پەروەردە نادیموكراتییەكەی كوردستان بێشەرمانە ڕووی خۆی هەڵماڵی!

24/06/2019

جیهاد محەمەد

پەروەردە دواكەوتووەكەی كوردستان، لە پێشكەشكردنی یەكەمەكانی پۆلی نۆ و دوانزەدا، بە تەواوەتی ڕوخسار و كولتوورە دواكەوتووەكەی خۆی پیشاندا، كاتێك ژنیكی پۆشاكڕەشی هاودامان و سەروچاوداپۆشراویان فڕێدایە ڕیزەكانی دواوە بۆ ئەوەی دەرنەكەوێت، چونكە ڕوخسارێكی ئیسلامیانەی هەبوو!

ئاخر ئەو ژنە بەڕێزە، بە گوێرەی خوێندنەوەی ناوەكان و پلەی چەندهەمییەكەی و سەرەی خۆی كەوتە ڕیزی پێشەوە. 

بۆچی  و لەسەر چ بنەمایەك لێتان قبووڵ نەكرد لە شوێنی خۆیدا بێت؟ 

ئەم پرسیارە كە وەڵامەكەی ڕوونە، زۆر منی هەژاند، زۆر ئازاری دام، زۆر توڕەی كردم و پڕ بەدەمم هاوار دەكەم نەفرەت لە نادیموكراتیەت و پێشیڵكردنی مافی تاك. 

ئەم كولتوورە داڕزاوە، كولتوورێكی فاشیزمانەیە، بە زۆر تۆی دینیی، تۆی پۆشاكهاودامانی ئیسلامیی لە ناو ئێمەدا جێەگەت نابێتەوە!. ئەگەر ئەم كەسە پۆشاكێكی سووری وەك ڕەمز و نیشانەی شیوعیەكانیش لەبەردابوایە هەمان ڕەفتاریان لەگەڵدا دەكرد، یان ئەگەر پۆشاكێكی سەوزی وەك نیشانەی یەكێتی نیشتیمانی لەبەردابوایە هەمان ڕەفتاریان ڵەگەڵ دەكرد. 

ئەم مێشكپووچێتیە وا بیردەكاتەوە، كە عەلمانیەت، یان پێشكەوتنخوازیی، بەوە دەبێت كە ڕیزی پێشەوەی هەرچ دانیشتن و كۆبوونەوەیەكی پەروەردەیی دەبێت كچەكان جل و بەرگی سفوریان لەبەردا بێت، یان كوڕەكان دەبێت چاكەت و پانتۆل و بۆینباخیان لەبەردا بێت.

ئاخر كاتێك عەقڵیەت و بیركردنەوەكان دیموكراتی نەبوون، پەروەردەش دیموكراتی نابێت.

پەروەردەی دیموكراتی، ئەو پەروەردەیەیە كە شكۆی تاك وەك تاك دەبینێت، نەك جیاكاری بە ناوی جۆری پۆشاكی جیاواز، یان بیركردەنەوەی جیاواز.

پەروەردەی دیموكرات، فێرخواز دەكات بە ناوەند، وەك جۆن دێوی دەڵێت: چۆن كۆبرنیكۆس چەقی گەردوونی لە گۆی زەویەوە گۆڕی بۆ خۆر و ئەم بابەتە زانستیەشی سەلماند، پەروەردەی هاوچەرخ و دیمكراتیش ئەوەیە، كە فێرخواز دەكات بەو خۆرەی هەموو سیستمی پەروەردە بەدەوریدا بسوڕێتەوە.

وەزیری پەروەردە و سیستمە پەروەردەیەكەی كوردستان، ئەوە قبووڵ دەكات، كە لە فێرگەكاندا پێشنوێژی بۆ منداڵەكان بكرێت، بەشێك لە فێرگەكان بكرێت بە مزگەوت و نوێژی جەماعیی تیادا بكرێت، بەڵام ئەمەی پێقبووڵ نییە كە ژنێكی ئیسلامیی بە پۆشاكی خۆیەوە لە جێگەی خۆیدا و لە ڕیزی پێشەوە بوەستێت. لە كاتێكدا ئەوەی یەكەم نادیموكراتییە و شێواندنی پەروەردەیە، ئەوەی دووەمم دیموكراتیانەیە و مافی تاكە لە جێگی خۆیدا بوەستێت و ڕێزی لێبگیرێت وەك هەرچ یەكێكی تری ڕیزەكان. 

پۆشاكلەبەرە ئیسلامییەكە، وەك پۆشاكلەبەرە مەدەنییەكان هەمان مافی هەبوو. ئەوەی لەبەردەم دەیان هەزار و سەدان هەزار كەسدا لەو ئێوارەیەدا ڕوویدا، پیشیڵكردنی تەواوی مافی ئەو ژنە ئیسلامییە بوو.

من بۆ خۆم لەگەل ئەوەی بیركردنەوەم لەگەڵ ئیسلامییەكاندا جیاوازیەكەی ئاسمان و ڕێسمانە، بەڵام خەجاڵەتیم كێشا كە هاوڵاتی كوردستانم، كە ئاوا بە بەرچاوەوە ژنێكی بەڕێز لەسەر پۆشاكەكەی تەریقدەكرێتەوە و پێی دەگوترێت تۆ بڕۆرە دواوە!.

جیهاد محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی