چ دۆستێكمان نییە جگە لەقەندیل

30/06/2019

هونه‌ر تۆفیق

ئەگەر هارفی مۆریس و جۆن لوج ٫ جارێكی تر سەرلەنوێ بەسەرهاتی كورد لەم سەردەمەدا بنووسنەوە ٫ ڕەنگە لەبری ناونیشانی كتێبەكەیان بۆ كورد ( جگە لەچیاكان هیچ دۆستێكیان نیە ) ئەمجارە بڵێن : جگە لە قەندیل كورد هیچ دۆستێكی نیە ۰

نە مەهاباد و نەئامەد و هەولێر لە ئێستادا وەك قەندیل پایتەخت و سەنتەری پرسی كورد نین ۰ قەندیل هەر حەشارگە و سەنگەری چەند سەد گەریلایەك نیە وەك لە میدیا توركی و هاوئاوازە كوردیەكانیەوە وێنادەكرێت ۰ بەڵكە مەڵبەندێكی ستراتیژی پەیوەست بە ئەمنی قەومی گەلێكەوەیە كەناوی كوردە و دابەشە بەسەر ئێران و عێراق و توركیا و سوریادا ۰

بەر لە دروستبوونی داعش ئەو رەهەندە سەربازی و ستراتیژیانەی قەندلیمان لە وتارێكدا باسكردبوو كە تەنیا جارە لەمێژووی كورددا ؍ هێزێكی سیاسی و سەربازی كورد توانیبێتی مەترسی جدی لەسەر چوار دەوڵەت دروست بكات و لە چیایەكەوە كە ناوی قەندیلە هێڵی ئەمنە قەومیەكانیان بشكێنێت و لەناو خاكی خۆیاندا لە باشووری زاگرۆسەوە بە درێژایی سنووری عێراق ئێران تا قەندیل ٫ لەوێشەوە لە نێوان عێراق توركیا و توركیا سوریاوە تا عەفرین بەهەردوو دیوی سنوورەكاندا ناوچەی نفوز و هێزی قەندیلە ۰
ئەزموونی كۆنترۆڵكردنی سانا و تۆكمەی رۆژاڤا ئەو بۆچوونەی سەلماند كە قەندیل چ سەنتەرێكی ستراتیژی كوردە كە بەهەموو جیوگرافیا سیاسیەكەی كوردستاندا رابگات و ببێتە ناوەندێكی بەرگریكار و فریاگوزاری سەربازی لەهەر كورێ ی كوردستاندا بێت ۰ جگە لە ئەزموونی رۆژاڤا ٫ بەتەنگەوە هاتنی قەندیل بۆ باشووریش لە شەنگال و مەخمور و كەركوكیش هەمان دۆستبوون و سەنتەربوونی ئەو چیایە بۆ كورد دەسەلمێنێت ۰

دیارە ئەوەی كەمێك هوشیاری سەربازی هەبێت و لە سەنگەر و جوڵەی هێز و سوپا تێبگات ٫ لەوەش تێدەگات لەناو ئاڵۆزیەكانی ناوچەكەدا چەند مەحاڵە قەندیل بڕوخێت یان داگیربكرێت ۰ چونكە قەندیل جگە لەوەی تەنیا دۆستی كوردە لەهەمان كاتدا كەوتۆتە چەقی ململانێ و ئاڵۆزیەكانی ناوچەكەوە ۰ كەوتنی قەندیل دەكاتە پچڕانی شیرازەی ئەو ئارامیە سەربازیەی لەناوچەكەدا تەنیا لە كوردستاندا دەبینرێت كە نەدۆست نە دژ بە خۆرئاوا و ئەمریكایە ۰ تێكدانی ئەو شیرازەیە تێكدانی بەڵانسی دیدی نەدۆست نەدوژمنیەكەیە بۆ خۆرئاوا و هاوپەیمانەكانیان لە ناوچەكەدا۰ 

تێنەگەیشتنی سیاسی هەرێمی كوردستان لەم هاوكێشەیەی كە بەستراوەتەوە بە قەندیلەوە ٫ یان لێكدانەوەی جیوگرافی بۆ قەندیل كە بریتی یە لە چەند گوندێك لەناو چیایەكی عاسی و سەختدا ٫ توشی ئەو هەڵانەیان دەكات كە پێیان وابێت موراعات كردنی توركیا وەك دراوسێیەكی ئابووری شایەنی ئەوەیە پشت بكرێتە قەندیل و چاودابخرێت لەو هێرشە بێ سوودانەی توركیا دەیكاتە سەری ۰ لەبەرچاو نەگرتنی ئەوەی كە روخانی قەندیل هەرەس و روخانی ستراتیژ و توانای نەتەوەیەكە لەپێناو رازی كردنی دڵی دەوڵەتێكدا رازی نیە بەخێمەك لە ناوەراستی ئەفریقیادا تۆ هەتبێت (وەك دیمرێل دەیگوت) ئێستا چۆن بەتۆ رازی دەبێت لەپاش روخانی تەنیا دۆستەكەت (چیای قەندیل) مافی ژیانت هەبێت ؟

هونەر تۆفیق 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە