نێچیرڤان بارزانی سەركەوتوو بووە؟

08/06/2019

محەمەد عەلی

لەسەرو بەندی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمدا، گروپێكی تێكەڵ لەكوتلەی حزب و وەزیری موستەفید و میدیای (یەكەمی بێڕكابەر)، خەریكی تەرویجدانن بەو بیرۆكەیە كە گوایە نێچیرڤان بارزانی لە ڕابردودا، سەرۆك وەزیرانێكی سەركەوتوو بووە و دەتوانێت لەپۆستی داهاتووشیدا، پۆستی سەرۆكی ھەرێم، سەركەوتوبێت. بەڵام: 

یەكەم: ئەگەر قسەكە لەسەر سەركەوتن بێت، ئەكرێت بڵێین نێچیرڤان بارزانی  لە ڕواڵەتدا سەركەوتو بووە، توانیویەتی خۆی وەك كەسێكی سەردەمییانە نمایشبكات، كە شانبەشانی شیكپۆشی و ڕەفاهیەت و خۆشگوزەرانیەكانی سیاسییە مدیاییەكانی دونیای هاوچەرخ هەنگاودەنێت. بەشێوەیەك ئەم پیاوە زیاتر وەك نمایشكارێكی جوانپۆش دەربكەوێت تا ئەوەی سەرۆكی میلەتێكی چەوساوە و سەرۆكی وڵاتێكی نەوتی  كە توانیبێتی لانیكەم لە چلەی زستاندا تەنەكەیەك نەوت بۆ ئەو خەڵكەی حوكمیان دەكات دابین بكات. لەبوارێكی ترشیدا ئەكرێت بە دەستكەوت و سەركەوتن بۆی حسابكرێت: بواری دەستبڵاوی و هەڵڕشتنی پارەیەكی بێشومار بۆ زۆرێك لە وەزیرو بەرپرسەكانی كابینە یەك لەدوای یەكەكانی، تا ئاستی چاو بەرەوژێ پێكردنیان و كڕین و گۆرینی ئینتمای سیاسیان، ئەمەش لەبەرژوەندی خۆی و حزبەكەی. هاوكات لەوەشدا سەركەوتوبووە كە میدیایەكی موسریف و زەبەلاح بۆ ئارایشت و جوانكردنی خۆی دابمەزرێنێت بەپارەی سەرەو نوگمكراوی خەڵك، بەشێوەیەك ئەم میدیایە ڕەشی بۆ بكات بەسپی و سپی بۆ بكات ڕەش. بە كورتی ناوبراو  وەك پیاوێكی جوان پۆش و موسریف و وەك كەسێك ھەندێك لە وەزیری حیزبەكانی تر بكڕێت، كەسێكی سەركەوتووبووە. 

دووەم: خۆ ئەگەر قسە لە دەوڵەتداری بێت، ئەوا شكست و سەركەوتن پێوەری خۆی هەیە. هەموو كارێكیش بە ئەنجامەكەیدا هەڵسەگاندنی بۆ دەكرێت. دوای نزیكەی بیست ساڵ نێچیرڤان بارزانی حكومەتێكی قەرزار و قاسەیەكی بەتاڵ و ئابورییەكی داتەپیو و ناڕوونیەكی گەورە لە داهاتی گشتی جێدەهێڵێت. چەند ساڵێكە حكومەتی ھەرێم بودجەی گشتی نییەو ئەگەر بەغداد نەبێت توانای دابینكردنی نیو مووچەشی نیە بۆ فەرمانبەرەكانی. هیچ دەزگایەكی چاودێریش نییە لە داهات و خەرجی بپرسێتەوە. حكومەتێك خاوەنی هیچ پڕۆژەیەكی ستراتیجی و تەنانەت خزمەتگوزرای گشتی ئەوتۆش نییە. بەو شێوەیەش باس لە كەوتنەژێر قەرزێك دەكرێت كە بەبیست ملیارد دۆلار دەخەمڵێنرێت. ئەمە لەكاتێكدا ڕۆژانە دەیان هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكات،  تائێستاش نەمانزانی ئەم (دەوڵەتمەدارە) چەند ساڵە لەگەڵ ئاشتی هەورامی نەوت ئەكڕێت یان ئەیفرۆشێت؟!

سێیەم: سیاسەتی ئابوریی سەربەخۆ دەكرێت وەك كارەستاویترین پڕۆژەی نێچیرڤان بارزانی و حوكمڕانییەكەی تەماشابكرێت كە تا دەیان ساڵی تریش خەڵكی كوردستان لە ژێر بار و لێكەوتە خراپەكانی دەرناچن. بەهەموو پێوەرێك ئەم شكستە چارەكە سەدەیەك خەڵكی گەڕانەوە دواە. ئەگەر كوردستان نەبوایە، ئەوا نێچیرڤان و حكومەتەكەی نەك هەر لەكار دەخران، بەڵكو وەك بەڵایەكی نیشتمانییش دەخرانە ناو قەفەزی دادگاوە.

چوارەم: گەندەڵی، بەهەدەردانی ماڵی گشتی، بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان، ململانێی بەردەوامی هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و سەرەنجامیش سزادانی خەڵكی كوردستان، بڕیاری چارەكە موچە و مامەڵەكردنێكی نامەدەنیانە لەگەڵ خۆپیشاندەران و مامۆستایان لە هەرە سیما دیارەكانی حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانییە. وێڕای ئەوە بەهایەكی بۆ پەرلەمان  و دەسەڵاتی چاودێریكردن و داداگاكان و داواكاری گشتی نەهێشتەوە. نەك خۆی، بەڵكو ڕێگەی نەدا وەزیرەكانیشی بۆ لێپێچینەوە بچنە پەرلەمان، بەوەش گلۆپی سەوزی بۆ هەڵكردن بۆ برەودان بەگەندەڵی و سەرپێچیكردنی یاسا.  

پێنجەم: یەكێك لەگەورەترین ئابڕوبەرییەكانی سەردەمی حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی: ڕازیبونی بوو بەدەركردنی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی هەشتەم و بەئاشكرا بوو بە بەشێك لە پرۆسەی بێڕێزیكردن بەرامبەر بەدامەزراوەی پەرلەمان و سەروەری یاسا لە كوردستان. وێڕای كشانەوەی وەزیرەكانی كۆمەڵ و یەكگرتووش لە حكومەت، لەكۆی پێنچ هێزی سیاسیی تەنها پارتی و یەكێتی مانەوە. بەڵام بۆ درێژەدان بە حكومەتە فاشیلەكەی، زۆرینەی وەزارەتەكانی بەوەكالەت بەڕێوەبرد. 

شەشەم: ڕوون و ئاشكرایە پەیوەندی خوێن و خێزان و بنەماڵە (تەوریسی سیاسی)، ڕۆڵی سەرەكیان ھەبوە لە ھاتنەپێشەوەی نێچیرڤان بارزانی و سەرجەم دەرگاكانی بەڕوودا كراوەتەوە. توانیویەتی لەو ڕێیەوە دەستبەسەر سەرچاوەكانی داهاتدا بگرێت و زۆرێك لەكایەكانی تریشی بۆ مسۆگەر كردوە. وێڕای ئەم دەستكراوەی و ئەو ماوە زۆرەی لەبەردەمیدا بوو، ناوبراو كە جێگری سەرۆكی پارتیش بووە، بەڵام شكستی خوارد بە هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی حكومڕانیی باش (شەفافیەت، سەروەری یاسا، كۆنترۆڵكردنی گەندەڵی، لێپرسینەوە، عەدالەت و حكومەتی هاوڵاتیی، حكومەتی وەڵامدەرەوە، بەشداری پێكردن،  لێوەشایی لە بڕیارو كرداردا). 

حەوتەم: لە هەمووی كارەساتتر، لەبری خەڵك و چین و توێژە جیاوازەكان هەڵسەنگاندن بۆ سەردەمی حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی بكەن، بەوپێەی هەموو هەنگاو و بڕیارەكانی نێچیرڤان بارزانی لە ژیان و گوزەرانی ئەواندا ڕەنگیداوەتەوە، كەچی كۆمەڵێك وەزیری موستەفید ئەو ئەركەیان داوە بە سەرشانی خۆیانداو كەوتونەتە شایەتیدانی ناهەقی. ئەمە جگە لە كەناڵە (یەكەمە بێڕكابەرەكەی ) خۆیشی.

هەشتەم: مەولود باوەموراد و ڕێباز حەملان دەڵێن: نێچیرڤان بارزانی لە حكومەتدا دەوڵەتداریی دەكات نەك حزبایەتی. زەحمەت نەبێت دەركردنی چوار وەزیر و سەرۆكی دەستەیەك و چەندین ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتیی لەسەر دەستی نێچیرڤان بارزانی، دەوڵەتداریی بو یان حزبایەتی؟

نۆیەم: ئەم سەرۆكە نوێیە لە ماوەی تەمەنی حوكمڕانیی دوورودرێژی خۆیدا جگە لە شكست و جێبەجێنەكردنی پەیمانەكانی شتێكی تری لە كەلتوری سیاسیی هەرێمی كوردستاندا بەجێنەهێشتووە. باڵاترین نموونەش ئەو پەیمانە بوو كە لە دەورەی پێشوی هەڵبژاردندا بە خەڵكی دا، كە گوایە كۆمپانیایەك دروستدەكات و هەموو هاوڵاتیانی هەرێم لەو كۆمپانیایەدا پشكیان لە فرۆشی نەوتی هەرێمدا دەبێت. دەرئەنجامی ئەم مژدە و پەیمانە ناڕاستانەش لەمڕۆدا بەڕوونی دیارە، چونكە هاوڵاتیانی هەرێم بە چەشنێ بێڕێزكراون وەك منەتكردن بەسەریاندا، چاوەڕوانی مووچەكانی خۆیانن.  

دەیەم: دەشێت چەند ڕۆژێكی تر لە مەراسیمێكی شاهانەو گرانبەھادا، كەسایەتییە سیاسیی و دیپلۆماسییەكانی دونیا داوەتدەكرێن و تاجی سەرۆكایەتی بخرێتە سەرت، بەڵام ئەوەت بیرنەچێت بە دەنگی چەند هێزی سیاسیی كرایت بە سەرۆكی هەرێم؟ جەنابتان لە ڕۆژی ٢٠١٩/٥/٢٨، بەدەنگی ٦٨ ئەندام پەرلەمان بویت بەسەرۆكی ھەرێم، ئەرێ بەڕاست كاردانەوەی ڕای گشتی كوردستان (جگە لەكادیرەكانی حیزبەكەت، ئەوانیش ھەمویان نا!)، ئیجابی بو؟! یاخود ھەستت كرد ھاوڵاتیان بەگشتی دڵخۆشن؟ بەلایەنی كەمەوە دەبێ دڵخۆشییەكە لە دەنگدەرانی ئەو ٦٨ ئەندام پەرلەمانەدا ڕەنگبداتەوە!

محەمەد عەلی 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی