تاڵاوی ناسکە دیموکراسی!

18/06/2019

کاوە شێخ عەبدوڵا

لە کوردستان د. یوسف محەمەد و سەڵاحەدین دەمیرتاش، لە میسریش مورسی، قوربانیی خەیاڵی دیموکراسییەکی خاڵس و شەرعیەتی هەڵبژاردن بوون.

وەکو ئەوەی لە بیریانچووبێ لەژێر توێژاڵی تەنکی دیموکراسیدا، هەمیشە مشتەکۆڵەی بەهێز ئامادەیە بۆ دڕانی ئەو توێژاڵە.

بەر لە دەمیرتاش و د.یوسف و مورسی، شەست و پێنج ساڵێک لەمەوبەر لە ئێرانی حەمەڕەزا شا دا (د. موسەدیق)ـیش هەمان تاڵاوی چەشت کاتێ لە هەڵبژاردندا زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست دەهێنا. کەچی ئەمریکییەکان نەک قبوڵیان نەکرد، بەڵکو ٮە سیناریۆیەک لە شێوەی ئۆپەراسیۆنێکی مافیایی دا، لە دەسەڵاتیان خست و شایان راسپارد دادگایی بکات!

بێجگە لەمانە، ساڵی ۱۹۷۹ لەسەروەختی دەنگدان بۆ نوێنەرانی ئەنجومەنی باڵای خوبرەگان لە ئێرانی سەردەمی خومەینی دا، شەهید د. قاسملوو زۆرترین دەنگی لە رۆژهەڵاتی کوردستانی بەدەستهێنا تا ببێتە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە، کەچی لەبەر ئەوەی خومەینی ناڕازی بوو، نەیانهێشت شەهید قاسملوو بچێتە ئەو ئەنجومەنەوە!

لەو شوێنانەی ئەمریکا دۆستەکانی خۆی دەپێچێ لە کاغەزی رەنگاوڕەنگی دیموکراسییەوە، دیموکراسی راستەقینەی مەبەست نییە.بۆیە پێویستە پاڵەوانەکانی دیموکراسییە خەیاڵییەکە بیزانن، کاتێ دەردەچن مشتەکۆڵە بەهێزەکە یەکسەر ئامادەیە بۆ دڕاندنی توێژاڵە تەنکەکە.

سیاسەتمەداری بەناوبانگ هێنری کیسنجەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵانی ۷۰دا، لە دیدارێکی لەگەڵ رۆژنامەنووس خاتوو ئۆریانا فالاچیدا دەڵێ: بۆ دەسەڵات زۆر پێویستت بە عەقڵ نییە، بەڵکو هێز گرنگترە.

بۆیە دیموکراسی بەبێ هێز، هەمیشە بۆ پاڵەوانەکانی چیرۆکی خەمهێنەری تێدایە. دیموکراسی لە کوێیش لە کوردستان و ئێران و میسر کە ئەوەتەی ناوی دیموکراسی تێکەڵی مێژووی بەشەریەت بووە، یەک حەفتە تامی نەکراوە لەلایەن خەڵک و دەسەڵاتەکانیانەوە!

کاوە شێخ عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی