یەکەم شکانی ڕاستەقینەی ئەردۆگان

23/06/2019

مەریوان وریا قانیع

بە درێژایی ١٧ ساڵی ڕابردوو، واتە لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە تا ئێستا ٢٠١٩، ئەمە یەکم جارە پارتەکەی ئەردۆگان ھەڵبژاردنێک بەو ڕوونییە بدۆڕێنێت. یەکەم جارە بەشێک لە تورکیا بە دەنگی بەرز بەو پیاوە بڵێت بوەستە و لە شوێنێکی گرنگدا سزای ئەو سیستمە دەسەڵاتگەرە پۆپۆلیستە بدات، کە سەرۆکەکەی خۆی وەک سوڵتانێک نمایشدەکات و تورکیاش بە خودی خۆی یەکسان دەکات. ساڵی ٢٠١٣ ئەستەنبول لەڕێگای خۆپیشاندان و ناڕەزاییدەربڕینەکانی پارکی غازی یەوە دەنگی توڕەی خۆی بە گوێچکەی ئەردۆگان و حوکمڕانییەکەیدا دا، ئەمڕۆکەش لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، کە پێدەچێت لەو وڵاتەدا وەک لە ھەرێمەکەی ئێمەدا بەشێوەیەکی بێشەرمانە بێنرخ و سووک نەکرابێت. لەھەردوو دۆخکەدا ئەو شارە ئەو جۆرە لە بەرگریی بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە نیشاندا، کە ھێما بۆ زیندووییەتی شارەک و دانیشتوان و ھێزە سیاسییەکانی ناوی دەکات.

لەمێژووی ژیانی سیاسیی ئەردۆگاندا دەکرێت دوو قۆناغ لەیەکتری جیابکرێتەوە. یەکەمیان قۆناغی ساڵی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٣، دووھەمیان قۆناغی ٢٠١٣ بۆ ئێستا. لەیەکەمیاندا ئەردۆگان سیاسییەک بوو کۆمەڵێک ڕیفۆرمی یاسایی وسیاسیی گرنگیی لە تورکیادا ئەنجامدا، بە کردنەوەی دەلاقەیەکیش بەڕووی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا. لە دووھەمیاندا گۆڕا بۆ سیاسییەکی دەسەڵاتگەر و خەریکی وێرانکردنێکی تەواوی ئەو سیستمە سیاسییە بوو کە ئەوی لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە بە دەسەڵات گەیاندبوو. لە یەکەمیاندا وەک مۆدێلێک بۆ ناوچەکە دەردەکەوت، لە دووھەمیاندا بوو بە بەشێک لەو سیستمە سیاسییە دەسەڵاتگەرانەی لەمڕۆدا لە زۆر شوێنی دونیادا ئامادەن. لە یەکەمیاندا خەونی بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەروپادا وزەیەکی گرنگیی بە پرۆسەی چاکسازیەی ناوەکییەکان دەبەخشیی و پیادەکردنی پێشمەرجەکانی ”ڕێکەوتنی کۆپنھاگن“ لەئارادابوو. لە دووھەمیاندا داخرانی ئەم دەرگایە و ھاتنی داعش و گۆڕانی ناوچەکە پرۆسەی دەسەڵاتگەرێتیی لە وڵاتەدا بەھێزتر کرد. لەگەڵ دروستبوونی داعشدا ململانێ ئیقلیمیی و تائیفییەکان لەناوچەکەدا قووڵتربوونەوە و ئەردۆگان بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی لەو ململانێیەدا کرد، ھەموو ئەمانە ئەم پیاوە و مۆدێلی حوکمڕانییەکەی زیاتر و زیاتر بەرەو دەسەڵاتگەرێتییەکی ڕووت و بێدەرپێ برد. 

ئەمڕۆ ئەردۆگان بووە بە ھەڕەشەیەکی گەورە لەسەر تورکیا و ناوچەکەش. لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی کوردەوە ئەردۆگان ڕۆڵێکی نێگەتیڤ و ھێجگار ترسناک لە سێ بەشی کوردستاندا دەبینێت. لە تورکیادا لە جەنگێکی دەستەویەخەدایە لەگەڵ بەشێکی گەورەی کوردانی ئەو وڵاتە و نوێنەرە سیاسییەکانیاندا. لە سوریادا لە سەنگەردایە بۆ پەلاماردانی ئەو ئەزموونەی لە بەشە کوردستانییەکەی ئەو وڵاتەدا دروستکراوە، بە کردەوەش بەشێکی ھەرێمی کوردستانیشی لە عێراقدا داگیرکردوە و سوپاکەی خۆی لەڕووبەرێکی گەورەیدا جێگیرکردوە. 

ئەم دۆڕاندنەی ئەستەنبوڵ دەشێت سەرەتایەکی نوێ بێت، بەڵام بێگومان سەرەتایەک زەحمەت و پڕ کێشە و ململانێی گەورە دەبێت کە لە ئێستادا مەحاڵە بزانرێت دەرەنجامەکانی چۆن دەبێت. ئەستەنبوڵ ئەم ئێوارەیە درزێکی بەرچاوی کردە دیواری حوکمڕانییەکەی ئەردۆگانەوە.

مەریوان وریا قانع

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە