مامۆستا گۆران، من لە دید و بۆچوونی جەنابتان گەیشتووم، لە مامەڵەکردن لەگەڵ چەمکی وشە و وێناکردنی شیعریی. دەزانم چۆن وێنا و خەیاڵدانتان لەبەردەم جوانیدا واڵا دەکەن. دەزانم چۆن یاری بە بینین و ئەندێشەی خوێنەرەکانتان دەکەن، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجڕاکێشانی من بوو، لەم چوار شیعرە لاسایکراوەی تۆدا، شیعریی "سێبەری هیوا" لە سێ شیعرەکەی ترت زیاتر کاریگەریی ئەو زمانە عوسمانلییەی پێوە دیارە، چ وەک فۆڕم، چ وەک ڕێکخستن و تەکنیکی شیعریی، بەتایبەتی سەرەتای شیعرەکە. نازانم بۆ زیاتر کاریگەرییەکە لەم شیعرەیاندا دەرکەوتووە؟ 

تەسادوفەن کە جوانیت، جەمالی بێ وێنەت
بەرامبەری نەزەرم ناگەهان تەجەسسومی کرد
لەبەر ئەوەی بەشەرێکم زەبوونی دڵ، هەڵبەت
حەقم بوو پەردەیی شەرم و حەیام دڕی، لام برد!

بۆچوونەکەت درووستە، "سێبەری هیوا"سەرەتای ئەو کاریگەرییە بوو. دواتر توانیم خۆم لە ژێر دەستەی شیعریی بێگانە ڕزگارکەم و ڕووبکەمە ناخی گڕگرتوویی خۆم. لەگەڵ خەیاڵ و وێناکردنی وشە و شیعرەکانمدا بڕۆم، تا ئەو ئاستەی خەیاڵ و وشە و شیعر داگیرمکات و ئەوەی لەدایک بێ، شیعر بێ و لای خوێنەرانم پەسەند و دڵگیر بێت.(گۆران لەبارەی کاریگەرییەوە وای ووت.!)

 لەدیوانی "بەهەشت و یادگار"دا. پێنج غەزەلی شیعریش هەیە، هەریەک لەو غەزەلانە، ڕیتم و میلۆدییەکیی تایبەتییان هەیە، دەکرێ باس لە زمان و وێنەی خەیاڵی نێو غەزەلە شیعرییەکان بکەین؟

کامەران سوبحان



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved