بۆچی بردنەوەی ئۆغلۆ دڵخۆشی نەكردم؟

24/06/2019

عیماد عه‌لی

بەڵێ لە رووی تەكتیكیەوە كورد جوڵەیەكی باشی كرد، ملهوڕی ئەردۆگان بەر بەربەستێكی گەورە كەوت وتا رادەیەكی توشی شكستی خۆی هات سەری دای لەتاشەبەردی كەلەرەقی خۆی و دەكرێت هەندێك بە ئاگای بێنێتەوە ، بەڵی كورد لەمەودوا وەكو ژمارەی رێژەیی بەهێز و بەڵكو وەكو هێلكەی تەرازووەكە رۆڵی خۆی لە سیاسەتی گشتی توركیا و حساب بۆ كردن و هاوكێشەكان دەبینێت و هیچ ئۆردوگانێك ناتوانێت خۆی لەو واقیعە گێل بكات، بەڵێ دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵ لەم قۆناغەدا لە زۆر رووەوە بە ناراستەوخۆش بێت لە قازانجی كوردە بە گشتی، بەڵام ئایا ئەمە دڵخۆشكەرە بۆ ئامانجە ستراتیجیەكانی كورد و كوردستان؟ 

هەر كەسێك بە مێژووی دوورودرێژی جەهەپەدا بچێتەوە و بەڵكو تێڕامان لە قسە و رەفتار و دروشمەكانی سەركردایەتی بكات دڵخۆش نابێت، ئەگەر ئێستا  و لەم وەزعە تا رادەیەك لاوازەیدا لە ئاست مافە گشتی و سەرەتاییە گشتیەكانی گەلی كوردستان بەم شێویەی بێت، ئەگەر بە یەكلایی رەتیاننكەتاوە لەبەر پێویستیی كاتی بە كورد بۆ هەڵبژاردنەكان، ئەوە بێ دەنگی هەڵبژاردووە و بێهەڵوێستی دەربڕیوە، بەڵام  تاڵە موویەك لە رەفتار و بۆچون و سیاسەت و مامەڵەكانی ئەتاتۆرك لەمەر پرسە ستراتیجیەكان لەم حزبەدا نەگۆڕاوە. ئەم دوو حزبەی توركیا( ئاكەپە و جەهەپە)ئەگەر تائەنتكێك  دوو ئاراستەی جیاواز لە بەرێوەبردنی توركیا و ئامانج و رێباز و فكر و ئایدیۆلۆجیان هەبێت، بەڵام لەمەڕ پرسی كورد جیاوازیەكی ئەوتۆیان تێدا نیە كە لە بەر دەرئەنجامێكی هەڵبژاردنێك لەم جۆرەی ئەستەنبوڵ كورد شاگەشكە بكات و وا بزانێت لە رووی پرسەكەی و قوڵایی كێشە مێژووییەكەی شتێك سەوز دەبێت و هەنگاوێك دەچێتە پێشەوە. بەڵی ئەم هاوپەیمانێتیە تەكتیكیە بۆ كاروباری رۆژانە و ململانێی حزبی كارێكی ئەرێنیە، بەڵام ئەگەر داشی هەر یەك لەو دوو حزبە باڵاتر بێت بەلەبرچاوگرتنی روانینی ورد بۆ هەر یەكەیان ئەوە رەنگە بەزیاتر قوڵبونەوە و وردبونەوە لە هاوكێشەكە و مێژووی هەردوو حزب، ئەوا رەنگە زیاتر رەشبین بین و چاوەرێی رەفتاری باشتر لە جەهەپە نەكەین، ئەگەر دروشم و بانگەشەی هەر یەكەیان بێینیە بەرچاومان لەوەدا یەكلایی دەبینەوە كە تەنانەت خۆیان لەقەرەی هیچ شتێكی گرنگ بۆ كورد نەدا و پەیمانی بەدیهێنانی تەنانەت بچوكترین مافی كوردیان لە هیچ پاریزگایەكی توركیا لە هەڵبژاردنەكاندا نەدا بە پارێزگا ناسراو كوردیەكانەوە نەك ئەمرۆ بۆ دووبارەكردنەوەی ئەستەنبوڵ بیدەن.

هەرچەند زۆرێك لە سەركردەكان هەڵبژاردنی ئەستەنبوڵ بە بربڕەی پشتی سەرجەم هەڵبژاردنەكان دادەنێن و هێمای جەماوەری و پێگە و قورسایی هەر حزبێك لەسەرجەم توركیا دەردەخات بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێت كە توركیا سیاسەتی ناوەندی خۆی لەمەڕ دەوڵەت هەیە و لە ڕێڕەوی پیادەكردنی سیاسەتی گشتی هێڵێكی تایبەتی خۆی هەیە كە هەردوو حزب ناتوانن خۆیان لێلادەن و تاكرەوانە هەنگاو بنێن، بەڵگەش لەسەر ئەمە ئەگەر سەرەتاكانی ئاكەپە و رەفتارەكانی ئەردۆگان بهێنینەبەرچاو دەبینین كە لەو بارەوە ماوەیەك خۆی لەقەرەی كێشەسەرەكیەكانی كورد بە ئاشتی و چارەسەری دا، بەڵام دواجار نەیتوانی لە هێلە دیاریكراوەكە دەربچێت و لە چەقی گۆلاوە خەستەكەی بۆچونە ئەتاتۆركیەكە رزگاریبێت، لەمەڕ ئازادی و مافی گەلان و دیموكراسی و بە تایبەتی پرسی گەلی كورد تاكە هەنگاوێك جیاوازی دەرنەخست، سەرەرای چەند هەنگاوێكی سەرەتایی لەو بارەوە تاوەكو خۆتوندكردنی لەسەر دەسەڵات و دووبارە پاشگەزبونەوەی.

بۆیە پرسی ئێمە نە بە سەركەوتنی جەهەپە چارەسەر دەبێت و نە ئاكەپەش، بەڵكو ئەم هەڵبژاردنانە تەرازووی هێز و سەنگی سیاسی نێوخۆیی رووت بۆ لایەك لاسەنگ دەبێت كە جگە لەبەردەوامبوون لە تاكرەوی نێوخۆیی سەركردایەتی دەوڵەتی توركیای قووڵ هیچی لێناخوێنرێتەوە. پرسی كوردیش پێویستی بە هەنگاوی گەورە و گۆڕێنی عەقڵیەتی سەركردایەتی توركیایە نەك هەڵبژاردنێك لێرەو لەوێ، بۆیە سەركەوتنی ئیمام ئۆغلۆ هیچ دڵخۆشی نەكردم.     

عیماد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی