ئایندەیەكی تاریك

16/06/2019

سه‌ڵاح ره‌شید

لەڕۆژی دوشەمەی رێكەوتی ١٠ حوزەیرانی ئەمساڵ، كە نێچیرڤان بارزانی وەك دوهەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێرا، تارمایی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی بەسەر هەمو كوردستاندا، یان بەسەر زوربەی كوردستاندا بوە راستیەكی ڕون.

لە دوای ١٩٩١ پارتی هەنگاو بە هانگاو دەسەڵاتی خۆی چەسپاندوە، هیچ پۆستێكی گرنگ نیە لە كوردستان كە ڕاستەوخۆ یان ناڕستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیەدا نەبێت.. ئەم دەست بەسەراگرتنەی دەسەڵات، لە رێگای (شەرعی و هەڵبژاردنەوە) وە ئەنجام دراوە. هەمو پۆستە گرنگەكانی حكومەت و دەرەوەی حكومەت لەژێر دەسەڵاتی ئەواندان، ئەوە ( بارەگای بارزانی، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، دەزگای ئاسایش، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، پەیوەندیەكانی دەرەوە و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان)، باشە ئەگەر حكومەتێك ئەم هەمو دەسەڵات و پۆستە گرنگانەی لابێت..ئیتر وەزارەتی تری بۆچیە، خۆ ئەگەر یەكێتی و گۆڕان شەڕ لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یان وەزیرێك یان بەرێوەبەرێكی گشتی بكەن..بێگومان پارتی زۆر بە خۆشیەوە ئامادەیە داخوازیەكەیان زۆر بە زیادەوە قبوڵ بكات (وەك چۆن ئەو پۆستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت زیادترە لە ژمارەی كورسیەكانی لە پەرلەماندا)، لەبەر ئەوەی وەزارەتەكە هی خۆیەتی، با وەزیر هی خۆی نەبێت..

زۆر كەس لەو بڕوایەدایە، پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم كە دراوە بە پارتی یان ڕاستتر، دراوە بە بنەماڵەی بارزانی، ئەوا نێچیرڤان بارزانی یەكێكە لەو كەسانەی كە شایستەی ئەو پۆستەیە لەناو ئەو بنەماڵەیەدا، سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتیانی كوردستان ئاوڕ لە ساڵانی دەسەڵاتی ئەو ئەدەنەوە، هەستیان نەكردوە كە لە سەردەمی ئەودا یەكسانی كۆمەڵایەتی هەبوبێت، كەس نەیبینی كەسانی گەندەڵ و دزی سیاسی و ئیداری ئەم هەرێمە بدرێن بە دادگا و هاوڵاتیان بە چاوی خۆیانەوە ئەو دزانە بە كەلەپچەەوە ببینن، نەیانبینی دزێكی گەورە، لە هەرەمی هەرسێ دەسەڵاتە بەرزەكە، وەزیرێك یان بریكارێك، بەرێوەبەرە گشتیەك، دەست رۆیشتوانی بنەماڵە حیزبیەكان، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و كادیری سەربازی و سیاسی دیاری حیزبەكان و خزم و كەس و كاریان زیندانی بكرێن..ئایە گەندەڵی و دزی لە ماڵ و موڵكی حكومەت هەبوە، ئەگەر هەبوە كوا ئەنجامەكانی؟

هەر لەم سەردەمەدا دەسەڵاتی حیزب بەسەر هەمو بوارەكانی كۆمەڵگادا زیادی كردوە، لە حكومەت و دەرەوەی حكومەت، سیستەمی دادوەری و خوێندن، پاشەكشەی كردوە و كەم بوار هەیە لە حوكمرانی مۆركی حیزبی پێوە دیار نەبێت، هەروەها هیچ كارێك لە بواری ئیداری و ئابوری و داریی و سیاسیدا ئەنجام نادرێت، ئەگەر هاتو ئەندامی حیزبێكی دەست رۆشتو نەبیت و كەس و كارت كەسە دیارەكانی حیزبەكانی دەسەڵات نەبێت، یاخود راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ نەبێت بە شەریكیان. هەروەها لەم سەردەمەدا ئازادی رادەربڕین ئازادی تاكە كەسی بەرتەسكیەكی دیاری بەخۆیەوە بینیوە.

بەڵام ئەوەی كە لە رۆژی ١٠/٦ دا ڕوی دا، زۆر كەسی توشی نائومێدی كرد..

ئەو ئاهەنگە، كە تەنها لە هەندێ وڵاتی رۆژهەڵاتی دواكەوتو ئەبینرێت بۆ دەستبەكاربونی سەرۆك، كۆمەڵێك راستی چەسپاند لەوانە:
١. وتاری یەكەم، كە مەسعود بارزانی بە كورتی پێشكەشی كرد، ئەو راستیەی چەسپاندنی كە ئەو وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو وتارەی نەخوێندەوە و هەر بەو ناوەش پێشكەش نەكرا، بەڵكو وەك (سەرۆك) ی كوردستان وتاری خوێندەوە و وەك (مەرجەعێك) بۆ هەمو گەلی كورد.

٢. پیاهەڵدانی زۆری بارزانی لە لایەن سەرۆك كۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانیەوە، بۆ ئەو بو كە نیشانی هەمولایەكی بدەن كە ئەو سەرۆكی هەمو گەلی كوردستانە، ئەبێت هەمولایەك سوپاسی ئەو بكەن كە ئەم دەسكەوتانەی بۆ گەلی كورد هێناوتە دی.!

٣. فەرامۆشكردنی بە ئەنقەستی رۆڵ و مێژوی خەباتی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، سەرەتای هەوڵێكە بۆ سرینەوە و لەبیركردنی رۆڵی هەمە لایەنەی ئەو دو سەركردەیە.

٤. فەرمۆشكردنی تەواوی رۆڵی پەرلەمانی كوردستان (ئەو ئاهەنگە، دانیشتنی رەسمی و یاسایی پەرلەمانی كوردستان) بو، ئەوەی نە باسكرا و نە دیار بو، باسی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان بو، ئەمە ئاماژەیەك بو كە حیزب لەم وڵاتە دەسەڵاتداری یەكەمە و حیزبیش دامەزراوەیەكی مەدەنی نیە و پەرلەمان هاوكار و یاریدەدەری ئەو دەسەڵاتەیە و هەبونیان یان نەبونیان هیچ لە واقیعی سیاسی ئیمرۆی كوردستان ناگۆرێت..جگە لە بەهەدەردانی بوجەیەكی زەبەلاح نەبێت بۆ دەزگایەكی مردو.

٥. چاوەرێ دەكرا كە نێچیرڤان بارزانی، هەر هیچ نەبێت، هێڵی سەرەكی سیاسەتی ئایندەی حوكمرانی خۆی دەستنیشان بكات و هەرچەندە باسی لەوە كرد كە ئەو سەرۆكی هەمو هێز و هەمو دەنگ و رەنگەكان ئەبێت، بەڵام باسی ئەوەی نەكرد چۆن ئەم وشەیە تەرجومەی كاری رۆژانە دەكات وچۆن ئەتوانێت وەك سەركردەیەكی حیزبی بیر نەكاتەوە و هەڵسوكەوت نەكات. 

ئەم قۆناغەی كە تێیكەوتوین، زۆر كەم خەتای پارتی یان بنەماڵەی بارزانی تێدایە، چونكە ئەوانیش وەك هەمو هێزێكی سیاسی تر ئەیانەوێت و دەخوازن و كار بۆ ئەوە بكەن كە ببن بە حیزبی یەكەم و لە هەڵبژاردنەكاندا زوربەی زۆری كورسیەكان ببەنەوە، وە ئەمەش خواستێكی ڕەوایە، ئەگەر بە رێگای یاسایی و دور لە فرتوفێڵ بێتە دی.

بەشێكی تری روداوەكە ئەوەیە، كە كێ بارودۆخی سیاسی كوردستانی گەیاندە ئەوەی پارتی ببێت بە هێزی یەكەمی بێ ركابەر و بارزانی ببێت بە (سەرۆك) و مەرجەعی كورد..

بێگومان و بێ لێكدانەوە، ئەوەی تەرازوی هێزەكانی لە كوردستان بەم شێوەیە گۆڕی، بە دەرەجەی یەكەم یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو..ئەو هێزەی كە لە كوردستان و دوای راپەرین و تا هەڵبژاردنی ١٩٩٢ هێزی سەرەكی یەكەم و سەرەكی بو، ئێستا ئەو هێزە گەورەییەی جاران بوە بەو هێزەی كە چەندەها گروپ و باڵ و مینبەر و جەماعەت یاری پێوە دەكەن و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیەكەی، ململانێیانە چاویان بە مەسعود بارزانی بكەوێت و وتاری پێدا هەڵدەن و زوربەی مەكتەبی سیاسیەكەیان شەڕ لەسەر ئەوە دەكەن كە خۆیان یان نەوەكانیان پۆستی وەزیری وەرگرن و ببن بە ئەندامی كابینەكەی مەسرور بارزانی.

ئەمە جگە لەوەی كە پارتی زۆر ژیرانە و بە وردی كاری لەسەر ئەوە كردوە كە زۆر لە سەركردەكانی یەكێتی بە خواستی خۆیان لە كۆمەڵێك بەرژەوەندی بازرگانی و ئابوری جیاوازەوە لە هەولێری پایتەختەوە بگلێنێت و نەتوانن بە ئاسانی واز لە بەرژەوەندیەكانی خۆیان بهێنن لەبەر هەڵوێستی سیاسی.

بێگومان بارودۆخی بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی باشتر نیە، ئەگەر خراپ تر نەبێت، گۆڕان تاقیكردنەوەیەكی تفت و تاڵی هەیە لەگەڵ پارتی كە پێویستی دەكرد زۆر با ئاگاوە مامەڵە لەگەڵ پارتی بكات و پێش شەڕە كورسی لە هەولێر، بارودۆخی ناو بزوتنەوكەی چاك بكردایە، لە جیاتی وەرگرتنی چەند پۆستێك، هەروەها هەوڵی بدایە رۆڵی سەركردایەتی هێزێكی گەورەی جەماوەری ئۆپۆزیسیۆن دروست بكات.

زۆر لە بەشداربوەكانی گۆڕان لە كابنیەكەی نێچیرڤان بارزانیدا، نمونەیەكی باشیان پێشكەش نەكرد، ئەمە جگە لە هەڵوێست و بەرنامە سیاسیەكەی گۆڕان، كە باسی لێوە ناكرێت و كاڵ بۆتەوە..

راستیەك هەیە كە زۆر جار باس كراوە، ئەویش ئەوەیە، پارتی هێزێكی موحافیزكاری خێزانیە، بەڵام بە مۆدێرینترین شێوە كار دەكات، حیزبەكانی تر، خۆیان بە هێزی پێشكەوتوخواز و مۆدێرن و سۆسیالیست ئەزانن، بەڵام بە عەقڵیەتی كۆن و زۆر موحافیزانە كار دەكەن.. لەبەر ئەوە بڕوا ناكڕێت لەم قۆناغەدا پارتی نەیباتەوە. 

تەبایی ناو هێزەكان و ئاشتی و ئارامی لە كوردستاندا لەوەوە دروست نابێت، كە هێزێك هەمو جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵات بگرێتە دەست و ڕۆڵی برا گەورە ببینێت، بەڵكو لەوەوە دروست دەبێت، كە حیزب و حكومەت بكرێن بە دەزگای مۆدێرنی سیستەماتیك و یەكێتی و گۆڕان ئەبدێتی خۆیان بكەن و بە عەقڵیەتێكی نوێ و فراوان و كراوە بەسەر خۆیاند بچنەوە و بڕیاری ئازایانەی چاكسازی هەمەلایەنە بدەن كە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بگونجێ و هەوڵی جدی بدەن بۆ بەردەوام نەبونی بە هەرەسهێنانی و بچوك بونەوەی خۆیان، ئەبێت لایان ڕون بێت، ئەو سیاسەتەی ئێستا ئەیبەن بەرێوە، بەرەو هەڵدێریان ئەبات و بچوكتریان دەكاتەوە. 

قۆناغی حیزبی پێشرەو بەسەرچو، بەڵام ئۆباڵی پچوكبونەوە و بێهەڵوێستی و دوركەوتنەوە لە جەماوەر، تەنها لە ئەستۆی خودی حیزبەكەدایە و تەنهاش خۆی ئەتوانێت چاكی بكاتەوە،. كەم كەس لە كوردستاندا ئاواتی ئەوەی هەیە كە لە ژێر ساییەی دەسەڵاتێكی یەك هێزیدا بژی و هێزەكانی تریش وەك پاشكۆ بەدوای هێزە گەورەكەوە بن، ئەوەش ئەو هیوایە و خەوە نەبو كە ساڵانێكی زۆر گەلەكەمان خەباتی لە پێناودا كرداوە..

سەلاح رەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە