ئایا ئەوپەڕی فشاری ترەمپ ئەنجامی دەبێت؟

19/06/2019

سەردار عەزیز

ئەوپەڕی فشار بکە، هەتا ئەویتر ناچار دەکەیت، بە مەرجەکانت ڕازی بێت و بێتە سەر مێزی دانوستان. دەتوانین بڵێین ئەمە کرۆکی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپە. ئایا ئەمە سەردەگرێت؟ 
لە ساڵی ١٩٨٧ دۆناڵد ترامپ کتێبێک دەنوسێت بە ناوی هونەری ڕێککەوتن، بە دیدی خۆی ئەو کتێبە ئەوی کردە کەسێکی پسپۆر لە بواری دانوستاندا. ئەو کاتە لۆبیی ئیدارەی بۆشی باوکی کرد کە بیکاتە بەرپرسی دانوستانی کەمکردنەوەی چەک لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتدا. بەڵام ئیدارەی بۆش ترەمپی بە جدی وەرنەگرت و پۆستەکە درا بە ریتچارد بێرت، کە دیپلۆماتێکی شارەزای ئەم بوارەبوو. پاش ماوەیەک کاتێک لە ئاهەنگێکدا لە شاری نیویورک ترامپ و بوێرت یەکتر دەبینن، ترامپ بویرت دەباتە لاوە و بە گوێدا دەچپێنێ، ئەگەر ئەو پۆستەکەی وەرگرتایە چی دەکرد. کە لە هەمانکاتدا بە مانای ئەوە دەهات کە ئەو دەبێت چی بکات. ترەمپ دەڵێت: سەرەتا سۆڤیەتیەکان بە گەرمی پێشوازی دەکەیت، لێیانگەرێ با دابنیشن و کاغەزەکانیان دەربێنن. ئینجا هەستە سەر پێ و دەستت بخەرە سەر مێزەکە و بە سەریاندا بنوشتێرەوە و جنێوێکیان پێبدە و ژورەکە بە جێبهێڵە. 
ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ترامپ لە کۆنەوە بڕوای وەها بوە کە کەڵەگایی و سوکایەتی باشترین شێوازی دانوستانە بۆ ئەوەی لایەنەکەی بەرامبەرت ناچار بکەیت بە مەرجەکانت ڕازی بێت. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەمان لە گەڵ کۆریای باکوردا بینی و ئێستاش لە گەڵ ئێراندا دەیبینین.
کەیسی ئێران و کۆریای باکور ئاسان نیە بە خێرایی بڕیاری لە سەر بدرێت. بەڵام وەها دیارە لە ئاستی سنورداردا ئیدارەی ترەمپ بەم شێوازە دیپلۆماسییە هەندێک دەستکەوت بە دەست دەهێنێت. نمونە لێرەدا لوبنانە. ئەم ڕۆژانە وڵاتی لوبنان لە هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنە لە گەڵ ئیسرائیلدا لە سەر دیاریکردنی سنور، بە تایبەتی سنوری دەریایی نێوانیان، کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە غازی بن دەریای ناوەڕاست کە دەکەوێتە سنوری نێوان هەردوو وڵاتەوە.
ئەم پانتاییە نزیەکی ٥٠٠ کیلۆمەترێکە. 
ئەو دیپلۆماتە ئەمریکیەی کە کراوە بە بەرپرسی ئەم پرسە دەیڤید ساتەرفیڵدە، کە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەیە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، یەکەم، ڕازی بونی حیزب اللە یە ، دووەم، هەڵوێست گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنانی نەبیه بەریە. 
هەندێک چاودێر ڕازی بونی حیزب اللە بە دانوستان لە گەڵ ئیسرائیلدا بۆ فشاری سەر ئێران و کۆمەڵێک هۆکاری تر دەگەڕێننەوە. لە هەمانکاتدا سەرۆکی پەرلەمان کە لە حیزب اللە وە نزیکە سەرەتا هەڵوێستی جیاوازبوو. 
کاتێک لە مانگی سێ پۆمپیو سەردانی بەیروتی کرد، لەوێ باسی چۆنێتی سەپاندنی سزای ئابوری کرد بە سەر بەری و نزیکەکانیدا، بە هۆی نزیکی لە ئێران و حیزب اللە وە. ناوی پێنج کەس هات کە لە بەریەوە نزیک بون کە سزای ئابورییان بە سەردا بسەپێت. 
بەری دوای بە ئاگابونی لەم هەوڵانە هەڵوێستی گۆڕی و بوو بە پشتیوانی دانوستان لە گەڵ ئیسرائیلدا. دیارە دەکرێت خوێندنەوەی جیاواز بکرێت بۆ ئەم دۆخە. دەکرێت وەها لێکبدرێتەوە کە بەرهەمی فشارە، لە هەمانکاتدا دەکرێت وەها لێکبدرێتەوە کە یاریەکی تاکتیکیە بۆ خۆ دەربازکردن لە فشارەکانی ئابلۆقە لەم دۆخەدا. ئەوەی ڕونە کە هەردوو تێزەکە ڕاستن، بەڵام ئایا لە چ ڕوانگەیەکەوە لێی دەڕوانیت. بە دڵنیایەوە ئێرانیەکان هەست بە فشار دەکەن و مامەڵەی لە گەڵدا دەکەن، بەڵام ئەگەر وەها لێکبدرێتەوە کە حیزب اللە پشت لە ئێران دەکات لە بەر بێتوانایی ئێران لە پشتیوانیکردنی ماددی، تێگەیشتنێکی هەڵەیە، چونکە بەرەی ئێرانی زیاتر ئایدەلۆژییە، لەوەی ئابوری بێت. لە ڕاستیدا بەرەی سوننە، زیاتر لە سەر مامەڵەی بازرگانی و ئابوری وەستاوە. 
ئەم بیرکردنەوە ئابورییە لە بەرامبەر بیرکردنەوەی تایفی یان ئایدەلۆژی ڕەنگە هۆکاری خراپ تێگەیشتنی ئەمریکیەکان بێت بۆ دۆخەکە. لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ ڕەنگە ئەگەر ڕێککەوتن لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا واژۆ بکرێت بە سەرکەوتنی میتۆدەکەیان لە قەڵەمی بدەن، بەڵام ئەمە هەمو وێنەکە نیە. ئەوەی دەتوانین بڵێین ئەوەیە کە میتۆدی ترەمپ لە هەندێک ئاساتدا بە خێرایی کاردەکات، لە ئاستی تردا بە هەمان جۆر نیە. بۆیە ئەوە دۆخ و جۆری ململانێیە کە کاریگەری میتۆدی ئەوپەڕی فشار دیاری دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی