بابەتێکی هاوڕێ سورە لە سایتی هاوڵاتیدا بڵاوبۆتەوە لە ژێر ناونیشانی سەرکەوتن لە یەکگرتندایە؍ لە بەر ئەوەی چەند سەرنجێکم لە هەندێ خاڵی نێو ووتارەکە هەبوو بۆم نەکرا بێدەنگ بم. بەر لە هەر شتێک باوەڕناکەم کەس گومانی لەو ناونیشانە بەڵگەنەویستەی ووتارەکەتان هەبێت؍ بەڵام ئەپرسم کام سەرکەوتنت مەبەستە ولە گەڵ کێدا یەکگرتن؟ بۆ هەرسەرکەوتنێک زەمینەسازی پێویستە وکوردیش بە هۆی ئەو جەمسەرگیرییەی تێیکەوتووە ساناترین زەمینەسازی بۆ ناکرێت. هۆکاری سەرەکی کێشەکەش خوودی حەکیم وداهێنەرانی ریفراندۆمی ناوەخت وبێ زەمینەسازی بوو.
کورد دابەشی دوو زۆن کراوە؍ زۆنی دەسەڵات وپارە وتاک حیزب وزۆنی بێ دەسەڵات وبێ پارە وفرە حیزب. گەورەیی زۆنی دەسەڵات لە جەماوەریی بوون وزیندووبونێوە سەرچاوەی نەگرتووە دڵنیابەو فرەحیزبی بوون وبێ دەسەڵاتی زۆنەکەی دیکەش لە نیشانەی مردویی وبێجەماوەرییەوە نییە. دوو سێ فاکتەر هەن کە کەفیلی ئاوەژووکردنەوەی تەواوی هاوکێشەکانن؍ کە ئەوانیش ئازادی کاری حیزبی وریکلامی حیزبی وئازادی ڕادەربڕین لە زۆنی دەسەڵاتدار وهەڵبژاردنێکی بێ خەوش وخاڵ لە هەرێم بە گشتی. هەمووان دەزانین کە سەرچاوەی لەتبوونیشمان بۆ زۆنی دەسەڵات وزۆنی بێ دەسەڵات لە ۳۱ ئابی ۹۹٦ ەوە دەست پێ دەکات ودرێژەی هەیە؍ تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت لە پێناو ئەو زاڵبوونەیە؍ دەنا خێرە لە دوای وەستانی شەڕی نەگریسی براکوژییەوە وە تا ئێستاش ئەو دوو زۆنە بە تەواوی تێکەڵناکرێتەوە؟ کەس نییە لە ئێمە هاوڕا نەبێت لە گەڵ تەواوی ئەو پێشەکییە مێژووییەی کە نووسیوتن سەبارەت بە دوژمنان لە ووتارەکەتدا؍ بەڵام کاتێ دێیتە سەر مەسەلەی رێفراندۆم و۱٦ی ئۆکتۆبەر درووست بۆ مەسەلەکە نەچوویت وهەندێ سۆزی ناوچەیی وڕەنگە حیزبیش جووڵاندبیتی.
کەس لە دڵسۆزی وگیانفیدایی هێزی پێشمەرگە گوومانی نییە بەڵام کورد توانای خۆی بەرانبەر بە مەکینەی سەربازی عێراق بۆ روونبۆوە کە بەرگە ناگرێت بۆیە پاشەکشێی کرد. ئەوەشی لە پردێ وسحێلا رووی دا تەنها بۆ ئیستهلاکی چەند ووتار وڕاپۆرتێکی میدیای بوو دەنا عیراق وهاوپەیمانان ولایەنی کوردیش ئیتیفاقی پێشوەختەیان هەبوو لە بۆ گەڕانەوە پێشمەرگە بۆ هەموو شوێنەکانی پێش هاتنی داعش بەرانبەر بە پاداشتی مادی هاوپەیمانان کە خودی سەرۆک ئاگادارو ڕەزابوو. خاڵێکی دیکەش کە سەرنجی ڕاکێشام ئەوەیە وەک ئەوەی هەرێم تەنها هەوڵێر ودهۆک بێت وحەشد ترسێکی لە سەر گەرمیان وسلێمانی نەبووبێت وتەنها بەرگریش لە پردێ و سحێلا کرابێت وئەو پێشمەرگانەی لە کەرکووک وگەرمیان زنجیری دەبابە پانی کردنەوە بۆ خۆشی چووبنە ژێر دەبابەکان.
خاڵێکی دیکەشم سەبارەت بە حکومەتی هەولێرە خۆزگە پەرێزی هێندە پاکبووایەو کاسەی پڕبووایە کەس زاتی ئەوەی نەکردایە پەنجەی شایەتمانی بۆ ڕاکێشێت؍ بەڵام کاک هاوڕێ هەمووان دەزانین کە حکومەتەکەمان لە گەندەڵی ئیداری ودارایی هەموو ئاستەکانی تێپەڕاندووە وخوودی ریفراندۆمیش هێندەی ئامرازێک بوو بو تێکەڵ کردنی وەرەقەکان وقووتار بوون لەو فەشەلە گەورەیەی سەرۆک ودەسەڵاتی کوردی تێیکەوتبوو هێندە لە پێناو خوودی رێفراندۆم وسەربەخۆیی ئەنجام نەدرا بوو! دەنا دڵنیات دەکەمەوە حەزی کەرکووک وسلێمانی وبە حیزب وجەماوەریشەوە بۆ سەربەخۆیی دوو هێندەی شوێنەکانی تر نەبێت کەمتر نییە لە حەزی ئەوان. بەڵام ریفراندۆمێک بۆ سەربەخۆیی نەک رزگارکردنی سەرۆکێک بێت لە قەیران. هەر بۆیە ۱٦ ئۆکتەبەر ورێفراندۆم خەلە وخەرمان وخوێن وجەستەی خەلکی بێدیفاعی ناوچەی ۱٤۰ هەر هەمووی لە ملی بڕیاری نابەجێ وناوەخت وزەمینە بۆسازنەکراوی رێفراندۆمە نەک شتێکی کە.
با لێرەدا بەرگرییەکیش لە ئیسلامییەکان وگۆران بکەم کاتێ ڕەخنە لە هەڵوێستەکانی ناو پارلەمانیان دەگریت کە بووەتە هۆی لە دەستدانی جەماوەر وەک ئەوەی بتوانی زیادبوونی دەنگی لایەنێک وکەمبوونەوەی دەنگی لایەنەکانی دیکە ببەستیتەوە بە هەڵوێستەوە ولە کاتێکدا لە خراپترین جۆری هەڵبژاردن ونزمترین ئاستی بەشداری کە کەمترە لە سەددا چل بەڕێوە چووە. گەر لە سەددا شەستەکەی دیکە کە بەشداری نەکرد نیوەیان بەشدارییان بکردایەو دەنگەکانیان بە قازانجی پارتی بچووبا ڕەنگ بوو هاوڕاتبووبام لەم بۆچوونەت. بەڵام بەڕێزم شتێکی بەڵگەنەویست هەیە لە زۆنی ئازادی هەڵبژاردن وفرەییدا ئەویش ئەوەیە کە ئەوەی لە پارتی نزیکبێتەوە جەماوەر لە دەست دەدات ولام وابێت هەم یەکێتی وهەم یەکگرتوو هەم گۆڕانیش لەم مەسەلەیەدا پشتیوانیم دەکەن وخۆشیان تاقی کردۆتەوە ودەشیکەنەوە. رێک هاوڕای جەنابتانم لەوەی کە قسەی خێر دەبێت بکرێت لە پێناو یەکڕیزی بەڵام نەک لە پێناو باڵادەستی لایەنیک وتاکڕەوی لە هەر بڕیارێکی چارەنووسساز.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی