دژیەکییەکانی روداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

20/06/2019

كەمال چۆمانی


- نەتەوە یەکگرتوەکان بەڵگەی بەهێزی لەبەر دەستە کە محەمەد بن سەلمان لەپشت کوشتنی رۆژنامەنوس جەمال خاشوگجییەوە بێت. کەچی بن سەلمان هەر رۆژ زیاتر لە ناوخۆ و لە دەرەوەی سعودیەش گەشەدەکات، هیچ رێگرییەکیشی لەبەردەم نییە زو ببێتە شای سعودیە.
- دادگای بەڕیتانی دژی فرۆشتنی چەک بە سعودیە حوکمدەدات. 
- سینێیتی ئەمریکا گەیشتۆتە لێکتێگەییشتن بۆ راگرتنی گرێبەستەکانی فرۆشتنی چەک بە سعودیە. کۆمپانیاکانی چەکی ئەمریکا و بەڕیتانیا و وڵاتانی دیش نەک هەر قازانجیان لە شەڕە، بەڵکو ئەگەر شەڕ نەبێت، خۆیان وڵاتەکانیان بۆ شەڕ پاڵدەنێن. تڕامپ لە ماوەی رابردو گوتی کۆمپانیاکانی چەک پاڵی پێوە دەنێن بۆ شەڕ. وڵاتان و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبری ئەوەی کێشەکانیان چارەسەربکەن کە تێچونی مرۆیی و ئابوریی کەمترە، کەچی هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەمریکا و ئەوڕوپا دەدەن کە دەبێت سێ ئەوەندە لە بەرانبەریدا ببەخشن.
- سەرۆکی ئەمریکا داوای لە گروپی دژە-ئێرانی ئیدارەکەی کردوە کە تۆنی دژایەتییان بەرانبەر ئێران داببەزێنن چونکە ئەو هیچ پلانێکی کۆنکرێتیی شەڕی نییە دژ بە ئێران. کەچی هەندێک لە لای خۆمان هیوای شەڕ دەخوازن، لەجیاتی تڕامپیش بڕیاردەدەن.
- ئێران باکی بە گەلانی خۆی نییە و بەردەوامیی دەدات بە سازشنەکردن بۆ ئەمریکا، با گەل بمرێت لە برسان، بە دەیان هەزار وڵات جێبهێڵێت، دەیانیان روبەڕوی بازرگانی-پێ-کردن ببنەوە و خەڵک لە ئەوپەڕی ناخۆشیی ژیان بباتە سەر، کەچی ئەوان گرنگ ئەوەیە سازشنەکەن. ئێران پێیوایە لەلایەن ئەمریکاوە مافەکانی بنپێدەخرێن کەچی لە عێڕاق و سوریا و یەمەن و لوبنان هێزی پڕۆکسیی دروستکردون و خەڵکی بێتاوان دەبنە قوربانیی. 
- گەلانی سوریا هەشت ساڵە ئازار دەچێژن، بۆ دەیان ساڵی تریش ئاسەوارەکانی شەڕ کۆتایییان نایەت. جگە لە کورد، پڕۆژەی هەمو ئەوانیتر یا پڕۆژەیەکی داعشیی یان ئەل-قاعیدەیییە بە پشتیوانیی تورکیا، یان پڕۆژەیەکی ناسیۆنالیستیی شۆڤێنیی عەڕەبییە. ئیخوان موسلیمین خۆی قوربانیی سیاسەتی زلهێزە ناودەوڵەتیی و هێزە گەورەکانی ناوچەکەیە، کەچی خۆی لە سوریا پاڵیداوەتە تورکیا و فەتوای جیهادی دژی کوردان دا لە عەفرین. خۆی لەلایەن سعودیە و میسڕ و ئیماڕات و بەحرەین بە تیرۆریست ناسێنراوە، کەچی بە پەیەدە و یەپەگە دەڵێ تیرۆریست.
- بە ملیۆنان منداڵی یەمەنیی توشی نەخۆشیی بونە، بە سەدان هەزاران ئاوارە بونە. لە زیندانی میسڕدا سەرۆکی پێشوی میسڕ محەمەد موڕسیی کۆچی دوایی دەکات، ئیخوان لە دونیا هاواری لێ هەڵدەستێت. کەچی لە یەمەن ئیخوان هاوپەیمانی سعودیەیە کە سعودیە و میسڕ و ئیماڕات و بەحرەین پێکەوە خستویانەتە ناو لیستی تیرۆرەوە. 
- ئەردۆغان-تورکیا عەفرینی داگیرکردوە، دەیان هەزاری ئاوارە کردوە و دیمۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕێت. لە تورکیادا ئێستا ئەردۆغان مەترسیی لەدەستدانی ئیستانبولی هەیە. کورد لە ئیستانبول شا-دروستکەرن. ئەردۆغان دەڵێت کوردان مافەکانیان وەرگرتون، چییان دەوێت. لە خۆی ناپرسێت بۆچی دەیان سەدان هەزار کورد لە ئیستانبول دەژین، سەدان لە زیندانەکانن، هەزاران شەهید بونە و لە شاخەکانن.
- یەکێتیی ئەوڕوپا و ئەمریکا پەکەکە بە هێزێکی تیرۆریست دەزانن، بەڵام هێزێک بە ئایدیۆلۆژیای پەکەکە و سەرکردەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆتە هاوبەشیان و توانیان پێکەوە یەکێک لە دوژمنەکانی بەشەرییەت لەناوببەن.
سەردەرکردن لەمە ئاسانە؛ تا ئەو نوخبەیە سیاسییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست حوکمبکەن کە هەڵگری هیچ بەهایەکی باڵای ئاسمانیی و زەوینیی نین، تا خەڵکەکەش لە خوڕافیاتی سونیزم و شیعیزم و ناسیۆنالیزم خۆی ئازاد نەکات، خۆیان دەبنە نێچیری ئەوانیتر و هەر بە خۆشیان راو بۆ ئەوانیتر دەکەن و دژی یەکتریش دەجەنگن. ئەوەی جێی داخە، لە هەرێمی کوردستاندا، گروپێک هەن سود دەبینن لە گەشەپێدان بەو خوڕافییاتانەی سونیزم و شیعیزم و ناسیۆنالیزم، بە پێچەوانەی رۆژئاڤا و باکور کە تا رادەیەکی باش کار لەسەر تێپەڕاندنی دەکەن. لە هەرێمی کوردستان لە هەر رۆژێک زیاتر پێویستە ئیسلامێکی دیموکراتیک -ئیسلام وەک خۆی-، دیموکراسیی، حوکمی قانونی، فیدرالیی/لامەرکەزیەت/، پێکەوەژیانی گەلان، سیستەمی پارلەمانیی پێشبخرێن. ئەوانەی ئەو خوڕافییاتانە پێشدەخەن، هەر خۆیان لە پشتی ئێمەوە لەگەڵ ئەوانە رێکدەکەون کە بە دوژمن و ئەهریمەن بە گەلیان دەناسێنن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی