هۆکاری سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا

20/06/2019

ئاسۆ حاجی



لە هۆکارێک زیاتر لە پشت سەردانیەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ بەغدا:

- هەرە گرنگەکەیان پێویستی عەبدولمەهدیە بۆ ئەو سەردانە بۆ ئەوەی لە نێو ئەو گەلەکۆمەی ئێستا لە بەغدا و لەلایەن هێزە سیاسیەکانی نزیک لە عەبادی لێی دەکرێ پێویستی بەوەیە بەهێزەوە وەدەرکەوێتەوە و وەک پیاوی دەوڵەت و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان تەماشا بکرێ نەک پیاوی دروست کردنی قەیران و تاکڕەوی وەک عەبادی و بەر لەویش مالیکی.

- هەر سێ سەرۆکایەتی عێڕاق فیدڕال لە سەرۆکایەتی کۆمار و پەڕلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران چاویان لەوەیە نێچیرڤان بارزانی ببێتە هاندەریان بۆ ئەوەی بۆچوونەکانیان دەربارەی کێشە ناوخۆیەکان و کێشە هەرێمایەتیەکان یەکبخەن،چونکە لە ماوەی رابردوو هەڵوێستەکانیان دەربارەی کێشە ئیقلیمیەکان لە یەک دوور بوون بە تایبەتی لە بەرامبەر سزاکانی ئەمەریکا لە سەر ئێران و مەترسی دروست بوونی شەڕ لە نێوانیاندا.

- ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی تەواوکەری سەردانیەکەی سەرۆک بارزانیە کە دوای دەستبەکاربوونی عەبدولمەهدی سەردانی بەغدای کرد و هەردوولا بە لێک تێگەیشتنێکی جەنتەلمانانە گەیشتن بۆ کێشانی هێلە گشتیەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.

- رەنگە هەرێمی کوردستان نەرمی بنوێنێ بۆ رادەست کردنی نەوت بە بەغدا بە بڕێکی دیاریکراو بۆ ئەوەی عەبدولمەهدی لە بەرامبەر نەیارانی بەهێزتر بێت،بەڵام بەو مەرجەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا یاسای نەوت و گاز لە پەڕلەمانی فیدڕال بە سازانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربچێ،هەروەها پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە قسە و دانیشتن بکەوێتە دۆخی کرداری.

- بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێڕاق کە لە رۆژی سوێند خواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتیەکەی کامل بوو بە هەموو تواناوە دەیەوێ لە رێگای نێچیرڤان بارزانیەوە بگەڕێتەوە ناو تیمی کوردستانی و لە بەغدا سەرۆکایەتی ئەو تیمە بکا و هەمان سەردەمی مام جەلال و کاک مەسعود دووبارە بکەنەوە کە نێچیرڤان بارزانی هاندەری ئەوەیە و سەرۆک مەسعود بارزانیش پاڵپشتە بۆیان.

- ئەو سەردانە کە لە سەرداوای سەرۆک وەزیرانی عێڕاق عادل عەبدولمەهدی بووە جگە لەو خاڵانەی سەرەوە کە ئاماژەیان بۆکراوە،خاڵێکی دیکەی جەوهەری هەیە کە پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستانە و پەیامی حکومەتی عێڕاقە کە ئەوان مامەڵە لەگەڵ حکومەت دەکەن لە هەولێر نەک گروپێک و کەسانێک کە پرۆژەی پارچەکردنی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکەن بیدەنە بەغدا،عەبدولمەهدی ئەوەی بە نێچیرڤان بارزانی گووتوە کە دەیەوێ لە بەغدا ئەو پەیامە بە هەموو لایەک بدا.

- حکومەتی فیدڕالی عێڕاق بە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەیەوە هێزە کوردستانیەکان بۆ زوو پێکهێنانی کابینەی نوێ هاندەدەن و پاڵپشتیان لەوە کردووە کە پێویستە لە وادەی یاسایی خۆیدا کابینەی نوێ دروست بێت، لە دانیشتنی بارزانی و بەرهەم ساڵح ئەوە بە وردی باسی لێوە کراوە و هاوبۆچوون بوونە دەربارەی پرسی پێکهێنانی حکومەت و چارەسەرکردنی گرفتە سیاسیەکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی