بۆشایی سەركردە لەباشوور

30/06/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

بۆروداوەكەی كورتەك دەبوو هەموو سەركردەكانی كورد بە عیلمانی وئیسلامیەوە هەڵوێستێكی هاوبەشیان دەربڕیباوپێكەوە یاداشتێكی رونو راشكاویان بدایەتە نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمەریكاوتوركیا، نەهاتنە دەنگ لە رژانی خوێنی هاوڵاتیان و دەركردنی بەیانی شەرمئاوەر ، ساڕێژی برینەكان ناكەن ، ئاكەپەو دەوڵەتی تورك لە مەودای دووساڵدا زیاتر لە 50 هاوڵاتی سڤیلی باشوری كوردستانیان شەهید كردووە ، شەهید كردنی ئەو ژمارە زۆرەو بریندار كردنی دەیانی دیكەو  گەیاندنی زەرەرو زیانی زۆر بە هەرێمی كوردستان ، بمانەوێت یان نا راگەیاندنی شەڕە، ناكرێت لە بەرانبەر ئەو راگەیاندنی شەڕەدا ئێمە ملكەچ و دەستە پاچە ، هۆكارەكەبۆ بوونی پەكەكە بگێڕینەوە ، یانی با گریمانەی ئەوەش بكەین پەكەكە بەرپرسیارە لەو دۆخە ، ئایە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لە گەڵ پەكەكە ئەو پرسەیان تاوتوێ كردووە ، یان ئەوانیش وەك بەشێك لە شەڕ دژی پەكەكە دەركەوتون و بوونەتە لایەكی شەڕەكە بۆ هاوكاری ئاكەپەو دەوڵەتی توركیا .

لە راستیدا هەوڵدان بۆ ئەوەی پەكەكە بكرێتە هۆكاری ئەوەی ڕووئەدات ، جگە لەوەی بیانویەكی زۆر لاوازو ناشرینە خزمەتێكیشە بە توركیاوبێبەری كردنیەتی لەرژانی خوێنی كورد ، بابەتەكە پەكەكە نیەو پەكەكە بیانوە بە دەست دەوڵەتی توركەوە ، هەموو ئەوەمان بیرە كە لە كاتی ریفراندۆما ئاكەپەو خودی ئەردۆگان چۆن پەلاماری باشوری كوردستان و سەرانی باشوریان ئەدا ،  كێشەكە لە باشوری كوردستان نەبوونی سەركردەیەكی زیت و بەرپرسیارە بەو مانایەی وەك چۆن كاتی خۆی مەلامستەفای بارزانی بە سەدان بارزانی و خەڵكی دیكەوە بۆ پاڵپشتی كۆماری مهاباد چووە رۆژهەڵات و لەوێش پێشوازی شایستەی لێكراودواتریش لە داكۆكی لە كۆماردا بەشداری كرد ، وەك چۆن یەكێتی لە كاتی خۆیدا لە ساڵی 1979 شەڕی لە پێناوی ئازادی و داكۆكی لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا كرد، وەك چۆن پێشمەرگە چوونە كۆبانی بۆشەڕی ئازادی ، وەك چۆن پەكەكە لە شەنگال و كەركوك خوێنای بۆ ئازادی و شەڕی داعش خەڵاتكرد ، ئاوا دەبێت سەركردەیەك هەبێت ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوەو بە توركیا بڵێت ئیدی خوێنی كورد ناكرێ بەو جۆرە بڕژێت .

قسە لەسەر نەبوونی سەركردەی بڕیار دەر لەم دۆخەی ئێستادا بۆئەوەیە گیانی كورد بوون هێندەی تر دانەڕزێت ، هەڵبەت من كاتی خۆیشی سەرەڕای تێبینی زۆرم لە سەر ریفراندۆم لە ناوچە دابڕێنراوەكان و مەترسی لە دەستچوونیان كە ئەوەم هەموو بە نوسینو بەرنامە ماوە ، كە كرا بڕواموابوو ئەركی سەركردە ئەوەیە پاشگەز نەبێتەوە ولە سەر بڕیاری دروستكردنی دەوڵەتەكە بەردەوام بێت ، كێشە لە نەبوونی سەركردەی بڕیار دەردا لە بارو دۆخی ئاوادا دەردەكەوێت .

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی