کێشەی کورد و سنور

26/06/2019

سەردار عەزیز

سنور دەزگایەکی ئاڵۆزە، بەڵام بە شێوەیەکی فیکری و سیاسی بیری لێنەکراوەتەوە لە دونیای ئێمەدا. ئێستا لە سەرەتای پرۆژەیەکم بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیەوە و سود لێبینی بۆ پێشبینیکردنی چارەسەرێکی جیاواز بۆ کێشەی کورد، ڕۆژانی داهاتوو لە لەندەن لە میانی کۆنفرانسی توێژینەوەی کوردی بابەتێک لەم بوارەدا پێشکەش دەکەم.

بۆ من سنور، کرۆکی قەیران و بنەمای بەڕێوەچون و میتۆدۆلۆجی و لە سەروی هەمویەوە دەکرێت جۆرێک بێت لە چارەسەر بۆ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. بۆ کارکردن لە سەر ئەم پرۆژەیە، سەرەتا پێویستی کرد کە قوتابخانەکانی سنورناسی پۆلێن بکەم. بە گشتی دەکرێت قسە لە سەر سێ قوتابخانە بکرێت لەم بوارەدا؛ یەکەم، قوتابخانەی دەوڵەتی، ئەم قوتابخانەیە سنور بە بەرهەمی دەوڵەت دادەنێت و سنور و دەوڵەت وەک جمکێک دەبینێت. دووەم قوتابخانەی دونیای بێسنورە، کە لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابوردودا سەرهەڵئەدات وەک بەشێک لە پرۆسەی جیهانگیری، بەڵام زیاتر لە لایەن بیرمەندانی بواری کارگێڕی، مانجمێت، لە زانکۆی هارڤەردوە پشتیوانی دەکرێن. قوتابخانی سێیەم، دەکرێت بە قوتابخانەی ڕەخنەیی سنورناسی ببینین، ئەم قوتابخانەیە زیاتر لە دیدی چەپەکانەوەیە، کە وەها دەبینێت، سنور تەنها لە نێوان وڵاتاندان نیە، لە هەمانکاتدا دونیای بێسنور نەهاتوەتە ئاراوە، بەڵکو ئەوەی ڕویداوە گواستنەوەی سنورە بۆ هەناو شار و میترۆپۆلیتەکان و بونی دونیای یەک و دونیای سێ لە هەمان شاردا. ئەمە بە زۆری دەبینین لە زۆربەی شارە گەورەکانی دونیادا کاتێک خەڵكی لە رێگای دیواری بڵندەوە لە یەکتر جوداکراونەتەوە، بیرمەندانی وەک ساندرۆ مازاندرۆ و ئیتین بالیبار کاریان لەم بوارەدا کردوە. بەڵام دۆخی سنوری کوردستان لە ڕێگای هیچ کام لەم قوتابخانانەوە ناتوانرێت ڕاڤە بکرێت.

لێرەوە دەگوێزینەوە بۆ سنوری کوردی وەک تایبەتمەندیەک. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابوردودا چەندین شاعیری کورد، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات و باشور، ئەوەی کە من هەتا ئێستا بەچاوم کەوتبێت، باس لە تایبەتمەندی سنوری کوردی دەکەن. زۆربەمان کۆپلە شیعرەکەی هێمن موکریانی دەزانین دەربارەی سنور، کە بۆ سەلاحی کوری نوسیوە، کە ئەوکاتە لە مەهاباد بوەو و ئەویش لە بەغدا. تۆی لە من کرد، من لە تۆ دوور، ئەبوستێکە دوژمن ناوی نا سنور. لێرەدا سنور، دەزگایەکە کە دوژمن بۆ جیاکاری و لێکدابران و پەرتکردنی هەمان خەڵک هێناویەتیە ئاراوە. شیعری جەلالی مەلەکشا بۆ کاوەی کوڕی، کە وێنای یوتوپیایەک دەکات کە کاوە بچێتە گەراج و گوێبیستی ئەوەبێت کە گەراجەوان بانگی شارەکانی هەر چوار پارچەکانی کوردستان دەکات.

بە زمانی ئینگلیزی چۆمان هەردیش دەقێکی هەیە دەربارەی گەڕانەوە لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باشور لە ساڵی ١٩٧٩. لە کاتێکدا ئەم دەقانە دەربڕی هەست و خواست و ناڕەزایی و نامۆبونی سنور دەکەن، لە هەمانکاتدا پۆلێنی سنوری کوردی دەکەن بە جۆرێک سنور کە لە نێوان هەمان خەڵكدایە و لە میانەی پرۆسەی سنورڕێژی دونیادا لە لایەن ڕۆژئاواوە کێشراوە. لە روی فیکریەوە بیرمەندی ئەڵمانی کارل شمیت لە کتێبی نۆمۆسدا باس لەم دیاردەیە دەکات.

سنور وەک ئامراز و دەزگایەک بۆ کردنی کورد بە خەڵکانێکی جیاواز لە یەکتر لە دیوی سنورەکانەوە، لە ئەدەبیاتی ئەم دوایانەدا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکیشی باسی لیوەکراوە. کۆنترین دەق لەم بوارەدا لە لایەن حەمید بۆزئەرسەلانەوە نوسراوە، کە ساینس پۆ بڵاویکردوەتەوە. لەم دواییانەوە ئۆرفا بینگۆش بابەتێکی تایبەتی لەم بوارەدا نوسیوە لە کتێبی kurdish study revisited دابڵاوکراوەتەوە. هەروها بابەتێکی ئارەزو یەڵمز لە خانەی بیری وەزرارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا swp. هەروەها بابەتێکی هێنری بارکی لە گۆڤاری فۆرین ئەفێر. لە چەند هەفتەی ڕابورد گوینای یڵدز بابەتێکی لە کایرۆ ڕیڤیو بڵاوکردەوە کە دەربارەی ئەم بوارەیە.

هەموو ئەم بابەتانە هێندە دوور ناڕۆن کە جۆرێک لە میتۆدۆلۆجی و چارەسەر ببیننەوە، بەڵکو زیاتر باس لە دیاردەیەک دەکەن کە لە هەڵکشاندایە. ئەوەی منی پاڵنا بۆ بیرکردنەوە لەم بوارەدا دیدارێکی بیرمەندی ئەمریکی جیمس سکۆتە، لە گۆڤاری لۆس ئەنجەلوس ریڤیو. جەیمس زیاتر شارەزای ڕۆژهەڵاتی دوورە، بەڵام لەو دیدارەدا باس لە کوردیش دەکات. هاوبەشییەک لە نێوان خەڵکانی وەک ئوریناگ و کورد و ئەوانیتردا هەیە، ئەوەیە کە پەرتبوون بە سەر سنورەکاندا و سنورەکان نەیتوانی بیانکات بە خەڵکانێکی جیاواز لە یەکتر. بۆ نمونە ئەگەر کوردی باشور ببێت بە عێراقی و کوردی باکور ببێت بە تورک و کوردی ڕۆژهەڵات بە ئێرانی و کوردی ڕۆژئاوا بە سوری و هیچ پێکەوەبون و مێژو و کەلتور و دابونەریتێک لە نێوان یەکتردا نەبینن. ئەمە ئامانجی پرۆسەکە بوو لە سەرەتادا، بە تایبەتی کە ئامانجی سەرەکی ئەوەبوو کە کورد وەک هیندیە سورەکان بسڕدرێنەوە. ئێستا کە ئەمە نەبوە دەبێت چی بکرێت. هەوڵ ئەدەم لە نوسینی داهاتودا باس لە پێشنیارەکەم بکەم.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە