واز لەتێكۆشەرەكان بێنن

24/06/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

 ماوەیەكی زۆرە بە هۆو بێ هۆ بەردەوام ناوی عوسمانی حاجی مەحمودو قادری حاجی عەلی دێت ، زۆر جاریش بە ناوی ئەوانەوە قسەو لێدواندەدرێت ، ئەو دوو كەسەوخەڵكانی دیكەش لە دیرۆكی بەرگری ورزگاری نیشتمانیدا رۆڵی گەورەیان هەبووە و مایەی شانازی وستایشن بەو مانایەی تەمەنی خۆیان بۆ ئازادی میلەتەكەیان  تەرخان كرد ،خەونەكەیان هاتە دی یان نا ، ئەوەیان شتێكی كەیە ، بەڵام رۆژگارێك ئەوان بە گژ قولەی قافدا چونەتەوە ، كە ئیدی تروسكاییەك ئومێد چیە بە دی ناكرا لەماوەی دادێ و لە دا هاتودا  بیرەوەری وتێكۆشانی ئەو جوامێرانە دەكەوێتە بەردیدەتان . 

ئەو دوو تێكۆشەرەو خەڵكانی تریش هەن كە هەرگیز كەمیان نەكردووە ، ئەوان لە شاخ و لە پارتیزانی ولە شارو لە كاتی خۆدەسەڵاتی ودواتریش لە ناوگۆڕاندا ئەركی خۆیانبە زیادەوە بە جێگەیاندووە ، لە پای ئەو كارانە شایانی رێزو ستایشن نەك تانەوقسەی  سارد ، لە دنیادا تێكۆشەرەكان رێزی گەورەیان لێدەنرێت ، دەكرێت ئەوان حكومەت و دەسەڵات و تەنانەت زانكۆكانیش سود لە ئەزمون و بیر كردنەوەورابردوویان ببینن ، ئەگەر دەسەڵاتی كوردی توانیبای خۆی لە حكومەتی حزبی رزگار كردباو حكومەتێكی میلی پێكهێنابا ، رەنگە بۆ وەزارەتی ناوخۆ لە عوسمانی حاجی مەحمود سەركەوتو ترمان نەبووبێ ، بۆ كەسێكی وەك قادری حاجی عەلیش ئەوە شوێن بە دووی ئەوەوەیە نەك ئەو بە دووی شوێنەوە.

ئێستا كە ئەوان دانیشتون هێشتا بڕیاری هیچ رێكخراوێكی سیاسیان نەداوە ، هێشتا بڕوای تەواویان بەوە هەیە كە دەبێت بە بیركردنەوەی ناتوند وتیژانەو بە هێزی نەرم هەم سیاسەتی كوردی گۆڕانی بە سەردا بێت ، هەم نادادی و ستەم پاشەكشە بكەن،ئەو هەموو داستان هەڵچنینە لە بارەیانەوە لە پای چی ، باوەڕم وایە ئەودوو تێكۆشەرەو تێكۆشەری دیكەی وەك مولازم عومەر و بەهادین نوری و كەسانی تر ، ئەوەندەیان كردووە كە ئیدی پێویستە رای گشتی هەڵوەستە لەسەر هەنگاوەكانیان بكات ، من كە بەوردی تەواوی بیرەوەریەكانی عوسمانی حاجی مەحمودم خوێندوەتەوە ، بە تایبەت بیرەوەری ئەو 35مانگەی سەردەمی پارتیزانی ، هەست دەكەم لە تای تەرازودا ئەو لە چێ گیڤارا بە سەنگترە ، بەڵام ئیدی دەردە كورد لێناگەرٍێت ، لە داهاتودا دەبینن كە ئەزمونی پارتیزانی باشوری كوردستان و ئەمەریكای لاتین كامیان قورس تر بوونە ، لەكاتێكا ئەزمونی باشوری كوردستان بێ پێشینەوكوت و پڕ بووە .

من وەك خۆم جگە لە هیوای لەشساغی و سەلامەتی هیچ ئیشێكم بەو دوو جوامێرە نیە ، بەڵام بەلامەوە گرنگە مرۆڤی كورد جیاوازیەكان ببینێت ، یانی دۆخێك دروست نەكەین كە ئیدی چاومان نەتوانێ خارو گوڵ لێكتر جیاكاتەوە .

تێبینی : من بڕوام وایە لە بری بیركردنەوە لە دروستكردنی حزب بیر لە بەرەیەكی تەندروست و دروستكردنی هۆشیاری رای گشتی بكرێت زۆر باشترە .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە