ئەمەریكا و ئێران، دوانەیەكی دژ بەیەك

16/06/2019

پەیڕەو ئەنوەر

جیهان ئەمڕۆ پڕە لە دۆخی پاشەگەردانی و بێ سەرووبەری! دیارە سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی خۆی لەبنەڕەتدا بەهۆی نەبوونی سەرچاوە و چاوگ، هێزێكی باڵا، سەرباز و دەزگای بان-دەوڵەتییەوە بەردەوام و چركە دوای چركە دۆخی ناجێگیریی، بێ متمانەیی، نادڵنیایی، ململانێ و كێبڕكێ بەرهەمدەهێنێت! بەئەناركیزمبوونی جیهان ئەمڕۆ وێنەیەكی زاڵ و پڕ جوڵە و هەمیشە ئامادەیە، بەزمان و جوڵەی دبلۆماسی، كاردانەوە، جەنگ و هێرشی سنوردار ژێرخان و ناسنامە و بونیادە سیاسی و جیۆپۆلەتیكییەكەی تازە دەكاتەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات لەنێوان ئەمەریكا و ئێران، ئەمەریكا و توركیا فۆڕمێكە لە ململانێ نوێنەرایەتی چەندین مانا و دۆخی جیاوازی ململانێ دەكات! ململانێ بە مانای ئەوەی چۆن ناسنامە و ئاڕگیۆمێنت و وێنە و خەیاڵەكانی نێو سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەت بپارێزیت و بەرگری لێ بكەیت. ئەمڕۆ ئەمەریكا/تڕەمپ دەیەوێت ناسنامە و جیۆپۆلەتیك لە [ئێران] بستێنێتەوە! ئێرانی بێ جیۆپۆلەتیك و بێ ناسنامە ئاسانتر گفتوگۆی لەگەڵدا دەكرێت، باشتر دەتوانرێت بەسەریدا زاڵ بیت و پایەكانی لاوازبكەیت!

دیارە [ناسنامە و جیۆپۆلەتیك] بۆ ئێران دوانەیەكن بەیەكەوە كاردەكەن و بەیەكەوەش پانتایی زیاتر و هێزی زیاتر بۆ ئێران بەرهەمدەهێنن! دەستبەژێری سیاسی لە ئێران لەدوای شۆرشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩ لەڕێگەی ئەم دوانەیەوە دەیانەوێت جوڵەكانی ئێران، رابردوو و یادەوەری و دوێنێی ئێران لە بەرگریی و پاڕانەوە بگٶڕن بۆ هێرشبردن و فراوانكردنی پانتایی مەزهەبی. لەڕاستیدا رووخانی بەعس لەعیراق دیارییەكی یەزدانی بۆ ئێرانییەكان! دیاری بەو واتایەی كە ئێران لەڕێگەی عیراقەوە توانی كەنداوی عەرەبی بە خۆرهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستەوە ببەستێتەوە و بەتەواوی بەسەر جیۆپۆلەتیكی سوننی/ئەمەریكی زاڵ و خاوەن بڕیار بێت!

لەمێژووی هاوچەرخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ كاتێك هێزێك وەك ئێرانی ئەمڕۆ باڵادەست و خاوەن ناسنامەی مەزهەبی و جیۆپۆلەتیك و رووبەری جوگرافی نەبووە؛ هیچ كات ئێران وەك ئەمڕۆ لەدەرەوەی خۆی ئامادەنەبووە! بریكار و شەڕكەر و هێزی مەزهەبی میلیشیایی نەبووە! ئەمڕۆ ئێران وەك خاوەن چەكی ئەتۆم، پڕۆژە و مەزهەب و میلیشیا و هێزی نەرم لەزۆربەی وڵاتانی عەرەبی و بەشێكی وڵاتانی ئەفریكاش ئامادەیە! فشار بۆ نەیارانی دروستدەكات، دەیەوێت سنوور بۆ ئەمەریكا و هێزەكانی تر دابنێت!

ئەوەی ئەمڕۆ ئەمەریكا/تڕەمپ هەوڵی بۆ دەدات و مەبەستێتی نینۆككردن و پارچە پارچەكردنی ئەو خەیاڵە گەورە مەهەبییەی ئێرانە لەناوچەكە! لەڕاستیدا تڕەمپ دەیەوێت ئێران لەڕێگەی گفتوگۆ و مێزی دبلۆماسییەوە بەرەو ناوەوەی خۆی، سنوورە ناوەكییەكەی هەنگاوبنێت، لە پڕۆكسی و هاوبەش و هاوڕێ هەرێمییەكانی داببڕێت و بپچڕێت! ئەمەریكا نایەوێت ئێران وەك سیستم و ئایدۆلۆژیا بڕوخێت؛ دەیەوێت جوڵەكانی سنوردار بكرێت، جیۆپۆلەتیكە مەزهەبییەكەی بەتەواوی بچووك بكرێتەوە! لە سیستمی هەرێمی ناوچەكە بیكاتە دەرەوە، بیكات بە ئەكتەرێكی بێ بڕیار.

دیارە ئەمەریكا ترسی لەوە هەیە ئێران رووبەرە ئاوییەكانی فراوانتر بكات! زیاتر لە دەریا و بەندەر نزیك بێتەوە؛ ئەم دۆخە سوننەكانی ناوچەكە دەكوژێت! بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لاوازدەبن! ئێران لەم دۆخە باشتر دەتوانێت یارییە سیاسی و دبلۆماسییەكانی بەڕێوەببات بەڵام تڕەمپ دەیەوێت ئەم خەیاڵەی ئێران بپچڕێنێت؛ رەنگە هەموو ئامرازەكان لەدژی ئێران بەكاربهێنێت، پێدەچێت ئەگەر ئێران دانوستان نەكات ئەمەریكا بریكار و پڕۆكسییەكانی ئێران لە عیراق، سوریا، لوبنان، كەرتی غەزە و یەمەن بكاتە ئامانج یان بەلایەنی كەمەوە بێ جوڵە و بێ ناسنامەیان بكات تاوەكوو زیاتر پاڵ بە ئێرانەوە بنێت بۆ بونیادە ناوەكییەكەی خۆی بكشێت و بگەڕێتەوە`

پەیرەو ئەنوەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی