ڕێککەوتن لەگەڵ سەرکردە گەنجەکانی یەکێتی !

20/06/2019

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەر بییەوێت تامێژوویەکی درێژ لە هاوپەیمانی و پێکەوە کارکردن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام بێت، ئەوا دەبێت لەئێستاوە زەمینە بۆ ڕێککەوتن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەو سەرکردە گەنجانەی ناو یەکێتی خۆش بکات کە بەرەو سەرکردایەتی و ناوەندی بڕیاری یەکێتی دەڕۆن.


بەخوێندنەوەی ڕابردوو، زۆرجار پەیوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانمان بینیووە لەگەڵ لایەنی بەرامبەر کە گەیشتوونەتە مریشکە ڕەشە و دواتر 180 پلە پارتی پێچەوانەبووەتەوەو نەرمی نواندووە، نمونەی وەک (پەیوەندی پارتی و مالیکی)و (پارتی و عەبادی) و (پارتی و ئێران) و (پارتی و حسک)و (پارتی و گۆڕان)و ...هتد. لە ئێستایشدا پارتی لەگەڵ سەرکردە گەنجە دیارەکانی ناو یەکێتی ئەوەندە دوورکەوتۆتەوە لەزۆر بابەتدا دژی یەکتر دەوەستنەوە و "دانولەیان پێکەوە ناکوڵێت"
ئەگەرچی ڕەنگە پارتی لەئایندەیەکی دووردا وەک هەریەک لەناکۆکییەکانی پێشووی کە لەپڕ ئاسایی دەکردەوە وەک ئەوەی "نە بای دیبێت و نە بۆران" پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم گەنجانەیشدا ئاسایی بکاتەوە، بەڵام پێویستە لەئێستاوە بناغەی ئەم پەیوەندییە دابڕێژێت و بچێتەژێر باری ئەمری واقیع.


ئەو گوتارە توندەی ئێستا هەردوو بەرەکە (پارتی و سەرکردە گەنجەکانی ناو یەکێتی) بەرامبەر یەکتر هەیانە، جیاوازە لە ناکۆکی ڕابردوو و ئێستای پارتی و یەکێتی.
دەبێت پارتی لەگەڵ ئەو ڕاستییە خۆی بگونجێنێت کە ئایندەی یەکێتی دەکەوێتە دەست ژمارەیەک گەنج کە دەتوانن جەماوەری یەکێتی بجوڵێنن بەپێچەوانەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی، باشترین نمونەیش کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی ڕیفراندۆم و کەرکوکن.


لێدوان و قسەی ئەم سەرکردە گەنجانەی یەکێتی و خۆشویستنیان لەلایەن جەماوەری یەکێتییەوە؛ پێماندەڵێت گەیشتنی ئەم گەنجانە بە ناوەندی بڕیاری حیزبەکە زۆر نزیکە. لۆژیک و جوڵەی سیاسی ئەم سەرکردە گەنجانە جودایە لەکۆی جوڵەی مەکتەب سیاسییەکانی یەکێتی، بۆیە یان دەبێت پارتی وەک هەر ناکۆکییەکیتری نەرمیان بۆ بنوێنێت، یان ئایندەی کوردستان لەبەردەم لێکدابڕانی دوو هاوپەیمانەکەدایە کە هەمیشە پێیانوابووە ئەوان پێکەوە دەتوانن کوردستان بەڕێوەبەرن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی