کەرکوک لە هۆڵی سەعدا

10/06/2019

مەلا فەرمان

 

لەوەتای شۆڕشی چەکداری کورد دژ بە رژێمە یەکلەدوای یەکەکانی عێراق دەستی پێکردوە ، باس و پرسی کەرکوک یەکێک بوە لە پرسە هەرە گەرمەکانی نێوان هەردولا. لە لایەکی ترەوە ژمارەی شەهید و بریندار و پەک کەوتەکانی کەرکوکیەکان لە ژماردن نایەت و لە ناو شارەکاندا لە پلەی یەکەمدا دێت، لە ئیمتیازات و خزمەتکردندا نەک هەر لە پلەی دواییدا هاتوە بەڵکە زۆرجار بێبەشێش کراون. خۆ ئاوارەیی و ماڵوێرانی بەشی هەمیشەییان بوە. ئێستا کام شاخ و دۆڵی کوردستان هەیە کەرکوکیەکی لی شەهید نەبوبێ، کام شار و ئۆردوگا هەیە ئاوارەی کەرکوکی لێ نەبێ.

 

وادەدەنێین ئەمانە کۆن بونەو با مێژو باسی بکات و پاداشتیان بداتەوە، ئێخۆ دوکەڵێ تەبارە و دەغڵ و دانی کەرکوک هێشتا بە ئاسمانەوەیە، گوندەکانی پەڵکانە و مامە و عەمشە و دەیانی تر هاوشێوەی سەردەمی بەعس تەعریب کراوەتەوە، ئەگەر خۆڕاگری خەڵکەکەی نەبوایا دورنەبو بە تەواوی ناوچەکە سیمای کوردستانی لەدەست بدایا. بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنابن بە روداوەکان، ئەگەر دەوێرن فەرمون سەردانی گوندەکانی العزة، البودیر و الزهراء بکەن لە نێوان کەرکوک و دوبز. دیارە هۆکاری سەرەکی ئەم پرۆسە نەگریسە شکستی سیاسی سەرکردایەتی باڵای پارتی و یەکێتییە.

 

نەزانی و نەخویندنەوەی واقعی سیاسیە. هانابردن بۆ دوژمن و تەخوینکردنی یەکترە. لە گوتاری ئەو سەرۆکانەی لە هۆڵی شەهید سەعدا گوتاریان خوێندوە، جگە لە ئاماژەیەکی شەرمنۆکانە بە پرسی ناوچە کێشە لە سەرەکان، هیچیان باسی نەهامەتیەکانی کەرکوک و کەرکوکیەکانیان نەکرد، یان هیج نەبێت بە وشەیەک داوایبورن بکەن لەو هەمو تێکشکانە جۆراوجۆرانەی بەسەر کەرکوکیان هێنا. هۆڵەکە جگە لە سەرۆک کۆمار بەشێک لە بەغدای لێبو، جێی بو وەک گلەییشبێت یان بۆ زانیاری بێت بەوردی باسی کەرکوکیان بکردایا بۆ میوانەکان.

 

موخابن هاوشێوەی بازاری عەکاز ئەوەندەی پێداهەڵدان و چەپڵەلێدان باڵی بەسەر هۆڵەکەدا کێشابو ئەوەندە شتێک نەوترا جێی متمانەی خەڵک بێت، قسەکان و سیمای هۆڵەکە زیاتر لە مەجلیسی بەیعەتدان و پاکانە و خۆپاک کردنەوە دەچو. هێندەی نەبونی باسی کەرکوک لە هۆڵەکە راستی غایب بو. ئەمە و ونبونی راستی زیاتر لە شکستەکانی رابرد و دەردەکەوت. کەس خۆی لێ بە بەرپرس و هۆکار نەدەزانی، بۆیە تەنها بۆ بیرهێنانەوە:

 

1- ئەری کێ هۆکاری ریفڕاندۆمە. 2- کێ خائینە و کێ تەخوین دەکرێت. 3- بۆ هێزی پێشمەرگە یەکی نەگرتۆتەوە 4- موچە و قەیرانی دارایی. 5- دزی و گەندەڵی بێشومار. ئەم مەجلیسەی ئەمڕۆ لە هۆڵێکی وادا زیاتر لەو کێڵگەیە لەبارە دەچو تێیدا تاکە داری دەسەڵاتی سوڵتانی حیزب و سەرکردە و بنەماڵە زیاتر رەگ دابکوتێ. دوا قسەم، لە گەڵ هەمو ئەمانەشدا هیوادارم لە یەک ساڵی داهاتودا روداوەکان پێچەوانەی چاوەڕوانیەکانی بەندە بێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی