خۆسەغڵەتكردن لەقسەكانی وشیار و كاوە بۆ ؟

15/06/2019

مەلا فرمان

رەخنە و ئازادی رادەربڕین، بەدەنگەوەچونی كێشەكانی خەڵك و خۆ بەخاوەنزانین و بون بە محامی خەڵك ، رەخنەگرتن و لێپرسینەوە  لە دەسەڵاتی جیبەجێكردن لە ئەرك و پرەنسیپە لە پیشینەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی رەسەنن. 

لە یەكێك لە بریار و راسپاردەكانی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانی رەسەن هاتوە ( گۆڕان كە بەشداری حكومەت دەكات، میدیاكەی لەگەڵ خۆی نابات). بە تایبەتی لەم كابینەیە هێشتا نازاندرێت ئایا گۆڕان بەشدارە لە دەسەڵات یان موچەخۆرە لەو كابینەیە. لە هەموو حێ‌ڵەتێكدا دەبێت راسپاردە و بریاری كۆنفرانس وەك خۆی جێبەجێ بكرێت " نابێت گۆڕان لەگەڵ خۆیدا میدیاكەشی بەرێتە دەسەڵاتەوە".  پێویستە خانەی راپەڕاندن و جڤاتەكان بەبێ هیچ لێكدانەوەیەك وەك خۆی جێبەجێی بكەن.

دو ٢ پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەند كەیسێكی باشیان وروژاندوە، لەوانە:

پەرلەمانتار كاوە محمد:
بە فەرمی داوا لە بەڕێز عادل عبدالمهدی سەرۆك ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی دەكات كە داوا لە حكومەتی هەرێم ( بە تایبەتی بە ڕێزان نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی هەورامی )، و نجمالدین كریم پارێزگاری پێشوی كەركوك كە ناوەڕۆكی هەریەك لەم رێكەوتنانە ئاشكرا بكەن:

رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی توركیا سەبارەت بە نەوت و غازی هەرێم كە بە (رێككەوتنی پەنجا ساڵە) ناسراوە. ئەم نەك هەر پرسێكی دارایی و قوتی خەڵكە بەڵكە پرسێكی نیشتمانیە. لەگەڵ وڵاتێك ئیمزا كراوە كە سەرۆكەكەی سەرۆكی ئەملا بە سەرۆكی عەشیرەت دەزانێ.

رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و پارێزگاری پێشووی كەركوك (نەجمەدین كەریم) سەبارەت بە شایستەی پترۆدۆلاری كەركوك كە لەساڵی (٢٠١٥) دا ئیمزاكرا.

پەرلەمانتاری ناوبراو لەفەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ناوەرۆكی ئەم هەنگاو و داواكارییە و هۆكارەكانی بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن خستەڕوو.

پەرلەمانتار وشیار عبادللە
بەڕێزی بە هاوكاری و هەماهەنگی چەند پەرلەمانتارێكی دی دەیەوێت پێداگری بكات لە :

بە مەبەستی بەدواداچون بۆ پرسی نەوتی هەرێم سەردانی دادگای فیدرالی عێراق دەكەن و لیكۆڵینەوە لە سكاڵای وەزارەتی نەوتی عێراق دەكەن لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم.

بەڕێزی پیداگری دەكات و دەڵێت " دەبێت داهاتی نەوتی هەرێم بە یاسا چارەسەر بكرێت و لە ٤چێوەی سامانی عێراقدا لە خزمەتی دانیشتوانی كوردستان بێت، نەك لە دەستی نا ئەمیندا بێت و بخرێتە خزمەتی دەستە و گروپ و بە تاڵان ببرێت.

ئەمەی ئەم دو بەڕێزە قسەیان لەسەر كردوە و بەدواداچونی بۆ دەكەن، ویستی ناخی هەمو هەڵسوڕا و گۆڕانخوازێكە چونكە دەقاودەق ئەركی خۆیان نەك هەر وەك پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕانی رەسەن جێبەجێ دەكەن بەڵكە ئەركی وەفای خۆشیان وەك محامی خەڵكی كوردستان جێبەجێ دەكەن . ئەم هەنگاوانە نەك هەر جێی رێز و تەقدیرە بەڵكە دەبێت هەمومان پشتیوانیان بین. نمونەتان زۆر.

لە بری خۆسەغڵەتكردن، دەبو نەك هەر كادرەكانی پارتی و پەرلەمانتارەكانیان، بەڵكە تەواوی پەرلەمانتارانی تریش پشتیوانبونایا.  ئەمە كارێكی یاساییە و بەندە بە پرسی نیشتمان و قوتی خەڵكەوە، رون و ئاشكرایە. بۆیە ناكرێ و نابێت و ناگونجێ ئەم كارەش وەك فشە و بیری نەتەوەیی ساختە و درۆ بەخەڵك بفرۆشرێتەوە.

مەلا فرمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی