دروستکردنی حیزبێکیتر چارەسەرە؟!

23/06/2019

هادی‌ حه‌مه‌ ڕه‌شید


حیزب لە دنیادا چۆنە و میکانیزمێکی چەند ئەرێنییە و پێداویستی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و گەیەنەری خەمەکانیانە، چەندە ئەگەری گۆڕانکاریی لەناو کۆمەڵگادا بەبێ حیزب ئاستەمە، ئەوە نابێتە شەفاعەتکاری ئەم دۆخەی ئێستامان کە حیزب گەڕ و گول بووە و دروست کردنی هەر شتێکیتر لەژێر ئەم تایتڵەدا نەك خزمەت بەفەزا گشتییەکە ناکات، بگرە ئیزافەیەکیشە بۆ سەر ئەو ناشیرینییەی کە لە ئێستاماندا بەرکەوتنمان لەگەڵیدا هەیە!

پارتی کاتێك کە لەناو ماڵی کورددا نابود ئەبێت و لەناوەڕاستی حەفتاکاندا ئەبێت بە تەنێکی نامۆ، پێداویستی قۆناغەکە وابوو شتێکیتر دروست بکرێت جیاواز و دووربێت لەو تایپەی پارتی، کە ئەمە ماوەیەکی باش لە یەکێتیدا دەستەبەر ئەبێت، لەو گۆشەنیگایەوە یەکێتی ئەبێتە دڵخوازی کۆمەڵگا و ڕووبارێك خوێنی پێشکەش ئەکرێت، بۆ عەیامێك چەندین دەستپێشخەریی بۆ دروست بوونی حیزب فەشەل ئەهێنێت، نەك ناتوانن یەکێتی تێپەڕێنن بگرە ئەچن ئەبنەوە بە گاچۆن بۆ دەستی پارتی و جارێکیتر بەناوی قیادە مۆقەتەوە دارە دارەی سەرپێکەوتنەوەیان پێئەکەن، سۆشیالیست و زەحمەتکێشان و پاسۆك و ئاڵای شۆڕش بە نموونە!

کە یەکێتی پاش ڕاپەڕین و هەنگاو بە هەنگاو خۆی لەسەر تەرزی پارتی کۆپی ئەکاتەوە، چەندە خۆی لە پەیام و هێڵە گشتییەکانی دوور ئەخستەوە و لاواز ئەبوو، واوەتر پارتی لەسەر بنەما دزێوەکانی تۆختر ئەکردەوە و بەهێزی ئەکرد، لەبەرامبەردا کۆمەڵگا هەستی ئەکرد ئیتر یەکێتی زیادەیە، یەك پارتی پێویستە، لەنێوان پارتییە ئۆرجیناڵەکە و ئەم یەکێتییە بە پارتی بووەدا، یەکێتی ئەرکی نەماوە!

ئەم چیرۆکە بەردەوام بوو، گۆڕان کە دێت کۆمەڵگا بە توندیی باوەشی بۆ ئەکاتەوە، خزمەتی ئەکات و بەرگریی بە دەنگ و بە عارەقە و بگرە خوێن ڕشتنیش لێئەکات، بەڵام کە مەیلی کۆپیکردنەوەی تایپی پارتی(لەسەرو هەموویەوە تەوریسی سیاسی) ئەبێت بە بژاردەی یەکەمی بازنەی دەسەڵاتی گۆڕان، دیسان کۆمەڵگا هەست ئەکات لەنێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕاندا تەنیا نوسخە ئۆرجیناڵەکە پێویستە و بوونی ئەمان تەنیا دەست و دەمی ئازادیخوازانی بەستووە، ناو لە دۆڵێکە و ناوەڕۆك لە دۆڵێکیتر!

بەڵام لەم نێوەندا لە ماوەی تەنیا دە ساڵدا، جگە لە گۆڕان وەك یەکەم هەوڵی جدیی(کە بەداخەوە بە هاودەستیی کۆمەڵێك بەرژەوەندیخواز، پرۆسەی بەپارتیکردن سەرپێخرا و زۆریش خێرا کرا) و بەدوایدا نەوەی نوێ و هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵەح وەك دوو هەوڵی گوماناوی، گەڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ چوار گۆشەی یەکەم، کەشەکەیان هێندە تەمومژاویی کردووە، خۆکوژییە هەر سیاسەتمەدار و گروپێك بیر لە دروستکردنی حیزب بکەنەوە!

زیاتر بچمە ناو وردینەی پڕۆسەکەوە، ئەو فۆکەسەی کە ئێستا لەسەر کۆمەڵێك برادەر هەیە گوایە مەیلی پێکهێنان و دروستکردنی حیزبیان هەیە، سەرلەبەری هەڵەیە و دوور و نزیك وانیە، پێداویستییەکانی حیزب و ڕۆڵی وڵاتانی هەرێمایەتی بۆ وەها کارێك و ئاستی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لەگەڵیان(وا ئێستا گۆڕانیش وەك هێزێکی نزیك لە پارتی لەگەڵدایە) لایەنی دارایی و پاڵپشتی میدیایی کە سێ بنەماڵە بە قورساییەوە ململانێی خەڵکانی ئازادیخوازی تێدا ئەکەن، لەسەرو هەموویەوە زەمینە کۆمەڵایەتییەکە کە حیزب تیادا گەڕ و پیس بووە، بەهیچ جۆرێك ئەو برادەرانە ڕیسکی لەو جۆرە ناکەن.

ئەو بەڕێزانەی کە ناویان خراوەتە ئەو چوارچێوەیەوە و زۆرترین ڕووناکیی میدیاییان لەسەرە، بێگومان ناڕازین لەم دۆخە و زۆرێك لەخەڵکە ناڕازییەکانیش بەجۆری جیاواز پەیوەندییان پێوە کردوون(لە بنەڕەتدا گروپی جیاوزی ناڕازیی لەناو گۆڕان و دەرەوەی گۆڕانیش هەیە) ئەوانە بەر لە دروستبوونی گۆڕانیش، تەنانەت بەر لە باڵی ڕیفۆڕمیش، لەسەرەتای دەیەی یەکەمی دووهەزارەوە لە پلەی گرنگ و پێگەی هەستیاری یەکێتیدا بوون و لەسۆنگەی ڕەخنەی جدیی و ڕەدکردنەوەی سیستمی سیاسیی و بەخێزانییکردنی حیزب و حکومەتەوە وازیان هێنا و پایەی سەرەکیی و بەتەنیشتی کاك نەوشیروانەوە پڕۆژەی گۆڕانیان چێکرد، بە فاکوفیکی دەروون پڕ لەدەستەگەراکان و مۆنۆپۆڵکردن و وێرانکردنی گۆڕانیش وەك یەکێتی و چەندە هەوڵیاندا بۆ ڕێگریی لێیان و گەیشتن بە بنبەست، حیزبێکیتر ناکەن بەسەر باری نەهامەتییەکانی کۆمەڵگا، بەڵام ئەمێننەوە لە گۆڕەپانەدا و درێژە بە خەباتی تەندروستی خۆیان ئەدەن.

شێوازی کار و میتۆدی خەباتی ئەم قۆناغە، ئەکرێت لە دەرفەتێکیتردا قسەی لەسەر بکەین، بەڵام دڵنیابن ئەو دەنگۆیانە ناڕاست و دوورن لە واقیعەوە.

هادى حەمەرەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە