بەرگریەک لە سیاسەتی نەوتی هەرێم

15/06/2019

فەرمان عەبدولرەحمان

ساڵی ۲۰۰٦ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دامەزرێنراو ئاشتی هەورامی بوو بە وەزیری ئەو وەزارەتە، هەتا ئێستا کە وەزارەتەکە و وەزیرەکەشی کە بەدرێزایی ئەو ماوەیە لە هەمان پۆستدایە ۱٤ ساڵی تێپەڕاندووە.. لە ماوەی ئەو ۱٤ ساڵەدا توانرا نەوت بفرۆشرێ و چەندین کۆمپانیای زەبەلاحی نەوتی هێنرانە هەرێم و هەرێمیش لەسەر نەخشەی وزەی جیهان جێگیرکرا.. ئەمانە هەمووی راستن، بەڵام ئەی دەرەنجام چی؟ دەرەنجام دوای ۱٤ ساڵ لە وەبەرهەمهێنان لە کەرتی نەوتداو خۆبەڕێوەبەری ئەم کەرتە، نزیکەی ۳۰ ملیار دۆلار قەرزارین، لە کاتێکدا عێراق دوای هەشت ساڵ جەنگی سەختی لەگەڵ ئێران ۷۰ ملیار دۆلار قەرزار بوو.

 

ئاخر چ لۆژیکێک رێگەدەدا ئێمە نەوتمان فرۆشتبێ و دواجاریش نزیکەی نیوەی ئەو پارەیە قەرزار بین کە جەنگی سەختی ۸ ساڵەی ئێران هێنایە سەر عێراق. بە هەرحاڵ قەرز هەر قەرزەو قەرزاربونیش لە ئەدەبیاتی ئابوریدا یەک مانا دەدات ئەویش شکستە، یەعنی بە کورديی دوای ۱٤ ساڵ مومارەسەی سیاسەتی نەوتی لەلایەن هەرێمەوە نەک خێرو خۆشی بۆ خەڵک نەهێنا بەڵکو ئێستا قەرزاریشین و باجەکەشی ئەوەتا خەڵک دەیدات کە هێشتا موچەی مانگی سێی وەرنەگرتووە.. جا ئەنیشتاین دەڵێ گەمژەیی ئەوەیە هەمان رێگە تاقیبکەیتەوەو چاوەڕوانیش بیت دەرەنجامی جیاوازت دەستگیربێ!!

 

هاوڕێیان هەر بەجدی ئەمەوێ بەرگری لە سیاسەتی نەوتی هەرێم بکەم، بەڵام بەداخەوە هەرچی بەدواداچون ئەکەم جگە لە زیانی کوشندە بۆ گوزەرانی خەڵک هیچی دیکە نابینم، سەر لەو هەموو لوغزەش دەرناکەم بۆچی رابەرانی سیاسەتی نەوتی هەرێم ئامادەبوون ئەنجامی ریفراندۆم هەڵپەسێرن، کەچی ئامادە نین ۲۵۰ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بدەنەوە بە عێراق. ئایا هەر بەجدی ریفراندۆم گرنگتر بوو یان نەوت ؟ هەربۆیە داواکارم تکاکارم لە ناسیونالیستەکان له پارتیەکان لە هەر کەسێک، دەستی ماچەکەم تێمان بگەیەنێ چۆن بەرگری لە سیاسەتێک بکەین کە ۳۰ ملیار قەرزی خستبێتە سەر گەردنی ئەزمونەکەمان !!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی