مەكینەی هەڵبژاردنی ئەردۆغان ژەنگی هەڵێناوە!

15/06/2019

هێمن مەحمود

سبەی یەكشەممە (16 حوەزیرانی 2019) بۆ یەكەم جار لەدوای 17 ساڵدا بەربژێرێكی ئاكەپە (بیناڵی یڵدرم) لەگەڵ بەربژێرێكی ئۆپۆزسیۆن (ئەكرەم ئیمامئۆغڵو) لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی لە كەناڵی (فۆكس تیڤی) دەربارەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبۆڵ كە بڕیارە لە 23 ئەم مانگە ئەنجام بدرێت رووبەڕوی یەكتر دەبنەوە. 

بە درێژایی ساڵانی دەسەڵاتداری لە كلتووری سیاسی ئاكەپە نەبینراوە، ئەم پارتە لەگەڵ ركابەرەكانی بە زیندوویی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی دابنیشێت و بۆ دەنگدەران قسە بكات. 

لەدوای هاتنە سەر دەسەڵات لە ساڵی 2002، ئاكەپە تا ئەمڕۆ ئاكەپە بەشداری لە 5 هەڵبژاردنی پەرلەمانی، دوو هەڵبژاردنی سەركۆمار، چوار هەڵبژاردنی شارەوانی كردووە و لە هەموویاندا یەكەم بووە. لە هیچ كام لەم هەڵبژاردنانە رەجەب تەیب ئەردۆغان بەر لە هەڵبژاردن لەگەڵ ركابەرەكانی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی زیندوو دانەنیشتووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین داوای پێشكەشكراوە. 

لە وڵاتە دیموكراسیەكاندا رووبەڕوبوونەوەی راكابەران لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەكاندا شتێكی ئاساییە، بگرە وەكو نەریتێكیشی لێهاتووە. ئەردۆغان لە ماوەی 17 ساڵی دەسەڵاتیدا پێویست بەمە نەبووە، چونكە ئەرگومێنت و كەرستەی دیكەی لەبەردەستدا بووە، پێویستی نەبینیووە لەگەڵ ركابەرەكانی لە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی دابینشێت.

باشە بۆچی دوای 17 ساڵ ئەردۆغان رێگا دەدات، بیناڵی یڵدرم لەگەڵ ئیمامئۆغڵو لە تیڤی دابنیشێت. 

شتێكی ئاشكرایە لە رووی هونەری خیتابەوە بیناڵی یڵدرم بە توانا نیە و زۆر بە زەحمەت دەتوانێ بە گوێرەی بارودۆخ و شوێنەكە وشە، رستە و وەڵمی پێویست لەكاتی خۆیدا بدۆزێتەوە. 

ئەم هەڵوێستەی ئاكەپە لەم ساتەوەختەدا یەك واتای هەیە، مەكینەی هەڵبژاردنی ئاكەپە ژەنگی هەڵێناوە و تەمبەڵ بووە. جگە لەم واتایە هیچ واتایەكی دیكە نادۆزمەوە.

هێمن مەحمود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی