ھات و نەھاتی یەکێتی

24/06/2019

رێبوار کەریم وەلی

(١)

ھەر لە دەستپێکی گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکومەتەوە تا ئێستا، یەکێتی مەسەلەی دانانی پارێزگاری کەرکووکی کردووەتە بیانوویەک بۆ پەردەپۆشکردنی کێشەکانی خۆی. تا بۆی کرا یاریی بە کات و بە میزاجی پارتی و حیزبەکانی دیکەش کرد. دوای تێپەڕینی ٩ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنەکاندا و سەرباری رێککەوتنی لەگەڵ پارتی، رۆژێک بەشدارە و رۆژێک بەشدار نییە! لەبەرزترین ئاستەوە ئەو قسانەی لە کۆبوونەوە ناوخۆییەکانی خۆیان بەرامبەر بە پارتی و سەرۆک بارزانی دەیکەن، بە دەنگ و رەنگ دەگوازنەوە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. یەکێتی حیزبێکی ئیفلیجی نەخۆشە و دەیەوێ ئەو پەتایەش تا بۆی بکرێ بەناو حیزبەکانی دیکەدا بڵاوبکاتەوە.

جارێ پێش ھەموو شتێک و بەرلەوەی باس لە ھاتنی یەکێتی بۆ ناو حکومەت بکرێت، ئەوە چوار مانگە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە ئیستیحقاقی ئەوانە و ھیچ پەیوەندی بە مەسەلەی پێکھێنانی حکومەت و پشکی وەزارییەوە نییە، لە غیابی ئەواندا لەلایەن پارتییەوە پڕکراوەتەوە و یەک کەسی ناو یەکێتیش ناپرسێ ئەو پۆستە بۆچی پارتی بەڕێوەی دەبات کە باڵاترین دەسەڵاتی قانووندانانە لە کوردستان؟ کەس نییە بپرسێ ئایا یەکێتی بڕوای بە شەرعییەتی دامەزراوەکانی کوردستان ماوە؟
بەپێی پلانی پارتی بێت کە دەبێ حکومەت تا ٢٩ی حوزەیران پێکبێت، وەستان لەسەر یەکێتی و بەردەوامیی کۆبوونەوە لەگەڵیان بەفیڕۆدانی کاتە. یەکێتی لە نۆ مانگی رابردوودا، نە پابەندی رێککەوتنەکانی بووە و نە رێزی لە ئیمزاکانیشی گرتووە. حکومەتی بەھێز بە تکا و رجا و پاڕانەوە لە یەکێتی پێکنایەت، بگرە چیتر نابێ پارتی لە دەرگای یەکێتی بدات. ئەوەی پێویست بووە بۆ بەشداریکردنی یەکێتی لە حوکمڕانی کراوە، کە یەکێتی خۆی ئەو ئامادەییەی تێدا نەبێت، نە خەتای پارتییە و نە خەتای گۆڕانە.

ئاراستەیەکی ناو یەکێتی، بۆ درووستکردنی نەزمێکی نوێ و دەسبەسەرداگرتنی یەکێتی، حزبەکە وەکو ئامرازی ململانێ لەگەڵ پارتی و تەنانەت گۆڕانیش بەکاردێنن. بۆیە پارتی دەبێ تەنانەت لە وەڵامدانەوەشدا ئاگادار بێت و کۆنترۆڵی خۆی لەدەست نەدات. لەسەر یەکێتیش نەوەستێ و حکومەت رابگەیەنێت.

سەرۆک بۆ لە ئیستانبوڵ بوو؟
(٢)

لە ئانوساتی ھەڵبژاردنەکاندا و لەکاتێکدا کە حیزبی حاکمی تورکیا پەنا بۆ ھەموو رێکارێک دەبات دەنگی کوردی ئیستانبوڵ نەچێتە ناو ھەگبەی دەنگەکانی پارتی ئۆپۆزیسیۆنەوە، یەکەم سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا، جۆری پێشوازی و جۆری راگەیاندنی ھەواڵەکە لەلایەن سەرۆک کۆمار ئەردۆغانەوە، رەنگبێ لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرابێت. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ئەو قسانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دیمانەکەی لەگەڵ ئاژانسی رەسمیی حکومەت کردنی، دەریخست کە سەردانەکە دوور و نزیک ھیچ پەیوەندییەکی بە ململانێی ناوخۆیی تورکیاوە نییە. ئەو سەردانە بۆ رزگارکردنی عادل عەبدولمەھدیی سەرۆکوەزیران بوو لەو گوشارانەی کە لەلایەن نەیارە شیعەکانییەوە خراونەتە سەری. ئێستا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی میحوەری لە نێوان بەغدا و ئانکەرەدا دەبینێ. 

مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گەواھیدەری ئەوە بوو کە چوار ساڵی داھاتوو، ئەو سەرۆکە گەنجە لە ئایندەی سیاسیی وڵات و ناوچەکەدا چ رۆڵێکی مەزنی بۆ دانراوە. ئەزموونی ئەو لە جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و وڵاتانی زلھێزدا، لە ھەموو کاتێک زیاتر فریای وەزعی کوردستان و بەغدا و، تەنانەت پایتەختەکانی دەوروبەریش دەکەوێ.

رادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل لە نەوتی ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئیستیحقاقی تەواوی خەڵکی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، نە بە مانای شکستی سیاسەتی نەوتی ھەرێمی کوردستانە و نە بە مانای ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی پەنجا ساڵەیە لەگەڵ تورکیا، بگرە جێگیرکردنی شەراکەتە لەگەڵ بەغدا و ئانکەرە. دیپلۆماسییەتێکی بەھێز کوردستانێکی بەھێز درووست دەکات.

پارتی و پاقلەکەی نەجیم!
(٣)
کابرایەک ھەبووە لە ھەڵەبجە، رەنگبێ ھەڵەبجەییەکان باشتر بیناسن. بۆیان گێڕاومەتەوە، ئەگەرنا نەمدیتووە. ناوی نەجیم بووە و پاقلەی کوڵاوی فرۆشتووە. ھەر لە بنەڕەتیشەوە پاقلەخۆرێکی باش بووە. ئیتر بە درێژایی رۆژ کە بەدیار مەنجەڵی پاقلەکەیەوە راوەستاوە و بە خەڵکی فرۆشتووە، جار جارەش خۆی حەزی لێبووە قاپێک پاقلە بخوات. بۆیە دەستی بردووەتە گیرفانی چەپی و پەنجا فلسی ئەوکاتەی دەرھێناوە و گوتوویەتی: " نەجیم بایی پەنجا فلس پاقلە بدە بە نەجیم"، دواییش پەنجا فلسەکەی خستووەتە باخەڵی راستە و قاپێک پاقلەی خواردووە.

حیکایەتی پارتی و کۆتای نەتەوە و ئاینەکانی ناو پەرلەمان کە بەشداری لە حکومەت و کابینەی وەزاریدا دەکەن، وەکو حیکایەتی نەجیم وایە کە لە باخەڵی چەپەی دەریدێنێ و دەیخاتە باخەڵی راستەی!

پارتی گوایە پۆستی سکرتێری پەرلەمانی (کە دوایی دەبێتە جێگر) داوە بە نەتەوەی تورکمان، بڕوا ناکەم ئەو خاتوونە بە خۆی و مێردەکەیەوە کە پێکەوە حیزبێکیان ھەیە، بتوانن بایی یەک کورسی پەرلەمان دەنگ بھێنن. ئینجا خۆشترین شتیش ئەوەیە کە بەرپرسی ناوچەیەکی پارتی بەناوی کریستیانەکانەوە ببێ بە وەزیر! پارتی وەزیرێک بدە بە پارتی!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی