موچە و بێدەنگی و ئازادی

17/06/2019

دڵشاد حسێن

خەریکە داھێنانێکی نوێ دێتە سەر پێناسەی کۆیلایەتی نوێ، بەوەی لە حیزبێکدا خەباتت کرد و بە ھۆی پلەیەکەوە موچەیەکت ھەبوو ، ئیتر ئەو موچەیە زۆر یان کەم، ھەق بێت یان ناھەق، کە ئەوە باسێکی ترە. ئیتر ئەبێت ببیتە کۆیلەی دەسەڵاتدارانی حیزب و وەک ئەوەی حیزب تۆی لە ئەستێرەیەکی ترەوە ھێنابێت و پلە و موچەی پێبەجشیت و خۆت ھیچ نەبوو بیت. بێگومان تا ئێستاش حیزبەکانی دەسەڵات بەشێکی زۆر ئەندام و کادیرانی بە ھۆی موچەوە پاپەندیان بە حیزبەوە گرێداوە.

 


کاتێک پلەدارەکانی ناو یەکێتی ، بوون بە گۆڕان، یەکێتی زۆر ھەوڵیدا ئەو موچە و ئیمتیازاتانەی بە قەولی خۆیان بە ھۆی یەکێتیەوە دەستیان کەوتوە لێیان ببڕێت، لەمەدا ئەوانەی وەزیر و پەرلەمانتار و پلە تایبەتی حکومی بوون تا ئاستی بەرێوەبەری گشتی و قایمقام و بەرێوەبەر ، یەکێتی نەیتوانی دەستکاری ھیچ موچە و ئێمتیازاتێکیان بکات. چونکە موچەی حکومەت بوو و بە پێی یاسا وەریان دەگرت. تەنھا ئەوانەی کادری حیزبی بوون توانی موچەکانیان ببڕێت. بەڵام گۆڕان گەڕانەوەی موچەی ئەو کادرانەی کرد بە ئەولەویەتی کاری فراکسیۆن لە پەرلەمان و توانی لە ماوەی دوو ساڵدا موچەی ئەو کادیرانە بە قەرەبوەوە وەبگرێتەوە. ئەمە ھەنگاوێک بوو بۆ ئازادکردنی حیزبایەتی و دەرھێنانی ئەو بیانوە بەدەست حیزبەوە بۆ ئەوەی ئازاد بن لە بیروڕا و حیزبایەتی و کۆیلایەتی حیزبی بە موچەوە نەھێڵن.


کەچی بەداخەوە ئێستا ئەم مۆدیلە نوێیە کۆیلایەتیەی کە گۆڕان لە گۆڕی نا، ئێستا کەسانێک ئەو مۆدیلە پەرەپێدەدەن و پێیان وایە کە بە ھۆی حیزبەوە گەشتیتە پلەیەک و بویتە خاوەن موچە، ئیتر ئەبێت بێدەنگ بیت و ئەگەر دەنگیشت کرد واز لە موچەکەت بێنە. ئەوانە بوونەتە پەرلەمانتاری گۆڕان لە خولەکانی پەرلەمان کەس لە سفرەوە دروستی نەکردون ، بەڵکو خۆیان لە جومگەسەرەکیەکانی گۆڕان خەباتیان کرد و ھەریەکە و بەشی خۆی وەک دەنگدەرانی قوربانی داوە و ھەشە لە بەرئەوەی خۆی فیگەرێکی باش بوە ، گۆڕان خۆی داوای لێکردوە خۆی بپاڵێوێت و بەشێکی زۆری دەنگەکانی گۆڕانی بەدەستھێناوە.

 

ھەبوە پێش ئەوەی ببێتە پەرلەمان ھەم پێشەکەی و ھەموو موچەکەی کەمتر نەبوە لە موچەی پەرلەمان، نمونە بۆ ئەوە زۆرە.بۆیە ئەگەر کەسێک پێی وایە موچەی خانەنشینی ناھەقیە ئەوا دەزگای پەرلەمانت لە بەردەستە و بەشداری حکومەتیت، چۆن بە یاسا دەدرێت ، ئەتوانی بە یاسا بیبڕیت، نەک بێیت و لە چاوبرسێتێەوە بڵێیت مادام موچەت ھەیە ئەبێت بێدەنگ بیت، یان موچە وەرمەگرە ئەوجا ئازادبە. ئەی ئەوانەی ھەمان موچەیان ھەیە و ئاقڵ گوێڕایەڵی حیزبن بۆ ئەوان حەڵاڵە، ئەمەیە دوفاقی و کۆیلایەتی مۆدێرن و زیندوکردنەوە و پەرەپێدانی کۆیلایەتی موچە.
تێبینێ: من پەرلەمانتاری خانەنشینم.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی