ئیمامەتی ئیمام ئۆغڵۆ

24/06/2019

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

بۆ جاری دووەم (ئیمام ئۆغڵۆ) كاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆك شارەوانی ئەستەنبوڵ بەڕێژەی %54 بەرامبەر ڕێژەی %45 لەكاندیدی ئاكپارتی (بیناڵی یەڵدرم)ی بردەوەو بووە سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ.

هێشتا ڕوون نییە كوردەكانی باكوری كوردستان و بەتایبەت ئەستەنبوڵی گەورە و پایتەختی بازرگانی توركیا لەسەر چی بنەمایەك دەنگیان بە نوێنەری جەهەپە (ئیمام ئۆغڵۆ)داوە! و بەربژێری ئاكپارتی (بیناڵی یەڵدرم)یان ڕەدكردەوە؟ ئایا بۆ كورد لەنێوان توركێكی جەهەپەیی و توركێكی ئاكپارتیدا جیاوازی هەیە؟ بەڵام ئەوەندە دەزانین كۆدەنگی كورد لەخۆشحاڵیاندا بۆ سەركەوتنی ئیمام ئۆغڵۆ بۆ وێنە ناپەسەندە سیاسییەكەی (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) دەگەڕێتەوە كە خزاوەتە هزرو خەیاڵدانی تاكی كوردەوە.

جێگیربوونی ئەو ڕاستییەی كە كورد توانی لەهەردوو هەڵبژاردنی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵدا لە(۳۱ی ئازار)و (۲۳ی حوزەیران)ی ۲۰۱۹دا؛  قورسایی دەنگ و دەسەڵات لەلای ئاكپارتییەوە بگوازێتەوە بۆ لای جەهەپە، بەرپرسیارێتییەكی قورس دەخاتە ئەستۆی (ئیمام ئۆغڵۆ) كە تەنها وەك نوێنەرو ئیمامێكی توركە جەهەپەییەكان دەرنەكەوێت. بەڵكو دەبێت ئیمامێكی یەكسانیخوازبێت لەنێوان كوردانی دەنگدەری هەدەپەو ئەو توركانەیشدا كە دەنگدەری جەهەپەن.

قۆناغی دوای دووبارە هەڵبژاردن لەئەستەنبوڵ و دووبارە سەركەوتنی ئیمام ئۆغڵۆ بەهاوكاری كورد، ئەو پرسیارە جەوهەریانە دێنێتە گۆڕێ كە : ئایا لەنێوان جەهەپەو هەدەپەدا ڕێككەوتنێك هەیە كە لەبەرامبەر دەنگدانی هەدەپە بەئیمام ئۆغڵۆ  ئەوا جەهەپەیش شتێك بدات بە هەدەپە؟ ئەی ئایا ئەم كاركردنە پێكەوە لێرەداو لەدوای ۲۳ی حوزەیران كۆتایی دێت یاخود نەخێر هاوكاریكردنەكە ماوە درێژە و چاویان لەكاری گەورەترە لەئایندەدا؟ ئەی ئایا ئەو خاڵە گرنگە بۆ كورد چییە كە ئەو بڕوایەی لای هەدەپە دروستكردووە كە نوێنەری جەهەپە جودابكاتەوە لە نوێنەری ئاكپارتی؟

ئەگەر هەدەپە تەنها بەلۆژیكی "دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە" كاریكردبێت و ڕێككەوتنێك و هاوپەیمانییەك لەسەر بنەمایەكی دروست لەنێوان هەردوولادا نەبێت، ئەوا هەدەپە كارێكی گەورەی نەكردووە بەو ئەندازەیەی كرانەوەی زیاتر بەڕووی كورددا بێت، یان جارێكیتر پرۆسەی ئاشتی دەست پێبكاتەوە. لەبەرامبەردا ئەگەریش كلیچدارئۆغڵۆ و جەهەپەو ئیمام ئۆغڵۆ چاویان لەوەیە لەئەستەنبوڵەوە بكشێن بۆ تەواوی دەسەڵات لەتوركیادا، پێویستە ئیمام ئۆغڵو تەنها ئیمام و واجیهەی جەهەپە نەبێت لەدەسەڵاتدا. پێویستە ڕۆڵی ئیمامێكی عادل بگێڕێت لەپێشەوایەتیكردنی تورك و كورد بۆسەر یەك مێزی گفتوگۆو ڕێككەوتن و گەڕانەوەی ماف بۆ ماف خوراوان كە كوردە بەپلەی یەكەم.

ئێستا بەهەرشێوەیەك بێت (ئیمام ئۆغڵۆ) گەیشتەسەر كورسی سەرۆك شارەوانی ئەستەنبوڵ و بەتەعبیرێكیتر ئێستا ئیمام ئۆغڵۆ ئیمامی ئەستەنبوڵییەكانە بەتایبەت جەهەپەو هەدەپە، ئەگەر ئیمام ئۆغڵۆ پێیوابێت لێرەدا كاری بە كورد نەماوەو ئیدی لێیان جودا دەبێتەوە، ئەوا هەڵەدەكات و ئیدی كوردەكان لەپشت ئەم ئیمامەوە! ئاراستە وەرناگرن بەویستی خۆی كورد بجوڵێنێت. ئەگەر ئیمام! بییەوێت كوردەكان بۆ دوعاكانی ئەو بۆ دۆڕانی ئەردۆغان لەتەواوی وڵاتدا ئامینی بۆ بكەن، ئەوا دەبێت گەلێك هەنگاوی گەورەو ئیجابی بنێت لەبەرژەوەندی كورد. بەبێ پاداشتی گەورە! بۆ كورد جەهەپەو ئۆغڵۆ ناتوانن بازدانی گەورە بكەن و سەركەوتنی نوێ لەهەڵبژاردنەكانی ئایندەدا تۆمار بكەن.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە