یەک بار ئاردە دار

28/06/2019

دانا رەشید


بێ گومان زۆربەمان ئەم چیرۆکەمان بیستوە کە دەلێ ( خودا لە سوڵتان محمود گەورەترە) گوایە سوڵتان محمود داوای لە دارتاشێک کردوە کە لە زەرفی شەو و رۆژێکدا دەبێ یەک بار ئاردە داری بۆ کۆکاتەوە دەنا لە سەری دەدرێ ، هەمیشە بۆ من کاتێ ئەو پەندەم دێتە بەرگوێ کە لەم چیرۆکەوە داکەوتوە گوایە مرۆڤ هەر دەبێ هیواو ئومێدی بە سبەینێ یەکی نوێ هەبێ ، کاتێ روناکی دێت و تاریکی شەوی رابوردوو شەق و پەق دەکات ، رەنگە گۆڕانکاریش بە بارودۆخەکە بێت ، رەنگە بریارگەلێک کە لە تاریکی دا واژۆ کراوە ، لە سبەینێ یەکی روناکدا راستیەکان باشتر خۆیان دەربخەن ، ئاخۆ تاوانی ئەو دارتاشە چی بووبێ وا سوڵتانێکی گەورەو گرانی وەک سوڵتان محمودی عەرشی ئیمپراتۆری عوسمانی ئەو گەڕەی پێ کردبێ بۆ لە ناو بردنی ، رەنگە سەرکردەی جوڵانەوەیەک بوبێ دژی زوڵم و زۆری دەسەڵاتی سوڵتان ، رەنگە کەسێکی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی بوبێ و ( پیاو ماقوڵانی شار ) بۆیان تێ چەنبێ تا سەری بکەن بە گۆڕدا ، رەنگە رەنگە ..... هتد 

ئەوەی لەم چیرۆکەدا دەمەوێ بیڵێم ،رەنگدانەوەی ئەم عەقڵیەت و حوکم کردنەی تورکە یان دەسەڵاتی تورکە بەرامبەر نەیارەکانی دەسەڵات ، کە دییارترین نەیاری دەسەڵاتی تورک ( میلەتی کوردە ) کە ئێستە لەم سەردەمەی ( سوڵتان ئەردۆگان ) تەواو ئێسقانی بوونی کورد وەک دەنگدەر وەک میلەت وەک کیان وەک هێزێکی رکابەری کاریگەر لە قورگی ئەردۆگان و پارت و خەون و دەسەڵاتەکەی گیراوە ، هەندێ جار قرخە قرخ و کۆکە کۆکی دەگاتە دوورترین شوێنی جیهان.

تۆ سەیر کە ، لە هەر هەڵبژاردنێکدا ئەردۆگان بدۆڕێ پەنێک بە ( هەرێمی کوردستان) دەگێرێت و دەسەڵاتی هەولێر دەخاتە ژێر باری ( یەک بار ئاردە دار) ەوە کە دەبێ هاوکاریان بکەن لە هێرش و پەلامار بە ناوی ( PKK )ەوە ،ئەمەش بۆ بزواندنی هەستی راسستی میلەتی تورک ، کە تورک دژی کورد کەسانی راسست و بێ ویژدان و خوێرێژ پەسەند دەکەن، بە ئاشکرا دەیەوێ هەولێر ملکەچ بکات بۆ ئەوەی ( شاری کەرکوک) بکەوێتە دەست تورکمان ، هەروەک چۆن کەسێکی تورکمانیان لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان داناوە ، هەروەک چۆن بە دەیان سەربازگەی تورک لە هەرێم وجودی هەیە ، ئەردۆگان گەرەکێتی لە رگەی خەتەری PKK هەمیشە گەڕی بارە ئاردە دار بە هەولێر بکات و پێگەی تورکمان قایم بکات ، سنوری دێگەڵە پتەو بکات تا نفوزی ئێران نەگوازرێتەوە بۆ هەولێر ، تا خۆی حوکمی هەولێر بکات کە ناویان لێ ناوە ( حەوشەی پشتەوەی تورکیا) هەتا ئێرە ڕونە دوژمنایەتی کردنی پارتی بەرامبەر هێزەکانی قەندیل خاڵی هاوبەشی پارتی و ئەردۆگانە ، لێرەوە دەبێ چەند پرسیارێک ئاراستەی حیزبەکانی ئەمدیو سنوری دێگەڵە بکرێت ، کە هاوبەشی پارتین لە حکومەتی مەسرور بارزانی دا ، تایبەت بزوتنەوەی گۆران.

یەکەم ، ئایا ئەمان بە گشتی و یەکێتی و گۆرران بە تایبەتی رازین بەم رەوشە ، لە لایەک لە حکومەتدا بەشدارن وەلی لە حکومرانی هەرێم کورد واتەنی پارتی مەن بە کڵاوی کەسیان ناپێوێت ؟ .

دوەم ، پارتی هەمیشە بەرامبەرەکەی یاخود لایەنەکانی تری لە خراپەکاری دا بەشدار کردوە و هەرچی خراپە هەیە دەیسوێ بە سەری لایەنی تردا ئەمما یەک زەڕە سەروەری جگە لە بنەماڵەی بارزانی بە کەسی تری رەوا نابینێ ، ئەدی وا یەکێتی بە هەرحاڵ ،گۆرران ناترسێ لە لەعنەتی مێژو ؟.

سێ یە ، وا ئیسلامیەکان دۆستی ئەردۆگانن ، ئەدی لایەنگرانی یەکێتی و گۆرران پرسیارێک لە خۆیان ناکەن ، تاکەی ئەم رەوشەی هەرێم بەم جۆرە بروا پارتی بە فیتی ئەردۆگان و تورک بیانخاتە ژێر حوکمی یەک بار ئاردە دارەوە ، کە سەریان پێ نەوی کات.

چوارەم، ئایا مێدیای ئازاد ونوخبەی رۆشنبیران و نارازیان ، ئیدی وادەی ئەوە نەهاتوە بڵێن نەخێر ، حەدو حدودێک بۆئەم رەوشە دابنرێت .کە هەر دەنگێک بڵند بێت ، یان بێ دەنگی کەن یان بخرێتە ژێر حوکمی یەک بار ئاردە دار.

دانا رەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی