یەکێتی و چارەسەری هەڵە

15/06/2019

ئەحمەد مەحمود

شۆرش خامۆش بوو ! هیواو ئومێد نەما ! یەکێتی بوو بەخەون و ئومێدی تازەی ئازادیخوازانی وڵات! رووبارێک خوێنی بەخشی ! دەیان هەزار کەس لە شوێنکەوتوانی کەوتنە زیندان ! هەژانێک بوو بۆ شۆرش و تەکانیشیدا بە هەستانەوەی دوای نوشوست! بوو بە ئەندازیارو پاڵەوانی راپەرین ! دوای دروستبوونی قەوارەی شەرعی هەرێم٫  یەکێتی لەگەڵ نەیارەکەی شاخی کەوتنە کێبڕکێ٫ تاوەکوو شەڕی نەخوازراوی ناوخۆ بەرپابوو! لەئەنجامیشد هەردوولا تێگەیشتن  شەڕ رێگایەکی درووست نیە بۆ ململانێی سیاسی ! ئێڕاقی تازە درووست بوو!

 

یەکێتیە بەهێزەکەی شاخ تووشی هەواگۆڕکێی شاخ و شار بوو ! نەیتوانی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ژینگە تازەکەی! نەخۆش کەوت و کەمتەرخەمی کرد لەچارەسەری پێویست! لێکترازان ! پێکهەڵپرژان! هەرگیز نەدەبوو یەکێتی دەرفەت بدا کاکە نەوەو هەڤاڵەکانی ماڵی خۆیان بکەن! نەدەبوو ئەوانیش قەدپاڵێک لەتاکە ئامرازی ئامانجە هاوبەشەکەیان بکەنەوە! زۆری پێنەچوو تێگەیشتنێکی سەرەتایی هاوبەش لە نێوان هەر دوو رێبەر درووست بوو ! رێکەوتنی دەباشان بە بێ سازاندنی زەمینەی تێهەڵچوونەوەو یەکگرتنەوە واژۆ کرا ! مام نەخۆش کەوت ! پڕۆسەکە دواکەوت ! تێگەیشتنێکی قولتر درووست بوو بۆ لێکنزیکبوونەوە !

 

رێکەوتن لە نێوان هەردوولا مۆرکرا ! بەداخەوە ناوەڕۆکەکەی جێبەجێنەکرا! رەوان شاد نەوشیروان مستەفاش کۆچی دوای کردو کڵاو رۆژنەی ئومێد لاوازتر بوو! ناکۆکیە ناوخۆییەکان خەستر بونەوە! دواهەمین ترازان بەسەرۆکایەتی ڕێزدار دکتۆر بەرهەم روویدا لە ئەنجامی ناکۆک بوونی بەرێزیان لەگەڵ سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی ئەوسای یەکێتی ! خۆشبەختانە لەکۆتا وێستگەو کاتی بەسەرچوودا گۆڕانێکی رێشەیی روویدا بەسەر تێروانین  و مامەڵەی هەندێک لەچەمسەرانی ناو یەکێتیدا ! لەدەرەنجامدا باشترین بریاری لێکەوتەوە بەئاراستەی یەکگرتنەوە! قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد! دەکرێت ناوی بنێین بەسەردەمی  موراجاعاتی سیاسی! بەڵام هێشتا قودرەتی رووبەرووبونەوەی پێویستی نیە لەگەڵ نەیارە کۆنەکەی ! 


بۆیە لێرەوەو لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی تازەی حوکومەت دەمەوێت؛ رووی دەمەم بکەمە سەرکردایەتی یەکێتی و پێیان بلێم: گرفت و نەخۆشی و پەتای یەکێتی ئەوە نیە کێ لەکام شوێن و کام پۆست دەست بەکار دەبێت؟! بەڵکوو گرفتی سەرەکی و بنەرەتی ئەوەیە؛ یەکێتی لەرابرودا خاوەنی بەرنامەو پڕۆژەی سیاسی نەبوە!  بۆیە تکایە چارەسەری هەڵەی بۆ مەکەن!  گرفت دروست مەکەن لەسەر ئەوەی  کێ دەبێتە پارێزگار؟!  کێ لەکام وەزارەت دەبێتە وەزیر ؟! بەڵکوو ئەوە گرفتە یەکێتی خەریکە پیر دەبێت و گشت خانەکانی گەنجیەتی لەدەستدەدات ! یەکێتی خاوەنی ستڕاتیژو دیدگایەکی روون و پتەو نیە! یەکێتی خاوەنی میدیاو راگەیاندنێکی کاریگەرو هاوچەرخ نیە! ئەمانەو دەیان گرفتی تری ناوخۆی چارەسەر بکەن یەکێتی دەبێتەوە یەکێتیەکەی جاران و دەبێتەوە یاریزانێکی کاریگەرو سەرەکی لەگۆڕەپاسی سیاسی هەرێم و ناوچەکە.
احمد محمود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی