قوباد تاڵەبانی ئەوەش دەبینی؟

22/06/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

هەواڵێكم بینی گوایە داكۆكیت لە گەنجێك كردووە، كاتێ ویستویەتی بە جل وبەرگی ماڵەوە بچێتە پەساپۆرت و رێی پێنەدراوە ، پاش  گەیشتنی هەواڵەكە بە تۆ هەم پەیوەندی بە كوڕەوە دەكەیت هەم بە بەرپرسی پەساپۆرتی سلێمانیەوە ، دەی وەك جێگری سەرۆكی حكومەت و وەك كوڕی تاڵەبانی ئەوەت كردووە، بەڵام خۆ ئەوە پێشێلكاری ئازادی تاكەكەس و گشتی نیە لە بەرانبەر ئەو هەموو ستەمەدا كە رۆژانە لەو خەڵكە دەكرێت لە وڵاتەكەی تۆدا ، قوربان هەر چەند رۆژ لەمەوبەر دوو كەس كە بەشێوەیەكی دڕندانە دەستدرێژیان كردوەتە سەر كچێكی 8 ساڵە و دواتر كوشتویانە ئازاد كراون ، ئەرێ ئەركت كێشا پەیوەندی بە باوكی كچەوە بكەیت ،" لەم ماوەیەدا چیرۆكی دەستدرێژی بە رادەیەكی مەترسیدار زیادی كردووە ولە زۆربەی شوێنەكان ڕوویداوە "  رۆژ نیە فڕۆكەی توركی  بۆمبارانی باشوری كوردستان نەكات و زەرەرو زیانی گیانی و مادی نەدات ئەرێ ئەركت كێشا پەیوەندی بكەیت ، لەو هەموو دەزگاو ناوەندەی بۆ مافی مرۆڤ هەتانە داوای دۆسیەی روداوی یەك مانگ بكە بزانە لەم وڵاتە چی دەگوزەرێت ؟.

رۆژ نیە بە روداوی هاتوچۆ خەڵك نەبنە قوربانی بێزەحمەت قەت تەلەفونت بۆ خانەوادەی یەكێ لەو قوربانیانە كردوە تا داوای بوردن بكەیت بەوەی تۆ بەرپرسی دووەمی حكومەتیت و ئەوەش حاڵی رێگاوبانەكانی سنوری سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و راپەڕین و هەڵەبجە ، ئەرێ پەیوەندیەكی تەلەفونیت بە كامیل عەبدولقادری كیمیا زەدەوە كرد ، تا لە بارو دۆخی پرسیار بكەیت و هیچ نەبێت كەمێك لە ئازارەكانی ئەویش و هەڵەبجەش كەم كەیتەوە .

قوربان سایە كەریمیش كچێكی سەر لێشێواوی ئەم دۆزەخەیە لانی كەم پەیوەندیەكیش بەوەوە بكەو بڵێ هیچ كاتێك جەستە بەخشی  و جەستە هەڕاجی بەو جۆرە مانای ئازادی نیە ، كە تۆ پەیوەندی بە كوڕێكەوە دەكەیت  كە ناكرێت ئازادی پێشێل بكرێت وەك دەڵێن دەی ئەوەش بكە.

لە ماوەی رابردوودا نەمامت دەچاندوتەحەدای خەڵكی دیكەشت دەكرد بۆ هەمان كار دەی منیش لێرەوە تەحەدات دەكەم دووچاڵی گەورە لای كانی شەیتان ماوەی ساڵێكە ئۆتۆمبێل لە دەستیان رادەكات تۆ ئەوە چاكبكەو منیش دێم لە حەوشەكەی ئێوەدا 10 نەمام لێ ئەدەم ، ئەگەر پاسەوانەكان رێمبدەن.

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی